پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی ٢٦ی خەرمانان، تاڵیادی تیرۆری دوکتۆر سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی

٣٤ ساڵ لەمەوبەر و لە ٢٦ی خەرمانانی ١٣٧١ی هەتاویدا، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە درێژەی سیاسەتی تیرۆری دەوڵەتیدا و لە دڵی ئەورووپادا، تاوانێکی دژەمرۆیی دیکەی خولقاند. لە پیلانێکی تیرۆریستیی قێزەوندا لە شاری بێرلین، دوکتۆر سادق شەرەفکەندی (دوکتۆر سەعید)، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە هاوڕێیەتیی سێ کەس لە تێکۆشەران بە ناوەکانی: فەتاح عەبدولی (ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی)، هومایوون ئەردەڵان (نوێنەری حیزب لە ئاڵمان) و نووری دێهکوردی (خەباتکاری ناسراوی ئێرانی)، تیرۆر کران و تێکەڵ بە کاروانی نەمران بوون.
ئەم تاوانە لە کاتێکدا ڕووی دا کە دوکتۆر شەرەفکەندی پاش بەشداری لە کۆنگرەی «ئینترناسیۆناڵی سۆسیالیست»، بۆ وتووێژ و داڕشتنی پلاتفۆرمێکی هاوبەشی هاوکاری لەگەڵ نوێنەرانی ئۆپۆزیسیۆن کۆ ببووەوە.
ئێمە وەک یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە تاڵیادی شەهیدکرانی ئەم ڕێبەرە مەزنەی گەلەکەماندا، ئەو کردەوە دڕندەییە بە توندترین شێوە مەحکووم دەکەین. کۆماری ئیسلامی ویستی بە سڕینەوەی جەستەیی ڕێبەرانمان، ئیرادە و پڕۆژەی دێموکراسیخوازیی بزووتنەوەی کوردستان تێک بشکێنێت؛ بەڵام دادگای بێرلین مۆرکی تیرۆریزمی دەوڵەتیی بۆ هەمیشە بە نێوچەوانی تارانەوە لکاند و سەلماندی کە داپڵۆسین ناتوانێت پێش بە ئیرادەی نەتەوەیەک بگرێت.
لێرەوە دووپاتی دەکەینەوە کە ڕێبازی دوکتۆر شەرەفکەندی —کە باوەڕی قووڵی بە پێگە و ئازادیی ژنان لە کۆمەڵگادا هەبوو— ئەمڕۆ لە جەوهەری خەباتی کچان و ژنانی ئەم نیشتمانەدا زیاتر لە هەر کاتێک دەدرەوشێتەوە. بەشداریی ژنان لە خەباتی سیاسی و مەدەنی و شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» کە لە کوردستانەوە دەستی پێ کرد و جیهانی تەنی، سەلمێنەری ڕاستیی ئەو باوەڕەیە کە ناوبراو بۆ ڕۆڵی ژن لە بزووتنەوەکەماندا هەیبوو.
سڵاو و دروود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی میکۆنووس و سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی کوردستان.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٢٥ی خەرمانانی ٢٧٢٥ کوردی









