ژن، ئاسایش و شەڕ؛لە قوربانیبوونەوە بۆ بەرپرسیارێتی و خۆبەڕێوەبردن

ژن، ئاسایش و شەڕ؛
لە قوربانیبوونەوە بۆ بەرپرسیارێتی و خۆبەڕێوەبردن
دیمانە: لەیلا قادری
ئەو کاتەی وڵاتێک، نەتەوەیەک یان گەلێک دەکەوێتە دۆخی شەڕەوە، ئەگەرچی زۆرجار چاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تەنیا لەسەر سەنگەرە دژبەرەکانە، بەڵام کاریگەرییەکانی دەخشێتە نێو ماڵ، کۆمەڵگە و ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤەکانەوە. لە بارودۆخی قورسی شەڕدا، ژنان یەکێک لەو توێژانەن کە بارگرانییەکی قورستر دەکەوێتە ئەستۆیان؛ لە پاراستن و بەڕێوەبردنی خێزانەوە تا دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان لە کاتی ئاوارەیی، شەڕ و قەیراندا.
بەڵام لە کۆمەڵگەی کوردیدا، پرسی ژن و ئاسایش تەنیا لە چوارچێوەی کاریگەرییەکانی شەڕدا نامێنێتەوە. مێژووی نوێی کوردستان پڕە لە ئەزموونی سەرکوت، بێبەشکردن، خۆڕاگری و خەبات؛ و لە نێو ئەم مێژووەدا ژنی کورد تەنیا قوربانیی بارودۆخ نەبووە، بەڵکو خۆی بووەتە بەشێکی گرینگ لە بەرگری، خەبات و گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و سیاسی.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەم پرسیارانە بە تایبەتی گرنگییەکی تایبەتیان هەیە: پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و ئاسایشی تاکی کورد چۆن پێکهاتووە؟ شەڕ و سەرکوت چ کاریگەرییەکیان لەسەر ژیانی ژنان داناوە؟ سیاسەتەکانی پەراوێزخستن و بێبەشکردن چۆن کاریگەرییان لەسەر پێگەی ژنی کورد داناوە؟ ژنی کورد لە داهاتووی خەباتی نەتەوەییدا چ ڕۆڵێک دەتوانێت بگێڕێت؟
بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە، گۆڤاری «ژنان» لەگەڵ د. شوکریە برادۆست، توێژەر و شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و ئاسایش، گفتوگۆیەکی ئەنجام داوە. لەم دیمانەیەدا، لە کاریگەریی شەڕ لەسەر ژنان و پێناسەی «ئاسایشی تاک»ەوە دەست پێدەکەین و دەگەینە مێژووی پەیوەندیی نێوان کورد و دەوڵەتە ناوەندییەکان، پێگەی مێژوویی ژنی کورد و سەرهەڵدانی دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی».
ئەم دیمانەیە نەتەنیا هەوڵێکە بۆ کردنەوەی گفتوگۆیەکی جیددی لەسەر ئەوەی چۆن ژنی کورد کاریگەری لە شەڕ و سەرکوت وەردەگرێت، بەڵکوو چۆن خۆیشی دەبێتە ئەکتەرێکی سەرەکی لە ناساندن و پاراستنی ئاسایش، ماف و داهاتووی خۆی و کۆمەڵگەکەی.
گۆڤاری ژنان:
د. شوکریە، بەخێر بێن.
بۆ دەستپێکی گفتوگۆکەمان، ئەگەر سەیری لێکۆڵینەوە و ئامارە جیهانییەکانی پەیوەست بە لێکەوتەکانی شەڕ و قەیرانەکان بکەین، دەبینین کۆمەڵگەکان لە کاتی قەیران و شەڕدا ڕووبەڕووی شۆکی گەورە دەبنەوە. لە دیدی ئێوەوە، کاریگەرییەکانی شەڕ لەسەر کۆمەڵگە بەگشتی و لەسەر ژنان بەتایبەتی چۆن هەڵدەسەنگێندرێن؟
د. شوکریە برادۆست:
بەپێی تەواوی لێکۆڵینەوە زانستی و مەیدانییەکان، لە کاتی شەڕدا ئەو توێژەی کۆمەڵگە کە قورسترین باج دەدات و زۆرترین کاریگەریی وێرانکەری بەر دەکەوێت، ژنانن.
