شەهێن بایزیدپوور
پرسیارێکی گرینگ کە لەم کات وساتە مێژوویی و دەرفەتە زێڕینەدا کە بۆ ڕووخانی کۆماری ئیسلامی و بونیاتنانی حکومەتێکی نوێ لەبەردەستە ئەوەیە، ئایا ژنان دەتوانن لە بزووتنەوەیەکی نوێ و تەنانەت لە پێکهێنانی حکوومەتێکی فیدراڵی و دێموکراتیکیشدا ڕۆڵی ڕێبەرایەتی بگێڕن؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بە دڵنیاییەوە ئەرێنییە، بە مەرجێک ژنان پاڵنەر و ئامادەکاری پێویستیان هەبێت بۆ ئەو جۆرە سەرکردایەتیکردنە.
ژنانی ئێران بە درێژایی مێژووی هاوچەرخ، لە شۆڕشی مەشروتەوە تا بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” هەمیشە پێشەنگ بوون. هیچ بزووتنەوەیەکی گەورە بەبێ ئامادەبوونی دیار و پێشەنگانەی ژنان سەرکەوتوو نەبووە، بەڵام دوای سەرکەوتنی هەموو شۆڕشێک، ژنان نەک هەر پەراوێزخراون، بەڵکو لە قوربانییە سەرەکییەکانی ئەو شۆڕشە بوون، لە ئەنجامدا ژنانی ئێران ئەزموونێکی تاڵ و بێ ئومێدیان لە چالاکیی سیاسیدا هەیە، بەو پێیەی هەرگیز وەک ئەکتەرێکی بەردەوام و خاوەن شوناسێکی سیاسی سەربەخۆ نەناسراون و هەمیشە تەنیا لە ساتەوەختە گرینگەکاندا و لە کاتی پێویستدا وەک “سووژەیەکی سیاسی” دەرکەوتوون.
بۆ نموونه له سەرکەوتنی شۆڕشی مەشروتەدا ژنان ڕۆڵی سەرەکییان گێڕا، بەڵام له کاتی داڕشتنی دەستووری نوێدا نەک تەنها پشتگوێ خران، بەڵکوو پەراوێزخران و لە مافە مەدەنی و سیاسییەکانیان بێبەشکران.
ئەم ئەزموونە لە شۆڕشی ساڵی 1979 دا دووبارە بووەوە و لەو ساڵانەشدا هەرچەندە ژنان نیوەی دەنگدەرانی کۆمەڵگە پێکدەهێنن، بەڵام هەمیشە بوونیان لە پەرلەمان زۆر سنووردار بووە و لە کاتێکدایە کە 50%ی کۆی گشتی دەنگدەران ژنان پێکی دەهێنن، بەڵام لە بەرانبەردا تەنها نزیکەی 5%ی کورسییەکانی پەرلەمان بەدەست دەهێنن، لە هەمان کاتدا زۆرێک لە یاسایاگەلی دژە ژنانیش لە پەرلەمانە لەدوای یەکەکانی کۆماری ئیسلامی پەسەند کراوە(جگە لە پەرلەمانی شەشەم کە ژمارەیەک یاسا لە پشتیوانی لە مافی ژنان پەسەندکرا).
سەرەڕای هەوڵەکانی ژنان بۆ بەهێزکردنی خۆیان، بەڵام پشکی ئەوان لە دامەزراندن و دەسەڵاتدا کەمینە بووە، بۆ نموونە:
ئیندێکسی چەندایەتی(ڕێژەیی)
ڕێژەی بەشداریکردنی ژنان 14.2%
ڕێژەی بێکاری ژنان 15٪
پشکی بێکارانی خوێندەوار لە کۆی گشتی بێکاران 38.9–43.1%
ڕێژەی بێکاری دەرچووانی زانکۆکان 10.7–11.1%
پشکی دەرچووانی دامەزراو لە کۆی گشتی دامەزراو 26.9-27.3%
پشکی ژنانی دەرچوانی زانکۆ لە کۆی گشتی دانەمەزراوەکان 53%
ژنانی خوێندەوار ساڵانە دەچنە ناو “چینی خۆڵەمێشی” کۆمەڵگاوە
- پێناسەیەک لە چینی خۆڵەمێشی
چینە خۆڵەمێشی بە گروپێک لە هاوڵاتیان دەوترێت کە خاوەنی ئەم بنەمایانەی خوارەوەن:
1. ئەندامی هیچ پارت و لایەنێکی سیاسی نین، نە ڕیفۆرمخواز، نە بناژۆخواز، نە ناسیۆنالیستن.
2- بێمتمانەن بە سیاسەت یان بێ لایەنن، بەڵام بێ ئومێد نین.
3- بەپێی بارودۆخەکە هەندێک جار دەنگ دەدەن و هەندێک جار هەڵبژاردنەکان بایکۆت دەکەن.
ئەم گرووپە بەزۆری نەریتخوازن(سوننەتین)، لە گۆڕانکارییە بنەڕەتییەکان دەترسن و ڕێفۆرمیان پێ گونجاوترە و لە ئێران لە ڕێگەی هەڵبژاردنی بێ دەنگی و بێ لایەنی راستەوخۆ بەشێک بوون بەهێزترکردنی عەمودی خێمەی دیکتاتۆرییەت.
زۆرێکیان بێ ئومێد بوون لەو بارودۆخە سیاسییەی کە هەیە و بەپێچەوانەی هەر جۆر هەوڵێک بۆ گۆڕینی بارودۆخەکە تەنها سەرقاڵی بۆڵەبۆڵ کردنن و ئەم جۆر لە هەڵسوکەوتە بووەتە هۆی باڵکێشانی بێ هیوایی و خەمۆکی کۆمەڵایەتی بەسەر کۆمەڵگەدا، بۆیە لە کاتێکدا خۆیان نەریتخواز و سوننەتین بەپێچەوانەوە زۆرجار منداڵەکانیان یاخی و ئەنارشیستن.
لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا، هەر بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی کە سەریهەڵداوە، نەک هەر لەلایەن ڕێژیمەوە سەرکوت کراوە، بەڵکو لەلایەن هەمان چینەوە ئیدانە کراوە.
لە کۆمەڵگا دیموکراسیەکانی وەک ئەوروپادا، کاتێک دیموکراسی دەکەوێتە مەترسییەوە، چینە خۆڵەمێشییەکان دەنگ بە پارتە چەپەکان دەدەن بۆ ئەوەی ڕێگری لە سەرهەڵدانی ڕاستڕەوی توندڕەو بکەن، بەڵام لە ئێران بە هۆی نەبوونی حیزبی دامەزراوەیی و قەدەغەکردنی ڕێکخراوە مەدەنییەکان، ئەم توانایە بوونی نییە. لە ئەنجامدا دژایەتی سیاسی لە ئێراندا هەمیشە لەسەر بنەمای کەسایەتی بووە، چ لە ناوخۆ و چ لە نێو دیاسپۆرادا.
نەبوونی بەدیلێکی سیاسی یەکگرتوو هۆکارێکی سەرەکییە لە دوودڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پشتیوانیکردن لە قۆناغی گواستنەوە لە ئێران، ئەگەرچی گۆڕانی ڕژێمی ئیسلامی بۆ ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پێویست دادەنرێت، بەڵام نەبوونی بەدیلێکی بژاردەیی بۆ دەسەڵات ڕێگری دەکات لەەوەی مەتمانە بە ئەلتەرناتیڤێکی بەهێز بکرێت، شەڕی 12 ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل بەڵگەی ئەم ڕاستییەیە.
کوردستان وەک نموونەیەکی جیاواز
کوردستانی ئێران بەدەرە لەو روانینە، بەتایبەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە نزیک بە سەدەیەک خەباتی بۆ مافی چارەی خۆنووسین و چەسپاندنی دێموکراسی کردووە. هەرچەندە ئەم خەباتە بە تێچووی زۆری بووە، بەڵام بووەتە هۆی بەدامەزراوەییکردنی کولتوورێکی دیموکراسی و دروستکردنی ڕێکخراوەگەلی کاریگەر لە کۆمەڵگەی مەدەنی.
لەکوردستان شوناسی سیاسی هاوڵاتیان بەهێزە و فەرهەنگی کاری بەکۆمەڵ و ڕێکخستن بەدامەزراوەیی کراوە. نموونەی ئەمەمان لە بوومەلەرزەی کرماشاندا بینی، کە خەڵک سەرەڕای نەبوونی حکومەت بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر قەیرانەکەیان بەڕێوەبرد.
بوونی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی وەک “ڤەژین”، “بەیان”، “چیای سەوز”، و ناوەندگەلی فێرکردن و راهێنانی زمان و مۆسیقای کوردی بۆ منداڵان ئاماژەن بۆ توانای بەرزی نەتەوەسازی و دیموکراسی لەم ناوچەیەدا.
کۆمەڵگای مەدەنی کوردستان هەم توانای پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە چوارچێوەی ئێرانی فیدراڵیدا هەیە و هەم توانای پێکهێنانی دووهەمین دەوڵەتی کوردی هەیە. نەورۆزی ئەمساڵ کە بە نەورۆزی “خاکیپوشان” ناسرا بەڵگەی ئەم ئامادەییەیە.
ڕۆڵی ژنی کورد لە داهاتوودا
چینی خۆڵەمێشی کوردستانیش تا ڕادەیەک لەژێر کاریگەری کەشوهەوای نەریتی ناوەند دایە، بەڵام بەهۆی دینامیزمی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە، توانایەکی گەورەی هەیە بۆ سەرکردایەتیکردنی بزووتنەوەیەکی مێژوویی- بەتایبەتی ئەگەر ژنانی خوێندەواری کورد پێشەنگایەتی بکەن.
کاتێک ژنان شوناسی ڕەگەزی خۆیان لەگەڵ ناسنامەی سیاسی خۆیان تێکەڵ دەکەن و لەبری ئەوەی داوای کەمترین شت بکەن، بەدوای زۆرتریندا دەگەڕێن، دەتوانن خۆیان بۆ سەرکردایەتی داهاتوو ئامادە بکەن.
بۆ یەکەمین جار ژنان وەک داڕێژەری یاسای داهاتوو و بەشداربوو لە دامەزراندنی حکومەتێکی سکۆلار و دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەیر بکرێن.
چەند پرسیارێکی بنەڕەتی:
1- ئایا ژنانی ئێران و بەتایبەت ژنانی کورد توانای ئەوەیان هەیە بەرپرسیارەتییەکی وەها قورس قبوڵ بکەن؟
هەرچەندە وەڵامەکە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی مەیدانی ورد هەیە، بەڵام نموونەی وەک دایکانی دادخواز و ژنانی سیاسی زیندانی کە خۆیان لە چینە خۆڵەمێشییەکەی دوێنێ بوون، بەڵگەیەکن بۆ سەلماندنی ئەم توانایە.
2- ئایا بەستێنی کۆمەڵایەتی ئێران و بەتایبەت کوردستان ئامادەیە سەرکردایەتی ژنان قبوڵ بکات؟
وەڵامەکە دەتوانێت ئەرێنی بێت، شۆڕشی ژینا سەرەڕای تاڵیی و سەرکوتی خوێناوی، ڕێنێسانسێکی کۆمەڵایەتی و کولتووری هێنایە ئاراوە و ڕێگەی بۆ بزووتنەوەیەکی نوێی خۆش کرد. هەڵسوکەوتی خەڵک لە بەڕێکردنی ژنانێک وەک زارا محەمەدی بۆ گرتووخانە یا خود سرور محەممەدپوور دەریخست کە کۆمەڵگای کوردی ئامادەیە ژن وەک سەرکردەی داهاتوو قبوڵ بکات.
3- ئایا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی متمانەی بە ژنانی ئێران هەیە؟
بەهۆی ئەوەی هیچ پارت و ڕێکخراوێکی فەرمی (جگە لە کوردستان) لە ئێراندا بوونی نییە و هاوکات ئۆپۆزیسیۆنی سەرتاسەری ناکارامەیە و کەسایەتی تەورە ژنانی سیاسی دەرفەتیان هەیە متمانەی جیهانی بەدەستبهێنن و بۆشایی ئەلتەرناتیڤێکی کارا پڕبکەنەوە بە مەرجێک ئەم دەرفەتە زێڕینە لەدەست نەدەن.
ڕۆڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
حیزبی دێموکرات سەرەڕای ئەزموونی ٨٠ ساڵ لە چوارچێوەی سیاسی کوردستان، هێشتا نەیتوانیوە ژنانی خوێندەوار و چینی خۆڵەمیشی بۆ لای خۆی رابکێشێت.
ئەگەر ئەم حیزبە لەم ساتە هەستیارەدا نەتوانێ سوود لە توانای سەرکردایەتی ژنان وەربگرێت، دەبێ ئامادە بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو سیناریۆیانەی کە مافیای دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئەندازیارییان کردووە.




