بازدان بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ڕاپۆرتی مانگانەی پێشێلکاری مافەکانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

٨٩
ڕاپۆرتی مانگانەی پێشێلکاری مافەکانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
هەواڵ‹ڕاپۆرتی مانگانەی پێشێلکاری مافەکانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی مانگی خەرمانانی ١٤٠٥

کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە چوارچێوەی چاوەدێریی بەردەوامی بارودۆخی مافەکانی ژنان، ئەو حاڵەتانەی پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و کچانی کورد کە لە مانگی خەرمانانی ١٤٠٥ تۆمار کراون، لەسەر بنەمای ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و سەرچاوە هەواڵییەکان کۆکردووەتەوە.

حاڵەتە تۆمارکراوەکانی ئەم مانگە، جۆرە جیاوازەکانی پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی ژنان لەخۆدەگرێت؛ لە دەستبەسەرکردن و بێبەشکردن لە ئازادی و مافە یاساییەکانەوە، تا جێبەجێکردنی سزا، ژنکوژی، توندوتیژیی خێزانی، خۆکوژی و دۆسیە و تۆمەتە ئەمنییەتییەکان. بەهۆی بارودۆخی ئەمنیی زاڵ بەسەر کوردستان، سنوورداربوونی دەستپێڕاگەیشتن بە زانیاری و گوشار لەسەر بنەماڵەکان، ئەم ئامارانە تەنها ئەو حاڵەتانەن کە تۆمار و بڵاوکراونەتەوە لە خۆ دەگرێ و ئەگەری هەیە ژمارەی ڕاستەقینەی پێشێلکارییەکان زیاتر بێت.

١. دەستبەسەرکردنی ژنان و کچان

لە مانگی خەرماناندا، لانیکەم ٧ ژنی کورد دەستبەسەر کراون:

سیران عەرەبی، بلاگێری کورد و خەڵکی مەهاباد، لەلایەن پۆلیسی فەتاوە دەستبەسەر کرا.

ڕازیە هاشمی، پارێز و خەڵکی ئاودانان، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا.

ناهید کەسنەزانی، ٤٨ ساڵە و خەڵکی گوندی کەسنەزان سەر بە شاری سەقز، دوای گەمارۆدانی تەواوی گوندەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

ئێلهام عەلیزادە، ٣٠ ساڵە و خەڵکی مەهاباد، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

شوعلە ڕۆحی، خەڵکی سنە، هاوکات لەگەڵ هاوژینەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

دونیا وەیسی، ٣٠ ساڵە و خەڵکی دیواندەرە، بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.

بەیان قادری، ٣٨ ساڵە و خەڵکی پەسوێی سەر بە پیرانشار، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرا.

ئامار: ٧ ژنی کورد

٢. جێبەجێکردنی سزا

سزای لێدانی قامچی بەسەر ندا دەدەجانی و ستایش سەرابی جێبەجێ کرا و هەردووکیان بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گوازرانەوە.

ئامار: ٢ ژن سزای قامچی بەسەردا سەپێندراویان جێبەجێ کرا.

٣. ژنکوژی و کوشتنی ژنان

لە مانگی خەرماناندا، لانیکەم ٤ حاڵەتی کوشتنی ژنان و کچان تۆمار کراوە:

ئاتۆسا جەعفەری، ٢٧ ساڵە و خەڵکی سنە، لەلایەن هاوژینی پێشوویەوە بە چەکی سارد کوژرا.

هانا رێکانی ١٦ ساڵە و خەڵکی کرماشان، لەلایەن باوکیەوە بە چەکی گەرم کوژرا.

نیلووفەر موجاور، ٢٧ ساڵە و خەڵکی پیرانشار، لەلایەن پیاوێکەوە ڕفێندرا و بە شێوەیەکی نامرۆڤانە ئەشکەنجە درا و دواتر گیانی لەدەست دا.

سوهەیلا مەحموودی، ٤٥ ساڵە خەڵکی ڕەوانسەر لە پارێزگای کرماشان، لەلایەن براکەیەوە بە چەکی سارد کوژرا.

ئامار: ٤ ژن و کچێک کوژراون.

٤. خۆکوژی

لە مانگی خەرماناندا، لانیکەم ٣ حاڵەتی خۆکوژیی ژنان و کچانی کورد تۆمار کراوە:

سوعدا شنۆیی، ٢٧ ساڵە و دایکی دوو منداڵ و خەڵکی گوندی مەلاعییسا، بەهۆی کێشەی خێزانی و کۆمەڵایەتی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

شوکری باتووتە، ٣٥ ساڵە و خەڵکی پیرانشار، بەهۆی توندوتیژیی خێزانی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

شیما چەمنی، ١١ ساڵە و خەڵکی پیرانشار، بەهۆی کێشەی خێزانی کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ئامار: ٣ ژن و کچێک کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

٥. سزا و تۆمەت

ڕۆیا سامانی و پەری سامانی، دوو خوشکی خەڵکی مەهاباد، بە تۆمەتی «پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم» تۆمەتبار کراون.

ئامار: ٢ ژن تۆمەتبار کراون.

کۆبەندی کۆتایی

ئامارە تۆمارکراوەکانی مانگی خەرمانانی ١٤٠٥ نیشان دەدەن کە ژنان و کچانی کوردستان هەروا لە بوارە جیاوازەکاندا ڕووبەڕووی پێشێلکاریی مافە بنەڕەتییەکانیان دەبنەوە. لەم مانگەدا، لانیکەم ٧ ژن دەستبەسەر کراون، سزای قامچی ٢ ژن جێبەجێ کراوە، ٤ ژن و کچ کوژراون، ٣ ژن و کچ بە خۆکوژی کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە و ٢ ژن لە دۆسیەیەکی ئەمنییەتی و سیاسی تۆمەتبار کراون.

کۆی ئەو حاڵەتە تۆمارکراوە سەرەکییەکان لەم مانگەدا ١٨ حاڵەتە.

ئەم ئامارانە تەنها ئەو حاڵەتانەن کە بڵاوکراونەتەوە و توانراون تۆمار و پشتڕاست بکرێن. بەهۆی بارودۆخی ئەمنی، سنوورداربوونی دەستپێڕاگەیشتن بە زانیاری و گوشار لەسەر بنەماڵەکان، ئەگەری هەیە ژمارەی ڕاستەقینەی پێشێلکارییەکان لەم ئامارە زیاتر بێت.

کۆمیتەی مافی مرۆڤی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران جەخت دەکاتەوە کە بەردەوامیی ئەم پێشێلکارییانە، لە دەستبەسەرکردن و سەپاندنی سزاوە تا ژنکوژی و توندوتیژیی خێزانی، نیشانەی بەردەوامبوونی هەڕەشە بۆسەر مافی ئازادی، مافی ژیان، ئاسایشی تاکەکەسی و مافی دادگاییی دادپەروەرانەی ژنانە.