نەسرین یوسفزادە
زیاتر لە چل ساڵە کۆماری ئیسلامی ڕۆژی ١٢ی بانەمەڕی کە ڕۆژی کوژرانی ئایەتوڵڵا موتەهەرییە، بە ڕۆژی مامۆستا داناوە و بە داخەوە لە هەموو ئێران و لە کوردستانیش جێ کەوتووە و ئەو ڕۆژە مامۆستایان لە قوتابیان گوڵ و دیاریان وەرگرتووە؛ بەڵام ئێستا ماوەی چەنین ساڵە ئەوە بە شێوازێک کەمڕەنگتر بووەتەوە و تەنانەت زۆر جار ١٩ی بانەمەڕ ڕۆژی لە سێدارەدانی مامۆستا فەرزاد کەمانگەریان بە ڕۆژی مامۆستا داناوە ئەو ڕۆژەیان بۆ ئەوەی دەستخۆشی و ڕێزی خۆیان بۆمامۆستاکەیان دەربڕن هەڵبژاردووە و تەقریبەن بە شێوازێک ئەوە لە کوردستان جێکەوتووە و تەنانەت ئەگەر بەکردەوە منداڵەکان و قوتابیان ١٢ی بانەمەڕ گوڵ یان دیاریەک بۆ مامۆستاکەیان بەرن وەک ساڵانی پێشوو ڕەنگی نییە و بە پێچەوانە ڕۆژی ١٩ی بانەمەڕ هەم بە حزووری و هەمیش لە سوشیاڵمیدیادا زۆر پڕڕەنگتر دەردەکەون کە ئەو ڕۆژە بە ناوی ڕۆژی مامۆستا بە کردەوە بووە بە ڕۆژی مامۆستا و حکوومەت بیهەوێ و نەیهەوێ ئەوە چووەتە ناخی کۆمەڵگەوە.
خومەینی بە هۆی ئەوەی باوەری وابوو کە موتەهەری باشترین مامۆستای دیانەت بوو ڕۆژی کوژرانی ئەوی خستە نێو ڕۆژژمێری ئێرانەوە، بەڵام ئایا بۆ دروستکردنی وڵاتێک تەنیا پێویستی بە دیانەت هەیە؟ بە دڵنیایەوە وانییە و پێویستە زۆر بەربڵاوتر لەوە لە زانست و فێر بوون بیر بکەینەوە و بڕوانین. زانست هەم فێربوونە و هەم فێرکردنە هەم ئەرکە و هەم مافە، ئەرکە لەسەر هەموو کەس فێر بێ بەڵام لەسەری ئەرک نییە فێر بکا و ئەوە تەنیا مامۆستایە کە ئەو ئەرکەی لەسەر شانە؛ ئەوێش دەبێ جگە لەوەی بە ئاکادێمی و تێئۆری خەڵک یان باشترە بڵێینن منداڵ فێر بکا دەبێ لە ڕۆنگە خوو و ڕەوشت و ئەخلاقیشەوە ببێتە ڕێنیشاندەریان.
چەند ساڵ پێش ئێستا لە ١٩ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاوی فەرزاد کەمانگەر مامۆستای مەدرەسەیەک لە یەکێک لە دێهاتەکانی کوردستان تەنیا بە هۆی ئەوەی وانەی ژیانی تێکەڵ بە وانەی دەرسی کردبوو و منداڵانی ئەو دێهاتەی فێری وشەی ئازادی و بیرەوەری و بیرکردنەوە وسەربەستی دەکرد بەدەستی ڕەشی چڵکاوخۆرانی کۆماری ئیسلامی و بە ناوی هەمان دیانەت کە موتەهەری باشترین مامۆستای بوو دەسبەسەر و وێڕای چەند کەسی دیکە بە ناوەکانی عەلی حەیدەریان، فەرهاد وەکیلی، شیرین عەلەمهولی و میهدی ئیسلامیان کە ئەوانیش بەشێوەگەلی دیکە ببوونە هۆی لەقاندنی پایەکانی زوڵم و نەزانی ئەو دەوڵەتە دژە زانینە، لە سێدارە دران و چوونە نێو ڕیزی ئەو کەسانەی هەرگیز مێژووی مرۆڤایەتی لە یادیان ناکا.
فەرزاد کەمانگەر مامۆستایەکی نموونە بوو و ئەمڕۆ سەدان و هەزاران مامۆستا لە کوردستان بە بیری مامۆستا فەرزاد کەمانگەر وانە دەڵێنەوە. مامۆستا کەمانگەر منداڵانی فێری ئازادی و سەربەستی دەکرد و پێی دەگوتن بۆ ئەوەی کوردستانێکی ئازاد و سەربەستمان ببێ دەبێ بە باشترین شێوە ژینگەمان بپارێزین. ئێستا ئەوە سەدان ژینگە پارێزمان هەیە کە ئامادە نیین تەنانەت زبڵێک لەسەر زەوی بێ و بە کردەوە سەلماندوویانەو و تەنانەت شەهیدی ژینگەمان هەبووە. مامۆستا کەمانگەر قسەی ئەوە بوو کە هەموو کەسێک پێویستە بتوانێ بە زمانی خۆی بخوێنێ و ئێستا سەدان فێرگەی زمانی دایکی لە کوردستان کراونەتەوە و بە شێوازی جۆراوجۆر خەریکن بەرهەڵستی ویستی ڕێژیم کە دەیهەویست هەموو ئێران تەنیا بە زمانی فارسی بخوێنن و بنووسن بوونەوە و لەو پێناوە دا زارا موحەممەدی و سەیوان ئیبراهیمی و سۆما پوورمحەممەدی هەر ئێستا بە تۆمەتی وانە وتنەوەی زمانی کوردی لە چاڵە ڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیدان و سزای قورسیان بەسەردا سەپاوە.
کۆماری ئیسلامی دەیان ساڵە دەیهەوێ بەسەر خەڵکدا بسەپێنێ کە ئەوەی ئەو دەیهەوێ خەڵک دەبێ بیکەن بەڵام هەر خۆی دەبیتە هۆکاری ئەوەی خەڵک ڕقئەستوورتر بن لێی و هەرگیز بە گوێی نەکەن، لە سێدارەدانی کەسانی زانا و زیندانیکردنیان تەنیا ڕق و کینەی خەڵک بە نیسبەت خۆی زیاد دەکا و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر هەوڵ بۆ ڕووخاندنی دەرێ و هەتا ئەو بیهەوێ بەو شێوازە ڕفتار بکا ئەوە زیاتر پایەکانی زوڵم و بێدادی خۆی وە لەقە دەخا.
ئێستا خەڵک لە مامۆستا فەرزاد کەمانگەر و هەموو ئەو مامۆستایانەی کە بە دەستی ڕەشی نەزانی یان شەهید کراون و یان ئێستا لە چاڵە ڕەشەکان دان، ئەلف و بێی ژیان بە شێوازی ئەوان فێر بوون و ئا بە وێنەی ئازادی و بێ بە وێنەی بیرەوەری و بیرکردنەوە و بەختەوەری و سێ بە وێنەی سەربەستی دەبینن و ئاوا درێژە بە پیرۆزترین ڕێبازی شەهیدانی زانست دەدەن.