ئەمەش بۆ کۆمەڵێک هۆکاری پێکهاتەیی دەگەڕێتەوە. لە کاتی شەڕدا ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی گەلێک قورس دەکەوێتە سەر شانی ژن. ژنان نەک تەنیا بەرپرسن لە بەخێوکردن و پەروەردەکردنی منداڵان، بەڵکو دەبێت پاراستنی ماڵ، بەساڵاچووان، دابینکردنی خۆراک و تەندروستی و هەروەها هاوکاریکردنی بریندارەکانیش بگرنە ئەستۆ.
کاتێک قوتابخانەکان لە کاتی شەڕدا دادەخرێن، ئەرکی ژن لە ماڵەوە دەستبەجێ دەگۆڕدرێت بۆ مامۆستای وانەی منداڵەکانیشی. واتا لە داخستنی ناوەندە گشتییەکانەوە تا دەگاتە ئاوارەیی و کۆچبەربوون، بارگرانییەکە لەسەر شانی ژن زیاتر دەبێت.
لە زۆر شوێنیشدا کە پیاوان دەچنە بەرەکانی شەڕ، یان بریندار و شەهید دەبن، باری ئابووری و دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیان بەتەواوی دەکەوێتە سەر ئەستۆی ژنان.
کەواتە، شەڕ لەلایەکەوە نەهامەتییە و لەلایەکی دیکەوە باری سەرکردایەتیکردنی ژیان دەخاتە سەر شانی ژن.
گۆڤاری ژنان:
ئەی لە ڕووی ئاسایشی کەسی و پێناسە نێودەوڵەتییەکانەوە، شەڕ چ مەترسییەکی جەستەیی و یاسایی بۆ سەر ژنان دروست دەکات؟
د. شوکریە برادۆست:
بەپێی لێکۆڵینەوە نوێیەکان، بەتایبەتی ئەوانەی لە ساڵانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٥ ئەنجامدراون، دەرکەوتووە کە لەو ناوچانەی ئاڵۆزیی چەکداری تێدایە، ڕێژەی دەستدرێژیی سێکسی و توندوتیژی دژ بە ژنان بەشێوەیەکی خێرا زیاد دەکات؛ چونکە لە بارودۆخی شەڕدا سەروەریی یاسا بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز دەبێت و ئاسایشی کۆمەڵگە و تاک تێکدەچێت.
ساڵی ١٩٩٤، نەتەوە یەکگرتووەکان پێناسەیەکی گشتگیری بۆ «ئاسایشی تاک» (Human Security) کرد کە لە حەوت بەشی سەرەکی پێکهاتووە: ئازادیی سیاسی، پاراستنی ژینگە، ئاسایشی خۆراک، تەندروستی، ئابووری، کەسی و کۆمەڵایەتی.
شەڕ تەواوی ئەم حەوت ئاستەی ئاسایش لە کۆمەڵگە و تاکدا دەخاتە مەترسییەوە. لەم حاڵەتەدا ئەرکی دەوڵەتان قورستر دەبێت، بەڵام زۆرجار دەوڵەتەکان بە پاساوی «دۆخی هەستیاری شەڕ»، خۆیان لەم ئەرکانە دەدزنەوە.
«ئاسایشی تاکی کورد لە مێژووی مۆدێرندا، لەلایەن دەوڵەتە داگیرکەرە ناوەندییەکانەوە تێکدراوە»
گۆڤاری ژنان:
ئایا ئەم مۆدێلەی پەیوەندیی نێوان «دەوڵەت و ئاسایشی تاک» لە کوردستان بەگشتی و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی بە هەمان شێوەیە، یان هاوکێشەکە جیاوازە؟
د. شوکریە برادۆست:
مەسەلەی شەڕ لە کوردستاندا بەتەواوی جیاوازە، چونکە هیچ کام لەو دەوڵەتانەی کوردستانیان داگیرکردووە، تەرکیزیان لەسەر پاراستنی تاکی کورد نەبووە.
