بازدان بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ڕاگەیەندراوی پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان -ژیناسەبارەت بە هەڵکشانی دیاردەی ژنکوژی و توندوتیژی دژی ژنان لە کوردستان و ئێران

٣١
ڕاگەیەندراوی پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان -ژیناسەبارەت بە هەڵکشانی دیاردەی ژنکوژی و توندوتیژی دژی ژنان لە کوردستان و ئێران
هەواڵ‹ڕاگەیەندراوی پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان -ژیناسەبارەت بە هەڵکشانی دیاردەی ژنکوژی و توندوتیژی دژی ژنان لە کوردستان و ئێران

پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان -ژینا بە نیگەرانییەکی قووڵەوە لە بەردەوامی و پەرەسەندنی دیاردەی توندوتیژی و ژنکوژی لە کوردستان و ئێران دەڕوانێت؛ ڕووداوێکی مەترسیدار کە تەنیا بە کوشتنی ژنێک کۆتایی نایەت، بەڵکوو نیشانەی سیستەمێکی قووڵی پیاوسالارییە؛ سیستەمێک کە لە ڕێگەی کۆنترۆڵ، هەڕەشە، توندوتیژی، بێدەنگکردن و سەپاندنی هەستی موڵکایەتی بەسەر ژناندا خۆی دەردەخات.

ژنکوژی ڕووداوێکی تاکەکەسی و لەناکاو نییە. زۆر جار کوشتن کۆتایی زنجیرەیەک لە توندوتیژی و هەڕەشە و کۆنترۆڵە کە پێشتر دەستی پێ کردووە؛ بەڵام بەهۆی بێدەنگیی کۆمەڵگە، لاوازیی دامەزراوەکانی پاراستن و هەندێک جار بەهۆی بە بیانووکردنی کەلتوور، ئەو نیشانانە بە جددی وەرناگیرێن. ئەم ڕاستییە لە چیرۆکی ژیانی ژمارەیەک لە ژن و کچانی کورد و ئێران بە شێوەیەکی دڵتەزێن خۆی دەنوێنێت.

ڕۆمینا ئەشرەفی، کچی ١٤ ساڵەی تالش، یەکێکە لە ناسراوترین نموونەکانی کوشتنی کچ بە ناوی «نامووس»؛ کچەکە لەلایەن باوکییەوە کوژرا، تەنیا لەبەر ئەوەی ژیانی تایبەتی و بژاردەکانی لەگەڵ ویست و کۆنترۆڵی باوکیدا یەک نەدەهاتنەوە.

هانا ڕەکان، کچی ١٦ ساڵەی کرماشان، نموونەیەکی دیکەی ئەو واقیعەیە کە چۆن کۆنترۆڵی خێزانی و پیاوسالاری دەتوانێت بگاتە ئاستی لەناوبردنی ژیانی کچێک. هانا لە کاتی خەودا، لەلایەن باوکییەوە بە دەستڕێژی گوللە کوژرا.

لەتیفە محەمەدزادە، ژنی کوردی خەڵکی سقز، نموونەیەکی دیکەی کۆتاییی دڵتەزێنی زنجیرەی توندوتیژیی خێزانییە. پێش کوژرانی، ڕووبەڕووی هەڕەشە و توندوتیژی بووبوو، بەڵام ئەو هەڕەشانە نەبوونە هۆی ئەوەی سیستەمی پاراستن ژیانی بپارێزێت.

نیلووفەر موجاور،کچێکی گەنجی پیرانشار، نموونەیەکی دیکەی ئەو توندوتیژییە زنجیرەییەیە کە لە ئەشکەنجە و توندوتیژیی جەستەیی و ڕەگەزییەوە دەست پێ دەکات و بە لەدەستدانی ژیان کۆتایی دێت.

ئەم ناوانە تەنیا چوار ناو نین؛ هەر یەکێکیان نیشانەی ژیانێکی لەدەستچوو و پرسیارێکی قورسە بۆ کۆمەڵگە:
چی وای کرد ئەو هەڕەشانە نەبینرێن؟
چی وای کرد توندوتیژیی پێش کوشتنەکە وەک مەترسییەکی جددی وەرنەگیرێت؟
و بۆچی ژن دەبێت باجی هەڵبژاردنی ژیانی خۆی بە گیانی خۆی بدات؟

لە بنەڕەتدا، ئەو کەلتوورەی بە وشەکانی «نامووس»، «شەرەف» و «غیرەت» بیانوو بۆ کۆنترۆڵکردنی ژن دەهێنێتەوە، ژن وەک مرۆڤێکی سەربەخۆ نابینێت؛ بەڵکوو وەک بوونەوەرێک سەیری دەکات کە دەبێت ژیان، پەیوەندییەکان و بڕیارەکانی لەلایەن پیاوەوە دیاری بکرێن.

