((ڕاگەیەندراوی پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان_ژینا بە بۆنەی چوارەمین ساڵیادی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی))

ژینا؛ ناوی شۆڕشێک کە هێشتا بەردەوامە
«ژن، ژیان، ئازادی»
ژنانی ئازا و تێکۆشەر،
چوار ساڵ بەسەر شەهیدکرانی ژینا ئەمینی تێدەپەڕێت؛ چوار ساڵ لەو ڕۆژەی کە کچێکی کورد لە سەقز بوو بە دەستپێکی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی کە سنوورەکانی ئێرانی تێپەڕاند و دەنگی ئازادیخوازیی گەیاندە جیهان.
«ژن، ژیان، ئازادی» تەنیا دروشمی ناڕەزایەتی نەبوو، بەڵکوو دەنگی راپەڕینێک بوو دژی سیستەمێک کە ساڵانێکە بە سەرکوت، جیاوازی، سێدارە،کپ کردنی دەنگەکان، زیندان و پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ، بە تایبەتمەندی ژنان، دەسەڵاتی خۆی بەسەر کۆمەڵگەدا سەپاندووە.
ڕاپەرینی ژن،ژیان،ئازادیی لە شەقامەکانی کوردستانەوە سەری هەڵدا و لە ماوەیەکی کورتدا توانی هاوپەیوەندییەکی بێوێنە لەنێوان ژنان، خوێندکاران، کرێکاران، نەتەوەکان و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە درووست بکات؛ هەموو ئەوانەی کە خوازیاری ژیانێکی ئازاد، دادپەروەر و بەکەرامەت بوون.
ئەمڕۆ، لە چوارەمین ساڵیادی شەهیدکرانی ژینا، ئێران بە قۆناغێکی هەستیار و قورسدا تێدەپەڕێت. قەیرانی ئابووری، گرانی و ناڕوونییە سیاسییەکان، ژیانی خەڵکی زیاتر لە هر کاتێک دژوارتر کردووە. لە هەمان کاتدا، دەسەڵات هێشتا بەردەوامە لە سەرکوتی دەنگە ناڕازییەکان و زیادکردنی فشار لەسەر ژنان، چالاکوانان و هەموو ئەوانەی کە داوای گۆڕان دەکەن.
بزووتنەوەی ژینا تەنیا ناڕەزایەتییەک لە دژی حیجابی زۆرەملێ و پۆشاکی زۆرەملێ نەبوو؛ بەڵکوو هەوڵێکی گەورە بوو بۆ هەڵتەکاندنی بناغەکانی سیستەمێک کە هەناسەی ئازادیی لە هیچ توێژێکی کۆمەڵگە نەهێشتووەتەوە. ئەم بزووتنەوەیە دەرخەری هۆشیاریی قوڵی ژنان بوو و بووە خاڵێكى وەرچەرخان لە مێژووی خەباتی ژنانی کورد و گەلانی ئێران بە گشتی.
لە گرینگترین تایبەتمەندییەکانی ئەم سەرهەڵدانە ئەوە بوو کە ژنی کورد بوو بە داینەمۆی راپەڕینێکی بەرفراوان و هەڵگری دروشمێک کە واتای ئازادی، یەکسانی و ژیان لە خۆدا کۆکردبووەوە؛ دروشمێک کە ژنانی سەرانسەری ئێرانیش خۆیان تێدا بینییەوە و کردیان بە هێمای خەباتی هاوبەشیان.
پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان_ژینا، لەم ڕۆژەدا سەری ڕێز دادەنێت بۆ یادی ژینا ئەمینی و هەموو ئەو شەهیدانەی کە لە پێناوی ئازادی و کرامەتی مرۆڤدا گیانیان بەخت کردووە.
لەم چوارچێوەیەدا، وەک پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان_ژینا، وێڕای پشتگیریی تەواو لە بڕیار و بانگەوازی هاوپەیمانیی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، داوا لە جەماوەری وشیار و ئازادیخوازی کوردستان، بەتایبەتی ژنان و گەنجانی پێشەنگ دەکەین کە ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان، بە بەشداریی چالاکانە لە مانگرتنی گشتیدا و بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان و ڕاگرتنی چالاکییە ڕۆژانەییەکان، یادی شەهیدان بەرز ڕابگرن و ئیرادەی بەرزی خۆیان بۆ بەردەوامیی شۆڕش نیشانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕژێمی داگیرکەر بدەن.
هەروەها بانگەواز لە کۆمەڵگەی مەدەنی، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و سەرجەم ژنانی ئازادیخواز دەکەین کە:
بەردەوام بن لە تێکۆشان و بەهێزکردنی یەکگرتوویی لە دژی هەموو شێوازەکانی سەرکوت و ستەم.
فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ڕژێم زیاد بكرێن و کردەوە سەرکوتکارانەکان، لەسێدارەدانەکان و دەستبەسەرکردنی ناڕەوای چالاکوانان بە توندی شەرمەزار بكرێن.
پشتگیری لە خواستە ڕەواکانی ژنانی کوردستان و گەلانی ژێردەستی ئێران بكرێت بۆ دەستەبەرکردنی مافە بنەڕەتییەکان و ئازادییە ڕاستەقینەکان.
ئێمە دووبارە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە:
شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» کۆتایی پێ نەهاتووە. ئەم ڕاپەڕینە لە هۆشیاریی ژنان، لە ویستی ئازادی، لە خەونی دادپەروەری و لە خواستی گۆڕانی کۆمەڵگەدا هێشتا زیندووە و تا گەیشتن بە مافە ڕەواکان و هەڵتەکاندنی سیستەمی زۆرداری و داگیرکاری بەردەوامە.
پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان_ژین









