خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان
لە هێرشە درۆنی و مووشەکەییەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە دوانیوەڕۆی ڕۆژی هەینی، ٢٨ی خاکەلێوە، بۆ سەر بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کە بووە هۆی شەهیدبوونی سێ ڕۆڵەی کوردستان، کە یەکیان کوڕی پێشمەرگە و منداڵی بنەماڵەی حیزبی دێموکراتە بە ناوی “شاهین ئازەربەرزین” و دووی دیکە پێشمەرگە و کچانی تێکۆشەر بوون بە ناوەکانی “سەمیرا ئەڵڵایاری و ندا میری” جارێکی تر ڕووی ڕاستی سیاسەتی سەرکوتکارانە و توندوتیژی سیستەماتیک دژ بە خەباتی ئازادیخوازانەی گەلی کورد ئاشکرا دەکات. ئێمە وەک یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە توندی ئەم هێرشانە محکوم دەکەین و بە پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ و یاسای نێودەوڵەتی و مافی ڕەوای گەلان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان دادەنێین.
شەهیدبوونی تێکۆشەران و پێشمەرگەکان، بە تایبەتی ژنان و کچانێک کە شان بە شانی پیاوان لە ڕیزەکانی خەباتدا بەشداری دەکەن، تەنیا زیانێکی مرۆیی نییە، بەڵکوو نیشانەی بەردەوامی خەباتێکە کە لەسەر بنەمای یەکسانی، ئازادی و کرامەتی مرۆڤی دامەزراوە. ژنانی کوردستان نەک تەنها قوربانی سیاسەتە سەرکوتکارەکان نەبوون، بەڵکو هەمیشە وەک هێزێکی پێشەنگ لە ڕێگای بەدەستهێنانی دادپەروەری، دێموکراسی و یەکسانی ڕۆڵی سەرەکییان گێڕاوە.
یەکیەتیی ژنان دێموکراتی کوردستانی ئێران جەخت دەکاتەوە کە ئامادەبوونی ژنان لە خەباتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا، بەشێکی جیا نەکراوە لە بەرنامەی دێموکراتیزەکردنی کۆمەڵگە.
خەبات بۆ یەکسانی ڕەگەزی، لە هەمان کاتدا خەباتێکە بۆ کۆتاییهێنان بە ستەم، جیاکاری و نکۆڵیکردن لە ناسنامە نەتەوەیی و کەلتوورییەکان. بۆیە شەهیدبوونی تێکۆشەرانمان، هەوڵێکی بێسوودە بۆ لاوازکردنی ئیرادەی گەلی کورد لە ڕێگای بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانیان.
ئێمە وەک یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەخۆشی و هاوخەمی تەواو، هاوسۆزی خۆمان بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی ئەم دواییەی هێرشەکانی ڕێژیم ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات و هەموو هێزە ئازادیخوازەکان دەربڕین و جەخت دەکەینەوە کە ئەم جۆرە کردارە توندوتیژانە نەک تەنیا کاریگەرییەک لەسەر ئیرادەی ئێمە نابێت، بەڵکو ویستی ئێمە بۆ بەردەوامبوون لە ڕێگای خەبات بۆ دێموکراسی، یەکسانی و دادپەروەری پتەوتر دەکات.
یەکیەتیی ژنان دێموکراتی کوردستانی ئێران
٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٥ی هەتاوی
١٧ی ئاپریلی ٢٠٢٦ی زایینی




