بروکسێل – خاتوو ڕۆژە عەزیزی، نوێنەری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە میزگەردێکی نێودەوڵەتی بە ناونیشانی «ڕوانینێکی فێمینیستی بۆ گواستنەوەی دێموکراتیک لە ئێران» کە لە پەرلەمانی ئەورووپا لە بروکسێل بەڕێوەچوو، بەشداری کرد و سەرنجی ئامادەبووانی بۆ بارودۆخی مافی مرۆڤ، ژنان و پێکهاتە نەتەوەییەکانی ئێران ڕاکێشا.
ئەم کۆبوونەوەیە کە بە هاوبەشی گرووپی سۆسیالیست و دێموکراتەکان (S&D) و چەندین گرووپی دیکە لە پەرلەمانی ئەورووپا ڕێکخرابوو، ژمارەیەک لە ژنانی چالاکی سیاسی و مەدەنی لە ناوچە جیاوازەکانی ئێرانی کۆ کردبۆوە بۆ گفتوگۆ لەسەر ڕۆڵی ژنان لە داهاتووی دێموکراتیکی ئێران.
ڕۆژە عەزیزی لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە سەرکوتی سیاسی لە ئێران تەنها بە پێشێلکردنی ئازادییە مەدەنییەکان سنووردار نابێت، بەڵکوو دەیان ساڵە سیاسەتی هەڵاواردن و بێبەشکردنی ناوچە و گەلانی جیاواز، بە تایبەتی کوردستان و بەلووچستان، کێشەی قووڵی ئابووری و کۆمەڵایەتی دروست کردووە.
رۆژە عەزیزی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە، ئێرانی ئەمڕۆ ڕووبەڕووی قەیرانێکی قووڵ و فرەچین بۆتەوە؛ قەیرانێک کە شەرعیەتی سیاسی، مافە مەدەنییەکان، پێگەی ئابووری و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی لەخۆدەگرێ. هەڵاواردنی ستراکتۆری لە دژی ژنان، سەرکوتکردنی ئازادییە مەدەنییەکان، بێبەشکردنی نەتەوە و کەمینە هەمەچەشنەکان و نایەکسانی بەردەوامی سیستماتیک، کۆمەڵگای ئێرانی لە بازنەی نادادپەروەری و چەوساندنەوەدا هێشتۆتەوە. بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” کە دوای تیرۆرکردنی ژینا ئەمینی لەلایەن حکومەتەوە سەریهەڵدا، تەنها ناڕەزایەتییەک نەبوو بەرامبەر بە حیجابی ناچاری. ئەو بزووتنەویە بوو بە هێمای خواستی گەلی ئێران بۆ کۆتایی هێنان بە ستەمکاری، هەڵاواردن و ئینکاری کەرامەتی مرۆڤ.
ئەم دروشمە و ئەم دیدە، ڕەگ و ڕیشەی لە ئەزموونی مێژوویی خەباتی ڕزگاریخوازی لە کوردستاندا داکوتاوە، کە ژنان ساڵانێکە نەک هەر بەرەنگاری هەڵاواردن بوونەتەوە، بەڵکوو ڕۆڵیان لە سەرکردایەتی و ڕێکخستنی خەباتی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا هەبووە. ئەم تایبەتمەندییە، درێژکراوەی باوەڕێکی فیکری، مێژوویی و کولتوورییە لە کۆمەڵگەی کوردیدا؛ باوەڕێک کە جەخت لەسەر یەکسانی پێگەی ژن دەکاتەوە و دەرکەوتەکانی، بە ڕوونی لە کوردستانی عێراق و کوردستانی سوریاشدا دەبینرێ. هەر لەبەر ئەم هۆکارە بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” لە کوردستانەوە سەریهەڵدا، بەڵام هەر زوو بوو بە زمانی هاوبەشی ملیۆنان ئێرانی کە داوای ئازادی، یەکسانی و دیموکراسییان دەکرد.
ئەو وتی دیاردەکانی کۆڵبەری و سووتەمەنیبەری، بەرچاوترین نموونەی ئەو بارودۆخەن کە تێیدا هاووڵاتیان ناچار دەبن بۆ دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیان، ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە.
نوێنەری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەروەها جەختی کردەوە کە داهاتووی دێموکراتیکی ئێران تەنها کاتێک بەردەوام و سەقامگیر دەبێت کە لەسەر بنەمای یەکسانی، فرەیی نەتەوەکان و بەشداریی ڕاستەقینەی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و کۆمەڵایەتییەکان بنیات بنرێت.
هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە، ئێران وڵاتێکی فرەنەتەوەیی و فرەکولتوورییە و هیچ سیستەمێکی دیموکراتیک ناتوانێت بەردەوام بێت ئەگەر ئەم ڕاستییە ئینکار بکرێت.
لەم چوارچێوەیەدا، ڕۆژە عەزیزی پشتیوانی خۆی لە شێوازەکانی ناناوەندگەرایی و فیدراڵیزمی دیموکراتیک دەربڕی و بە ڕێگایەک بۆ دابینکردنی مافی یەکسان، بەشداریی دادپەروەرانە و ڕێگرتن لە دووبارەبوونەوەی دیکتاتۆری ناساند.
لە کۆتایی وتارەکەیدا، ڕۆژە عەزیزی داوای لە یەکیەتیی ئەورووپا و ئەندامانی پەرلەمانی ئەورووپا کرد کە مافی مرۆڤ، مافی ژنان و مافی کەمینە نەتەوەییەکان و ئایینییەکان بکەنە ناوەندی هەموو پەیوەندی و مامەڵەکانیان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی.
ئەو هەروەها داوای بەکارهێنانی هەموو ئامرازە سیاسی و دیپلۆماسییەکان بۆ ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدان، ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و پشتیوانیکردن لە بزووتنەوەکانی ژنان و هێزە دێموکراسیخوازەکان لە ئێران کرد.
بە گوێرەی قسەکانی نوێنەری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئاشتی، ئاسایش و دێموکراسیی سەقامگیر لە ئێران و ناوچەکەدا بەبێ ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ، ئازادی، یەکسانی و دادپەروەری بەدەست نایەت و یەکیەتیی ئەورووپا دەبێت لە سیاسەتەکانی خۆیدا پشتیوانی لە داواکارییەکانی خەڵکی ئێران بۆ ئازادی و کەرامەتی مرۆڤی بکات.



