٢٢ی پووشپەڕ بۆ ئێمە تەنها ساڵرۆژی تاوانێکی تیرۆریستی نییە؛ ئەمڕۆ نوێکردنەوەی پەیمانە لەگەڵ ڕێبازێک کە لەسەر بنەمای ئازادی، دێموکراسی، یەکسانی و کرامەتی مرۆڤ بنیات نراوە. سێ و حەوت ساڵ لەمەوبەر، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تیرۆرکردنی د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، و هاوڕێیانی لە ڤییەن، پێی وابوو دەتوانێت هزرێک بکاتە قوربانیی گوللە؛ بەڵام ئەوەی مایەوە، ڕێبازێک بوو کە ئەمڕۆ زیندووتر لە هەر کاتێکی تر لە خەباتی گەلەکەماندا بەردەوامە.
د. قاسملوو تەنها ڕێبەرێکی نەتەوەیی نەبوو؛ ڕێبەرێکی پێشکەوتنخواز بوو کە لە کاتێکدا زۆرێک لە هێزە سیاسییەکان هێشتا ژنیان لە پەراوێزی ژیانی سیاسی دەبینی، ئەو بە ڕوونی باوەڕی بە بەشداریی یەکسانی ژنان لە خەبات، ڕێکخستن و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە هەبوو. لە تێڕوانینی ئەودا، ئازادیی ژنان بەشێکی جیاواز لە خەباتی نەتەوەیی نەبوو، بەڵکوو مەرجێکی سەرەکی بۆ سەرکەوتنی دێموکراسی بوو.
ئەو هزرە هەر ئەوەیە کە یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەسەر بناغەی ئەو خەبات و باوەڕە بەردەوامە.
ئەمڕۆ، کاتێک کۆماری ئیسلامی بە سەرکوتی ژنان، ئێعدام، زیندان، پۆشاکی زۆرەملێ و…. هێرش بۆ سەر هەموو دەنگێکی ئازاد، هەوڵی مانەوەی خۆی دەدات، ژنانی کوردستان لە هەموو مەیدانەکانی خەباتدا لە پێشەوەن. لە زیندانەکان، لە ناو چاڵاکیی مەدەنی، لە ڕێکخراوە سیاسییەکان و لە ڕیزەکانی پێشمەرگایەتیدا، ژنان سەلماندوویانە کە ئازادیی کۆمەڵگە بەبێ ئازادیی ژنان بەدی نایەت. ئەم بەرخودانە، بەردەوامیی هەمان ڕێبازەیە کە د. قاسملوو بانگەوازی دەکرد.
لە ٣٧ ساڵەی تیرۆری ڕێبەری شەهیدمان، بە ڕێز و شانازییەوە یادی د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، کاک عەبدوللا قادری ئازەر، کاک فازڵ ڕەسوول و هەموو شەهیدانی ڕێگای ئازادی دەکەینەوە. پەیمان نوێ دەکەینەوە کە دەنگی ژنانی خەباتکار بین و لەسەر ئەو ڕێبازە بەردەوام بین کە ئازادیی کوردستان، دێموکراسی و یەکسانیی بە یەکەوە دەمانگەینێتە ئامانجمان.
چرای هزری قاسملوو بە تیرۆر خامۆش نەکرا؛ چونکە ئەمڕۆ لە دەنگی ژنانی ئازادیخواز، لە ئیرادەی خەباتی هەموو ئەوانەی بۆ دێموکراسی و مافی مرۆڤ دەوەستن، هێشتا دەدرەوشێتەوە.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٢١ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ی کوردی


