پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبوۆنەی تاڵیادی ۱۷ی خەرمانان، شەهید بوونی ۱٦ کادر و پێشمەرگە و ڕێبەری و دوو سکرتێری ڕکخراوەکەمان

ژنان و چالاکانی بواری ژنان لە کوردستان!*
خەڵکی مافخوازی کوردستان!
هەشت ساڵ بەر لە ئێستا، لە ڕۆژی ١٧ی خەرمانانی ٢٧١٨ی کوردی، ڕێژیمی تیرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستان بە مووشەک و درۆن، بنکە و بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کردە ئامانج. لە ئەنجامی ئەو دەستدرێژییە تاوانکارانەیە و بەزاندنی سنووری ئاسمانیی هەرێمی کوردستان، بەداخەوە ١٦ کەس لە ئەندامانی سەرکردایەتی و پێشمەرگەکان شەهید بوون و زیاتر لە ٤٠ کەسی دیکەش بریندار بوون، کە بەشێکی دیاریان ژنان و منداڵانی ناو جەرگەی شۆڕش بوون. لە ڕیزی شەهیدانی ئەو کردەوە جینایەتکارانەدا، دوو ژنی سەرکردە و خەباتکار بە ناوەکانی “شەهید نەسرین حەداد” و “شەهید سۆهەیلا قادری” بەرچاو دەکەون، کە لە دوو بڕگەی زەمەنیی جیاوازدا، سکرتێری یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوون. ئەو دوو ئەستێرە درەوشاوەیەی کۆڕی خەباتی کوردایەتی و بزووتنەوەی ژنان، لە کاتی شەهیدبوونیاندا ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دیموکرات بوون؛ شەهید نەسرین حەداد سکرتێری پێشوو و شەهید سۆهەیلا قادری سکرتێری ئەو کاتی ڕێکخراوەکەمان بوون.
هاونیشتمانیانی خۆڕاگر!
ئەمڕۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەموو کاتێک زیاتر تووشی داڕمانی ئابووری، قەیرانی قووڵی ڕەوایی و لێکترازانی بناغەیی بووەتەوە. ئەو ڕێژیمە دیکتاتۆرەی کە ڕۆژگارێک بە سەرکوت، مووشەکباران و تۆقاندن هەوڵی بێدەنگکردنی دەنگە ئازادیخوازەکانی دەدا، ئێستا لە بەرامبەر قەیرانە ناوخۆیی و دەرەکییەکاندا، لە قۆناغی کۆتاییی ڕووخان و هەڵوەشانەوەدایە. لە کەس شاراوە نییە کە بناغەی سیاسەتەکانی ئەم دەسەڵاتە لە چوار دەیەی ڕابردوودا لەسەر بنەمای ستەم، زۆرداری و پشتگوێخستنی مافە ڕەواکانی گەلانی ئێران دامەزراوە، بەڵام لاوازیی ڕۆژبەڕۆژی ئەم سیستەمە نیشان دەدات کە هیچ هێزێک ناتوانێت پێش بە چارەنووسی ڕووخانی بگرێت. بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلی کورد و گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران، پاش هەر تاوان و کارەساتێک، وەک چۆن لە مانگرتنی سەرتاسەریی ٢١ی خەرمانانی ١٣٩٧دا سەلماندیان، زیاتر لە پێشوو پێداگری لەسەر بەدەستهێنانی ئازادی و لەناوبردنی ئەم سیستەمە ستەمکارە دەکەن.
یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای دووپاتکردنەوەی هەڵوێستە نەگۆڕەکانی، جارێکی دیکە یادی ئەو دوو سکرتێرە شەهیدەی ڕێکخراوەکەمان، سەرجەم شەهیدانی ١٧ی خەرمانان و گشت ئەو تێکۆشەرانەی کە لە پێناو ئامانجەکانی بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی گەلی کورد گیانیان بەخت کردووە، بەرز ڕادەگرێت. ئێمە بەڵێن دەدەین تا سەرکەوتنی یەکجارەکی و ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، زیاتر لە جاران بۆ وەدیهێنانی ئاواتە بەرزەکانیان تێ بکۆشین.
*یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران*
١٧ی خەرمانانی ٢٧٢٦ی کوردی









