– مەحکوومکردنی کوشتن و توندوتیژی دژی ژنان لە ژێر ناوی “نامووس” و “شەرەف”.
– داوا لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەین بۆ هۆشیارییەوە ڕووبەڕووی ئەو تاوانانە ببینەوە.
لە ڕۆژ و مانگەکانی ڕابردوودا جارێکیتر شاهیدی زیادبوونی کوشتنی ژنان لە کوردستان و ئێران بە بیانووی شەرەف و نامووس و زاڵبوونی نەریتە کۆنەکانی پیاوسالاری و کۆنەپەرەستی بووین.
ڕۆژانە گوێبیستی هەواڵی کوشتنی ژنان و کچانی کۆمەڵگەکەمان دەبین کە بوونەتە قوربانیی داب و نەریتی دواکەوتوو و ڕوانینی کۆنەپەرەستانە کە تیاندا ژن وەک کۆیلە و موڵکی پیاو سەیر دەکرێ. هاوکات لەگەڵ کارەساتی کوشتنی ژنان و کچان، رێژەی دەستدرێژی و توندوتیژی ڕەگەزی و ئازاردانیان لە هەڵکشان دایە و ماهییەت و یاسا کۆنەپەرەستەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم دۆخەیە.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ویڕای مەحکوومکردن و دەربڕینی بێزاریی قووڵی خۆی لە هەر جۆرە توندوتیژییەکی جێندەری لە ژێری ناوی “نامووس” و “شەرەف”، جەخت لەوە دەکاتەوە کە کوشتنی ژنان لەژێر هیچ کلتوور و نەریت و باوەڕێکدا پاساوهەڵگر نیە.
بەشێک لە بنەما و هۆکاری تاوانی کوشتنی ژنان لە کۆمەڵگەی ئێران و کوردستاندا لە نیزامی ئیدئۆلۆژی و یاسا دواکەوتوانە و پیاوسالارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دایە.؛ سیستەمێک کە بە یاسا هەڵاواردنکارانە و جیاکارییەکانییەوە ژن بە کۆیلە و موڵکی ئەوی دیکە دەزانێ و پەرە بە دیاردەی قیزەونی “ژنکوژی” دەدات.
لە دنیای مودێرنی ئەمڕۆدا کوشتنی ژنان بە هەر بیانوو و هۆکارێک تەنیا کارێکی نامرۆڤانە و مەحکوومە، بەڵکوو بۆ کۆمەڵگەی ئینسانیی ویەک لەوان کۆمەلگەی کوردستان کە پێشنەیەکی جوانی لە تەعبیری “ژن بە ژیان” و خاوەنی بزووتنەوەیەکی مودێرنی وەک “ژن.ژیان.ئازادی”یە پەڵەیەکی پڕ لە شوورەییە.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران داوا لە ڕۆشنبیران، هونەرمەندان، نووسەران، ڕۆژنامەنووسان، مامۆستایان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان، کەسایەتییە فەرهەنگییەکان و گشت کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکات کە لە بەرامبەر ئەو تاوانانەدا بێدەنگ و بێ هەڵوێست نەبن و ڕیگە نەدەن دیاردەی دزێوی ژنکوژی روخساری کۆمەڵگەکەمان خەوشدار بکات.
هەروەها داوا لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەین کە بە یەکگرتوویی و یەکڕیزی و خەباتێکی هۆشیارانە هەوڵ بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان و مرۆڤدۆستانە بدەن؛ کۆمەڵگەیەک کە چیدیکە هیچ ژنێک تێیدا لە ژێری بەناوی “شەرەف” و “نامووسەوە” نەکوژرێت.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەستەی بەڕێوەبەری
٦ی خەزەڵوەری ١٤٠٤




