سەرلەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٣ی بەفرانباری ١٤٠٤ی هەتاوی، چوارەمین کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەری هەڵبژێردراوی کۆنگرەی پێنجەمی یەکیەتیی ژنان بە ڕێوەچوو، کە سەرەتای کۆبوونەوەکە بە ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد.
پاشان، خاتوو شنە دروودگەر، سکرتێری ڕێکخراو، باسێکی کورتی لە بارودۆخی کار و چالاکییەکانی ڕێکخراو و هەروەها گرینگی هەڵبژاردنی جێگری سکرتێر پێشکەش کرد. لە پێناوی ئەم بابەتەدا، هەرکام لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری بۆچوون و پێشنیارەکانیان لەسەر هەڵبژاردنی جێگری سکرتێر ڕاگەیاند.
لە بەشی دواییدا، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی بەشداربووی دەستەی بەڕێوەبەری ئەسڵی، خاتوو “شەهێن حوسێنی” بە جێگری سکرتێر هەڵبژێردرا.
بەشی کۆتایی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە داڕشتنەوەی کار و بەرنامەی سێ مانگی داهاتووی ڕێکخراو. لەو پێوەندیدا، خاتوو شنە دروودگەر باسێکی کورتی لەسەر بەرنامەکان پێشکەش کرد و دواتر ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەری بۆچوون و تێبینییەکانیان لەسەر ئەو بابەتانە ڕاگەیاند.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران




