هەشتی مارس ڕۆژی یەکدەنگی و یەکگرتوویی ژنانی جیهانە!
هەشتی مارس ڕۆژی یەکدەنگی ژنانی جیهانە بۆ دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانیان، ئەم ڕۆژە مێژوویەکی پڕسەروەری گرنگی سەرهەڵدانی خەباتی ژنانە. لەو سەردەمەدا خەباتی ژنان بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی و دادپەروەری لەوە دەرچووە تەنیا ئەرکی ژنان و ڕێکخراوەکانی ژنان بێت. پرسی ژنان پرسێکی گشتگیری مرۆڤایەتی جیهانییە کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دەوڵەتانی پێشکەوتوو و دێموکرات جەختی لەسەر دەکەنەوە و وڵاتان پێبەند دەکەن بە زامنکردنی مافەکانی ژنان.
هەرچەندە وا چاوەڕوان دەکرا کە لە سەردەمی بەجیهانیبوون و پێشکەوتنی زانست و تەکنۆلۆژیا و زیرەکی دەستکردەدا، پرسی پێشکەوتنی ژنان زیاتر گەشەی کردبا، بەڵام بەپێچەوانەوە پرسی ژنان بەهۆی جەنگە بێکۆتاکان و جێبەجێنەکردن و پشتگوێخستنی ئەو بڕیار و یاسا نێودەوڵەتییانەی کە بۆ پاراستنی ژنان و منداڵان کە لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە دانی پێدا نراوە و لەلایەن بەشێک لە وڵاتان بە سستی دەڕوات و پشتگوێ دەخرێ. سەرەڕای سەرهەڵدانی بیری توندڕەوی و گەڕانەوە بۆ چاخەکانی کۆیلایەتی کەچی کاریگەریی پێچەوانەی لەسەر پرسی ژن هەیە.
لە هەموو ئەو کێشمەکێش و شەڕ و پێکدادانە جیهانییەدا، کوردستانیش بە هەموو بەشەکانییەوە و بەتایبەت کوردستانی بندەستی ئێران بەدەر نییە لەو کێشمە کێشمانە، ژنان دەکوژرێن توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێ و لەسەر بچووکترین جیاوازیی بیروڕای سیاسی و هەڵبڕینی دەنگی ئازادی، بێکار دەکرێن و تەنانەت لە سێدارەش دەدرێن.
ئەگەر باسێک لە بارودۆخی ژنانی ڕۆژهەڵات بکەین دەبینین کە لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەشن و لەسەر داواکردنی هەر مافێک بە توندترین شێوە سزا دەدرێن، سیاسی بوون و بەڕێکخراوەییبوونی ژنان بڤەیە و یادێک نییە بەناوی ٨ی مارس و ژنان ڕۆژێکی تایبەتیان نییە. لە کاتێکدا کە ژنان یەکەم توێژی ئێران بوون کە ڕووبەڕووی ئەو سیستەمە دیکتاتۆریە بوونەوە و بەتوندترین شێوە سەرکوت کران، ئەگەر چاوێک بەمێژووی کۆماری ئیسلامیدا بخشێنین بەردەوام لە میکانیزمی نوێ گەڕاوە بۆ سەرکوتی زیاتری ژنان جا بە دەستوور و یاساوە بگرە تا دەرکردنی گەڵاڵە و چەسپاندنی نەریتی دژە ژن لە کۆمەڵگاکاندا، بەڵام ژنانی کوردیش بەوپەڕی بوێرییەوە ڕووبەڕووی بوونەوە و هەرگیز سەریان بۆ دانەنەواندووە و گیانی خۆیان کردۆتە قوربانی لەو پێناوەدا، کۆماری ئیسلامی هەموو ئەو ڕێکەوتننامانەیەی پێشێل کردووە کە لەلایەن دەوڵەتانەوە دانراوە لە پێناو پاراستنی مافەکانی ژنان و بەتوندترین شێوە سزایان دەدات و تەنانەت حوکمی لەسێدارەیان بەسەردا دەسەپێنێ، بەبێ گوێدانە هەموو ئەو کەمپەین و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییانەی دێنە سەرخەت لەپێناو جێبەجێنەکردنی سزاکەیان. کەواتە لە ئێرانی ژێردەستی کۆماری ئیسلامیدا بە یاسا سزا دادەڕێژرێ لە دژی ژنان کە پێچەوانەی وڵاتانی پێشکەوتووە کە بە یاسا پشتیوانی لە مافەکانی ژنان دەکەن و سەرپێچیکەرانیان سزا دەدرێن. ژنانی رۆژهەڵات لە دە ساڵی ڕابردوودا بەردەوام لەسەر هەموو پرسەکانی کۆمەڵگا لەسەر خەت بوون و ڕێبەر و ڕێپیشاندەری خەڵکی بوون بۆ خۆپێشاندانەکان دژی رێژیم، لە بزووتنەوەی ژینادا دیسان پیشانیان داوە کە چەندە سوورن لەسەر بەدەستهێنانی مافەکانیان و لەو پێناوەشدا ئامادەی قوربانیدانن.
