ژنان و پیاوانی ئازادیخواز!
ئەمڕۆ لە ساڵرۆژی تێرۆری یەکێک لە ناوداران و ڕێبەرانی نەتەوەی کورد، دکتۆر سادق شەرەفکەندی و هاورێیانی کۆبووینەوە.
دکتۆر شەرەفکەندی لە ڕێگای خەبات بۆ سەرەبەستی، لەگەڵ باوەریەکی قووڵ بە ئازادی، وەک ڕێبەرێکی بێ وێنە، بۆ دێموکراسی و ژیانێکی سەرەبەخۆ بۆ نەتەوەی کورد ژیا ، خەباتی کرد و لە کۆتایییش دا گیانی خۆی بەخت کرد.
ڕێبەرێکی خاکی و بەئەخلاق و بە پشتبەستن بە ئیرادەیەکی قووڵی سیاسی بوو بە نموونەیێک بۆ نەوەی نوێ و داهاتوو.
کۆماری تێرۆریست پەروەری ئیسلامی ، لە ساڵی ١٩٩٢ ی زایینی لە رێستۆرانی میکۆنۆس، هەر لەم وڵاتەدا ، دکتۆر سادق شەرەفکەندی، فەتاح عەبدولی، هومایون ئەردەلان و نوری دێهکوردیان بە شێوەیەکی دڕەندانە تێرۆر کرد. خەیالێکی خاو بوو کە بە تێرۆری ڕێبەرانی کورد ، خەبات کۆتایی پێدێت.
دکتۆر شەرەفکەندی لە حالێکدا ئەركی سکرتێری حیزبی دێموکراتی وەئەستۆ گرت کە برینی قووڵی تێرۆری دکتۆر قاسملوو هێشتا سارێژ نەببوو. بەڵام مەشخەڵی خەبات سەر لە نوێ بە دەستی دکتور سادق شەرەفکەندی و هاورێیانی هەڵکرا و دەست بەدەست هەتا ئەمڕۆ هاتووە.
دۆسیەی میکۆنۆس نە تەنیا جینایەتێک دژ بە نەتەوەی کوردە ، بەڵکوو ڕووی ڕاستەقینەی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران و پەیوەندی بەرژەوەندی خوازانەی ئوروپای لەگەڵ ئێرانیش ئاشکرا کرد.
ئەمڕۆ ئێمە ژنانی شۆرشگێر چیدی شین ناگێرین، بەڵکوو بەهێزتر و بە ئیرادەتر لە هەموو کات لە درێژەدانی ئاڕمانە پیرۆزەکانی رێگای خەباتی شەرەفکەندی بەردەوام دەبین و یادی شەهیدانمان ڕێگای خەبات ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ڕوونتر دەکات.
یادیان بەرز و ڕێگایان پڕڕیبوار بێت
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
کۆمیتەی ئەڵمان




