بازدان بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ڕاگەیەندراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ پیلانێکی دیکەی ڕێژیم

١٩٠
ڕاگەیەندراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ پیلانێکی دیکەی ڕێژیم
سیاسی‹ڕاگەیەندراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پێوەندی لەگەڵ پیلانێکی دیکەی ڕێژیم

ژنانی ماف ویستی کوردستان!

کچان و لاوانی دەروەستی رۆژهەڵات!

جارێکی دیکە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ مانەوەی خۆی پەلەقاژەیەتی و ئەم جارە پیلانگێڕییەکەی ڕوو لە کورد و ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.

کۆماری ئیسلامی دوای شۆڕشی ژن ژیان ئازادی دڵنیا بۆتەوە کە ئەمجارە دەبێ بەربەرەکانێ لەگەڵ ژنان و کچانی ئازادیخوازی کوردستان بکات کە مەیدانداری سەرەکیی شۆڕشێکی نۆێ و سەردەمیانەن کە نەتەنیا سنوورەکانی کوردستان و ئێرانی بڕی، بگرە سنوورەکانی جیهانی تەنێ و دەری خست کە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی زۆر بەناوەرۆکتر و سەردەمیانەترە لە تەنانەت شۆڕشی گەورەی فەڕانسە (١٧٩٩-١٧٨٩) کە بە دروشمی “ئازادی، یەکسانی، برایەتی” ئالووگۆڕێکی قووڵی لە وڵاتی فەڕانسەدا پێک هێنا و دەسەڵاتی پاشایەتی گۆڕی بۆ کۆمارێکی دێموکراتیک لە فەرانسە و هەر ئەوەش بوو بە بنەمای دێموکراتیزە بوونی تەواوی وڵاتانی ڕۆژئاوایی.

دایکانی نیشتیمان!

خەڵکی بە هەڵوێستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!

کۆماری ئیسلامی لەم چەند ساڵانەی دواییدا و لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە و بە هاوکاری بەکرێگیراوە نێوخۆییەکان، بەردەوام هەوڵی ناوزڕاندن و شکاندنی کەسایەتییە دیار و ئازادیخوازەکانی نێو حیزبەکانی  ڕۆژهەڵاتی کوردستانی داوە. بەڵام لەو پێوەندییەدا سەرکەوتوو نەبووە. چوونکە لەلایەک ئیرادەی شۆڕشگێڕانە و ڕابردووی پڕ لە خوێن و فیداکاری حیزبەکان ڕێگر بوون لە سەرگرتنی پیلانەکانی ڕێژیم، و لەلایەکی دیکەشەوە پاڵپشتی و خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەبانبەر بە حیزبەکانییان ئەوەندە بەهێز بووە کە پیلانەکانی ڕێژیم و بەکرێگیراوەکانی کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نەبووە.

ئەم جارەش و لە نوێترین هەوڵی خۆیدا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەیهەوی بە شێوەیەکی ڕێکخراو و بە هاوکاری بەکرێگیراوەکانی خۆی و لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پێیج و ئەکاونتی ساختەوە، لەو ژنان و بنەماڵانە بدات کە لە کۆمەڵگادا دیارن و بەرچاون. چون ئەوە ژنانی کوردن بوون کە پێشەنگایەتی شۆڕشی ژینایان کرد و هەروەها لە بۆنە نەتەوەییەکانی گەلی کورد لەو ساڵانەی ڕابردوو ڕۆڵی سەرەکییان گێڕا.

ئەو پیلانەی ڕێژیم لە زۆر شار و ناوچەی کوردستان هەستی پێ کراوە، بەڵام لە چەند شارێکی وەکوو سەردەشت و پیرانشار بە زەقی خۆی دەرخست و سەلماندی کە ڕێژیم بەتەمایە ئەمجارە بە دوور لە هەموو بنەما ئەخلاقی و مرۆڤییەکان و بە شکاندنی شکۆی ژن و بنەماڵە لە ڕۆژهەڵات، بەستێنێکی گونجاو بۆ چاندنی تۆی دووبەرەکی لە کوردستان ساز بکات. چوونکە یەکگرتوویی کورد لە شۆڕشی ژینا و تەنانەت نەورۆزی ئەمساڵ، بوو بە مۆتەکەی ڕێژیم و ئەو یەکگرتووییەش وای کردووە کە ڕێژیم لە دژکردەوە نیشاندا دەستەوەستان و دۆشداماو بێت.

ژنانی پێشەنگی شۆڕش و خەبات!

هەر وەک لە رابردووشدا کراوە، بۆ ئەوەی بتوانین پیلانەکانی ڕێژیم بەرانبەر بە کۆمەڵگە و تاکی کورد پووچەڵ بکەینەوە و شکۆ و سەقافەتی کورد و کوردستان وەک خۆی بپارێزین، ئەرکی سەر شانی هەموومانە کەدەستی یەکتر بەرنەدەین و ڕێگە نەدەین ڕێژیم درز بخاتە نێوانمان بە تایبەتی ژنان و پیاوان کە هەمووکات جیاوازتر لە کۆمەڵگەکانی دیکە خەباتیان کردووە و پێکەوە هەڵوێستی دوژمن بەزێنیان نواندووە. چوونکە هۆکاری ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی و تەنانەت ڕێژێمی پاشایەتیش نەیتوانی گەلی کورد دەستەمۆ بکات، یەکڕیزی و یەکگرتوویی نەتەوەکەمان بووە لە قۆناغە ئەستەمەکاندا.

ئەمجارەش و لەم قۆناغەشدا هەموومان بەیەکەوە ڕێگە نادەین بوختان و ناوزڕاندنەکانی ڕژیم جێ بگرن و شکۆی دایکان و ژنان و کچانی نیشتمانمان دەپارێزین و بە پاراستنی یەکڕیزی کوردستان، ئەو پیلانەش دەکەین بە دەرفەت و ئەوەندەی دیکە دەهۆڵی ریسوایی ڕێژیم لە کوردستان، دەکوتین.

سەرکەوێ خەباتی ژنانی نەترسی رۆژهەڵات

یەکیەتی ژنانی دیموکراتی کوردستانی

١/٢/٢٧٢٤

٢٠/٤/٢٠٢٤