ئەوەی لە ساڵانی دواییدا لە کوردستان سەرنجڕاکێشە، بەرچاوتربوونی ئەو ژنکوژییانەیە کە بە پاساوی «نامووس» و «غیرەت» ڕوودەدەن و بەردەوام لە میدیا و ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤدا دەخرێنە ڕوو. ئەمە نیشانەی ئەوە نییە توندوتیژیی دژی ژنان لە ڕابردوودا نەبووە؛ بەڵکوو دەریدەخات ئەم شێوازەی ژنکوژی لە کۆمەڵگەدا زیاتر دەردەکەوێت، ناوی لێ نراوە و دەنگی قوربانییەکان زیاتر دەگاتە کۆمەڵگە.

بۆیە نابێت «نامووس» و «غیرەت» وەک بەشێک لە کەلتووری نەگۆڕی کوردستان پیشان بدرێن؛ بەڵکوو دەبێت بزانین چۆن لە ساڵانی دواییدا، ئەم وشانە لە هەندێک بارودۆخدا کراونەتە ئامرازێک بۆ پاساودانی کۆنترۆڵ و کوشتنی ژنان. کاتێک ئەم بیرکردنەوەیە لەگەڵ بێدەنگی، بێسزایی و لاوازیی سیستەمی پاراستن تێکەڵ دەبێت، زەمینەی گونجاو بۆ بەردەوامبوونی توندوتیژی و ژنکوژی دروست دەبێت.

پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان -ژینا بە ڕوونی جەخت لەوە دەکاتەوە:
هیچ نامووسێک نییە کە نرخەکەی خوێنی ژن بێت.
هیچ شەرەفێک نییە کە بە کوشتنی ژن بپارێزرێت.
و هیچ غیرەتێک نییە کە مافی ژن بۆ ژیان و ئازادی پێشێل بکات.
ژیان، ئازادی و کەرامەتی ژنان مافێکی بنەڕەتییە و بە هیچ بیانوویەک نابێت لێیان بێبەش بکرێن.

پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان -ژینا خوازیاریی ئەمانەیە:
١. داننان بە ژنکوژی وەک کێشەیەکی کۆمەڵایەتی و مافی مرۆیی، نەک تەنیا «کێشەیەکی خێزانی».
٢. دروستکردنی ڕێکار و میکانیزمی کاریگەر بۆ پاراستنی ژنان لە هەڕەشە، پێش ئەوەی توندوتیژی بگاتە قۆناغی کوشتن.
٣. سزادانی تاوانباران بەبێ هیچ پاساوێکی کەلتووری، کۆمەڵایەتی یان خێزانی بۆ تاوانەکە.
٤. ڕەتکردنەوەی هەر شێوازێک لە بە پاساوکردنی کوشتنی ژنان بە ناوی «نامووس»، «شەرەف» یان «غیرەت».
٥. پەرەپێدانی پەروەردەیەکی کۆمەڵایەتی کە بنەماکەی یەکسانی، ئازادی و سەربەخۆیی ژن بێت.
٦. بەهێزکردنی دەنگی ژنان و ڕێکخراوەکانی مافی ژنان بۆ چاودێری و ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی.
٧. بەرپرسیارکردنی میدیا لە چۆنێتیی ڕاپۆرتکردنی کەیسەکانی ژنکوژی؛ بەجۆرێک قوربانی تاوانبار نەکرێت، بژاردەکانی ژن نەبنە پاساوی تاوان، و تاوانبار بە هیچ شێوەیەک پاساو نەدرێت.
ئێمە لە پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان -ژینا پێمان وایە ڕێگریکردن لە ژنکوژی تەنیا بە سزادانی تاوانبار دوای ڕوودانی تاوان ناکرێت. پێویستە لە ڕەگ و ڕیشەی کێشەکەوە دەست پێ بکەین؛ لەو بیرکردنەوەیەی ژن بە موڵکی پیاو دەزانێت، لەو کەلتوورەی کۆنترۆڵکردنی ژن بە «غیرەت» ناودەبات، لەو سیستەمەی هەڕەشەکان بە جددی وەرناگرێت، و لەو بێدەنگییەی ڕێگا بۆ دووبارەبوونەوەی تاوانەکان خۆش دەکات.

ڕۆمینا نابێت تەنیا ناوێک بێت لە بیرەوەرییەکانمان، هانا نابێت تەنیا ژمارەیەک بێت، لەتیفە نابێت تەنیا کەیسێکی تاوان بێت و نیلووفەر نابێت تەنیا هەواڵێکی تێپەڕبوو بێت. ئەوان و هەموو ئەو ژنانەی بەهۆی توندوتیژیی پیاوسالارییەوە ژیانیان لێ زەوت کراوە، بەڵگەی ئەوەن کە بێدەنگی و بێدەربەستی، خۆی بەشێکە لە کێشەکە.

بێدەنگی لەبەرامبەر ژنکوژی، بێدەنگییە لەبەرامبەر توندوتیژی.
داکۆشیکردن لە مافی ژنان، بەرگرییە لە مافی ژیان و ئازادی.
پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان -ژینا بەردەوام دەبێت لە بەرزکردنەوەی دەنگی ژنان، ئاشکراکردنی ڕەهەندەکانی پیاوسالاری و ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو شێوازەکانی توندوتیژی دژی ژنان.

پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان -ژینا