ڕۆژی یەکشەممە، بە بۆنەی ٨ی مارس – ٢٠٢٦ ڕۆژی جیهانی ژنان، لە وڵاتی بێلژیک چالاکییەکی تایبەت بە هاوبەشی چوار ڕێکخراو بەڕێوەچوو، کە بریتین لە: ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی – بێلژیک، کۆمەڵەی هێڤی، کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران و فیدراسۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستانی.
بەرنامەکە بە بەخێرهاتنی میوانە بەڕێزەکان دەستی پێکرد، پاشان سرودی نەتەوەیی “ئەی ڕەقیب” خوێندرایەوە و دواتر ئامادەبووان دەقیقەیەک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان.
سەرەتایی کۆڕەکە ، لە لایەن خاتوو ناسک نەسیری، بەرپرسی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی لە بێلژیک بەخێر هاتنی میوانە بەڕێزەکان کرا .
وتاری سەرەکی لە لایەن خاتوو هۆزان مەحمود پێشکەش کرا، کە نوسەر، فیمینیست و توێژەرە لە بواری ژن، هونەر و کولتوور. ئەو یەکێکە لە دامەزرێنەرانی پرۆژەی کلتوور و خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە بواری جێندەر.
وتەبێژی دووهەم خاتوو کارینا ڕەشید دۆڤا بوو، ئەندامی دەستەی ڕێبەری فیدراسۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستان، کە لە وتارەکەیدا باسی لە گرنگی یەکگرتوویی و پشتیوانی لە مافەکانی ژنان کرد.
هەروەها خاتوو سەیران مستەفائی بەرپرسی کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، باسێکی گرنگی لەسەر ژنانی مێژووی کورد پێشکەش کرد و ڕۆڵ و خەباتی ژنان لە مێژووی کوردستان خستە ڕوو.
لە درێژەی بەرنامەکەدا، لەلایەن بەڕێز ئالان عارف دوو پارچە موزیک پێشکەش کرا کە ڕەنگ و ڕووناکییەکی تایبەتی بە کۆڕەکە بەخشی. وەهەروەها لە لایەن خاتو بێریڤان حەمۆ چەند پارچە گۆرانیەک پێش کەش کرا .
لەو چالاکییەدا هەروەها ژمارەیەک میوانی تایبەت بەلجیکی بەشدار بوون، لەوانەش: Ine Tombeur سیاسەتمەداری بەلجیکی و ئەندام پەرلەمان سەر بە پارتی N_VA، وەهەروەها بەڕێز Zeger Debyser پزیشک و مامۆستای زانکۆی KU سیاسەتمەداری پارتی N_VA لەگەڵ خاتوو Veerle Bovyan ئۆستیوپات و ڕاهێنەری Emotioneel Lichaamswerk®️،وە Alfons Robben ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری پارتی N_VA بەشدار بون هەروەها خاتو هەرمن ئەحمەد، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆنفدراسێۆن، بەشداری کۆڕەکەی کرد.
ئەوەی جێگای سەرنج بوو ئەوە بوو کە ژنانی هەر چوار پارچەی کوردستان بەشداری سیمینارەکەیان کردبوو. سیمینارەکە نزیکەی پێنج کاتژمێر خایاند.
پێش کۆتایی بەرنامەکە، خاتو ناسک نەسیری بەرپرسی ناوەندی ڕەوەندی کوردستانی – بێلژیک بە شێوەیەکی فەرمی خەڵات و سپاسنامە پێشکەش کرد بە خاتو Ine Tombeur، خاتو Veerle Bovyan، خاتو هۆزان مەحمود و خاتو سەیران مستەفایی کرد ، بە بۆنەی بەشداریان و پشتیوانیان بۆ ئەم بەرنامە گرنگە.
کۆمیتەتی بێلژیکی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران




