نووسینی: دیاکۆ شەفیعی
وەرگێڕان: نگین یوسفی
ژنان لە سەرانسەری جیهاندا هەمیشە ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی و کولتووری و سیاسیدا، بەڵام بەشداریی فەرمی و سیستماتیک لە پێکهاتەکانی دەسەڵاتدا هەمیشە ڕووبەڕووی بەربەستی جددی و از پێکهاتەیی بووەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، بەڵگەی ئەزموونی لە وڵاتانی جیاوازەوە نیشانی دەدەن کە بوونی مانای ژنان لە ئاستی بڕیارداندا بووە هۆی باشترکردنی ئەدای حکوومەت، کەمکردنەوەی گەندەڵی، بەرەوپێشبردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و بەدیهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام. ئەم مەسەلەیە هەر لە ڕواندا و نیوزلەنداوە هەتا کوردستان و ئەڵمانیا نموونەی ڕوونی تێدایە کە دەتوانێت تیشک بخەنەسەر گرینگی بوونی سیاسی ژنان لە بوارە جیاجیاکانی جیهانی سیاسەتدا.
لە کوردستاندا بەشداریی سیاسی ژنان پێشینەیەکی مێژوویی هەیە لە سەردەمی کۆماری کوردستان و لەگەڵ دامەزراندنی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان خاڵی وەرچەرخان بوو لە ڕێکخستن و چالاکی ژنان لە بواری سیاسی و چالاکی کۆمەڵایەتیدا بۆ یەکەم جار، ئەم دامەزراوەیە ژنانی وەک هێزێکی شاراوە نەناساند بەڵکو وەک ئەکتەرێکی کاریگەر لە تێکۆشانی سەربەخۆیی و دێموکراسیدا ناساند. ئەم ئەزموونە بووەتە بنەمایەک بۆ بەشداریی سیاسی ژنانی کورد لە سەرانسەری کوردستاندا و لەو کاتەوە هەتا ئێستا ژنانی کورد بوونەتە بەشێک لە کۆڵەکەی قورس و قایم لە جیهانی سیاسەتدا.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دۆخەکە ئاڵۆزتر و گرانترە ژنان نەک تەنها ڕووبەڕووی جیاکاری یاسایی دەبنەوە بەڵکو ڕووبەڕووی سەرکوتکردنی ئەمنییەتی توند دەبنەوە. لەگەڵ ئەوەشدا نابێت ڕۆڵی گرینگی ژنان لە پارت و بزووتنەوە سیاسییەکاندا فەرامۆش بکرێت. لە زۆرێک لە پارتە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکاندا وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان و پارتەکانیتر ژنان لە پۆستە سەرکردایەتی و ڕێکخراوەییەکاندا لە چالاکی پڕوپاگەندە و هەم لە ڕاگەیاندندا و هەم لە ڕیزەکانی پێشمەرگەکاندا ئامادەن.
ژنانی چالاک لەم حیزبانەدا نەک هەر دەنگی ژنانی چەوساوە لە ناوچە دابڕاوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن بەڵکو کۆڵەکەکانی بەرخۆدانی مەدەنی و سیاسییان بەهێز کردووە بە باجی تاراوگە و ئەشکەنجەدان و کوشتن و شەهید کردنی کەسایەتییەکانی وەک نەسرین حەداد و سوهەیلا قادری نموونەی بەرخۆدانی ژنن کە بوونەتە سیمبولی خەبات دژی ستەم و زوڵم لەسەر ئاستی سیاسی و سەرکردایەتی هەروەها لەم ساڵانەی دواییدا ژمارەیەکی بەرچاو لە ژنان وەک ڕۆژنامەنووس و لێکۆڵەر و بەرپرسی کۆمیتەی حزبەکان و تەنانەت فەرماندەی سەربازیی لەم حیزبانە ڕۆڵیان گێڕاوە لە هەندێک حیزبدا ڕێکخراوی ژنان پێکهێنراون کە پرسە یاسایی و کولتووری و سیاسییەکانی ژنان دەخەنەڕوو.
بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی” کە بە کوشتنی ژینا (مەهسا) ئەمینی لە ساڵی ٢٠٢٢ دەستی پێکرد، جارێکی دیکە نیشانی دا کە ژنانی کورد بە ئاگایی لە دڵی بزووتنەوەکانی ڕزگاریخوازیدان. ئەم بزووتنەوەیە تەنیا ناڕەزاییەکی سیاسی نەبوو، بەڵکو شۆڕشێک بوو لە پێناسەی ژن و دەسەڵات لە کۆمەڵگەیەکدا کە دەیان ساڵە بە سەرکوت و جیاکاریی ڕاهاتووە. دەیان ژنە چالاکوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە زیندانەکاندا کوژراون یان ئەشکەنجە دراون بەڵام دەنگیان سنوورەکانی بەزاندووە و بووەتە بەشێک لە گوتاری جیهانی.
له هەرێمی کوردستانی عێراقدا ژنان توانیویانه تا ڕادەیەک جێ و پێگەیەک له پێکهاتەی دەسەڵات بەدەست بهێنن. هەندێک لایەن ڕێژەی له سەدا ٣٠ بۆ ژنان دیاری کردووه و ژنانیش لە پەرلەمانی هەرێم تەنانەت له کابینەی وەزارەتیشدا ئامادەبوونێکی بەرچاویان هەیه ئەم دەستکەوتانە ئەنجامی دەیان ساڵ خەباتی بزووتنەوەی ژنان و پشتیوانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنین لەگەڵ ئەوەشدا، فشاری نەریتە کۆنەکان هەر بەردەوامن لە بەربەستی جددی لەبەردەم ڕۆڵی سەربەخۆ و بەهێزی ژنان. ئەو ژنانەی کە سەربەخۆ لە حزبەکان چالاکن زۆرجار ڕووبەڕووی هەڕەشە و کوشتنی کەسایەتی یان پەراوێزخستنەوە دەبن.
لە ڕۆژئاوای کوردستان سیستەمی “سەرۆکایەتی هاوبەش” کە تێیدا هەموو دامەزراوە سیاسی، سەربازیی و جێبەجێکارییەکان بە ئامادەبوونی یەک ژن و یەک پیاو بەڕێوە دەبرێن، مۆدێلێکی پێشکەوتووخوازی دێموکراسی جێندەریی پێشکەش کردووە. ژنان لەم پێکهاتەیەدا تەنیا نوێنەر نین بەڵکو سەرکردەن. بەشداری چالاکانەیان لە هێزە سەربازییەکانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان و لە ئەنجوومەنە نێوخۆیی و هەرێمییەکاندا پەیوەندییەکی ڕوونی لەنێوان بەرگری و ئازادیخوازیی و سیاسەت بەشێوازێکی ژنانە دروست کردووە.
بەڵام یەکێک لە گرینگترین و ڕەنگە فەرامۆشکراوترین ئەزموونەکانی جیهان پەیوەندی بە ژنانەوە هەیە لە باکووری کوردستان. ژنان لەوێ ڕۆڵێکی سەرەکییان گێڕاوە نەک تەنها لە ڕووی رێکخستن بەڵکو لە داڕشتنی چەمکی سیاسی نوێی وەک “سیاسەتی ژن” و “سەرۆکایەتی هاوبەش”. لە پارتەکانی وەک پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، ژنان بەشێوەیەکی سیستماتیک لە هەموو پێکهاتەکانی حزبدا ئامادە بوون. مۆدێلی “هاوسەرۆکایەتی” کە دواتر لە ڕۆژئاوا پەیڕەو کرا، یەکەم جار لە باکوور لەلایەن ژنانی کوردەوە پێشنیار و جێبەجێ کرا.
لە بەشەکانی تری جیهان ئەزموونی سەرکەوتووی بەشداری ژنان لە سیاسەتدا هەیە. لە ڕواندا، زیاتر لە ٦٠ لە سەدی کورسییەکانی پەرلەمان لەلایەن ژنانەوە هەیە، ئامارێکی بێ وێنەیە لە جیهاندا. دوای جینۆسایدی ساڵی ١٩٩٤، ژنان ڕۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە بنیاتنانەوەی کۆمەڵایەتی و سیاسی وڵاتدا. لە نیوزلەندا، سەرۆکوەزیرانی پێشوو جاسیندا ئاردێرن نموونەی سەرکردایەتییەکی ئەخلاقی، شەفاف و مرۆڤانە بوو. لە ئەڵمانیا، ئەنگێلا مێرکڵ وەک یەکێک لە کاریگەرترین سەرکردەکانی ژن، بۆ ماوەی ١٦ ساڵ حوکمی وڵاتێکی بەهێزی کرد لە یەکێک لە هەستیارترین سەردەمەکانی مێژوودا. هەروەها لە فینلەندا، سانا مارین سەرکردایەتییەکی گەنج و پێشکەوتووخواز و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی تێکەڵ کرد بۆ بەستنەوەی سیاسەت بە بەهاکانی مرۆڤ و ژن.
لەگەڵ ئەوەشدا، لە زۆربەی وڵاتان، بەشداریی سیاسی ژنان هێشتا ڕووبەڕووی تەحەدایەکی قووڵتر دەبێت، لەوانە جیاکاریی یاسایی، کڵێشەی جێندەر، پێکهاتەی پیاوسالاری، هەڕەشەی سیاسی و توندوتیژی، و نەبوونی پاڵپشتی ئابووری. ئەم بەربەستانە نەک تەنها بەشداریی سیاسی ژنان سنووردار دەکەن بەڵکو بنەماکانی دێموکراسییش لاواز دەکەن. چارەسەرکردنی ئەم ئاستەنگانە پێویستی بە سیاسەت داڕشتن، چاکسازی یاسایی، بەهێزکردنی پەروەردەی جێندەر و دروستکردنی بۆشاییەکی پارێزراو بۆ چالاکی سیاسی ژنان هەیە. دواجار ئەزموونی وڵاتانی جۆراوجۆر بەتایبەتی پێشکەوتنی ژنان لە کوردستان نیشانی دەدات کە ژنان بینەر نین بەڵکو ئەکتەرن لەمێژوودا. بەبێ بەشداری سیاسی ڕاستەقینەی ژنان، هیچ کۆمەڵگەیەک ناتوانێت داوای دادپەروەری و دێموکراسی و گەشەپێدانی بەردەوام بکات. وەبەرهێنان لە دەسەڵاتی سیاسی ژنان چاکە و ئیمتیازات نییە بەڵکو پێویستییەکی ستراتیژییە بۆ ئایندەیەکی مرۆڤانە، یەکسان و ئاشتیخواز.