ئەگەر چاوێک بخشێنین بە کار و تێکۆشانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتدا، دەبینین کە لە هەموو سێکتەرەکانی ژیاندا چەندە ئەکتیڤن و کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵات بەدەستی خۆیان پەروەردە دەکەن و لە پاراستنی زمانی دایکەوە بگرە تا پاراستنی کولتوور و ژینگەی کوردستاندا رێبەر و ڕێپیشاندەرن، ئەگەر باس لە مەراسیمی بێڵندانەی ئەمساڵی هەڵوێی ناوچەی سەردەشت و کۆبوونەوە و جێژنی خاکیپۆشان بکەین دەبینین کە چۆن ژنان وێڕای پیاوان ئاوێزانی سروشتی کوردستان بوون بە هەوری و جامانەوە کە هێمای کوردایەتی و کوردستانیبوونن و چەند ساڵێکە بۆتە هێما و سومبولی نەورۆزی کوردەواری. ئەوەش ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە ژنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هۆشیاریی سیاسی و نەتەوەییان لە لووتکەدایە.
لە ئەنجامی ئەو هەوڵانەشیاندا بێدەسکەوت نەبوون و کۆماری ئیسلامیان لە زۆر بواردا بەچۆکدا هێناوە و بە هیچ یاسا و ڕێسایەک دەرەقەتیان نایەت، بۆنموونە پۆشینی جلوبەرگ؛ هەر بۆیە کۆماری ئیسلامی هەمیشە لە پێگەی ژنانی کورد دەترسێ و بەردەوام هەوڵی سەرکوتکردنیان دەدات.
ژنانی تێکۆشەری کوردستان
ئەگەر دەوڵەتان شانازی بە ژنانی وڵاتی خۆیان دەکەن بەبۆنەی دەستکەوتەکانیان، ئێمەی کورد شانازی بە مێژوو و ڕابردووی خۆمانەوە دەکەین کە جێپەنجەمان لە مێژووی کوردستانەکەمان و خەباتی ڕەوای کورد لە هەر چوارپارچەی کوردستاندا دیارە و هەر لەبەر ئەوەی کوردستان دەوڵەت نییە تا ئێستاش ڕۆژێکی تایبەت بەژنی کورد نییە تا یاد لە خەبات و
خۆڕاگریان بکرێتەوە، دەنا خەباتی ئەوان هیچی کەمتر نییە لە خەباتی ژنانی جیهان و بگرە زیاتریش بێت.
بۆیە لە ڕۆژی جیهانیی ژناندا بۆ بەرەڕووبونەوەی ئەو ستەم و بێدادییە پێویستە ژنان بەبێ جیاوازی هەوڵەکانیان یەک بخەن و یەکدەنگ بن و بەڕەنگاری ئەو بیروباوەڕانە ببنەوە کە دەیانەوێت ژنان بەرەو دواوە بگەڕێننەوە. یەکگرتویی ژنان دەبێتە ئەو گوشارەی کە گۆڕانکاریی گرنگی کۆمەڵایەتی دروست دەکات و ماف و ئازادییەکانیان پارێزراو بێت.
سەرکەوێت خەباتی ژنان لە هەموو جیهاندا!
بەردەوام و گەشاوە بێت خەباتی ژنانی کورد!