هەر ئەمەش وایکردووە کورد ئەم دەوڵەتانە وەک پارێزەری خۆی نەبینێت، بەڵکو زیاتر وەک مەترسی بۆ سەر خۆی سەیریان بکات.
لە مێژووی مۆدێرنی کوردستاندا، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هیچ دوژمنێکی دەرەکی نەهاتووە ئاسایشی تاکی کورد تێکبدات، بەڵکو ئەوە دەوڵەتە ناوەندییە داگیرکەرەکان بوون کە ئاسایشی کۆمەڵگەی کوردییان تێکداوە.
بۆیە چاوەڕوانیکردن لە دەوڵەتێک کە ئاسایشی تاکی کورد بپارێزێت، چاوەڕوانییەکی ناواقعییە.
ئەم ڕاستییە وایکردووە لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا، بەپێی مێژوو، بەستێنێک بۆ دروستکردنی سەنگەرێکی خۆپاراستن بێتە ئاراوە، چونکە کورد گەیشتووەتە ئەو ئاکامەی تەنیا دەتوانێت پشت بە خۆی ببەستێت.
گۆڤاری ژنان:
کاریگەریی سیاسەتی پەراوێزخستنی دەوڵەتە ناوەندییەکان لەسەر پێگەی ژنی کورد چۆن بووە، و ئەمە چۆن بەستراوەتەوە بە سەرهەڵدانی شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی»؟
د. شوکریە برادۆست:
لە سەردەمی ڕەزا شا و ئاتاتورکەوە تا دەگاتە دەسەڵاتدارانی تر، سیاسەتییان ئەوە بووە کوردستان لە گەشەسەندنی ئابووری بێبەش بکەن.
ئەمەش گەورەترین زەبری لە کۆمەڵگەی کوردی داوە، چونکە دواکەوتوویی وادەکات هەندێک لە کولتوورە هەڵەکان بمێننەوە و قوربانیی سەرەکییش لەم بارەیەوە ژنانن؛ چونکە لە خوێندن، پێگەیشتن و بەرەوپێشچوون بێبەش دەبن و دەکەونە ژێر باری ئەرکی قورسەوە.
کاتێک ژنی کورد هەستی بەم بەرپرسیارێتییە کرد، شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» سەریهەڵدا.
دروشمێک کە لە باکووری کوردستانەوە هات، چونکە لەوێ چەوسانەوەی ژن زووتر و زیاتر بوو.
کاتێک کورد هەستی بەوە کرد کە ئاسایش و ژیانی ژن دەبێت خۆی هەنگاوی بۆ هەڵبگرێت و دابینی بکات، چونکە حکومەتی ناوەندی خەمی داخوازییەکان و پشتگیریی ژنانی نەبووە، ئەم بزووتنەوەیە وەک ئاڵاهەڵگری شۆڕشێکی گشتگیر هاتە ئاراوە.
«خەمی ژنی کورد تەنیا خەمی جێندەری نییە؛ خەمی نەتەوەییە بۆ گەیشتن بە ئازادی»
گۆڤاری ژنان:
ئەگەر تیشک بخەینە سەر بەراوردکارییەکی مێژوویی، جیاوازیی سەرەکیی ژنی کورد لەگەڵ ژنانی ناوچەکە، واتە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە چیدایە؟
د. شوکریە برادۆست:
جیاوازیی ژنی کورد لەگەڵ ژنانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست جیاوازییەکی یەکجار زۆرە.
ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی کورد کە تێیدا پێگەی ژنی کورد تایبەت بووە؛ چی لە سەرکردایەتیکردن و شەڕدا، یان لە بەڕێوەبەری و پێگەی ناو هۆزەکاندا، لە کۆنەوە ژن ڕۆڵی بەرچاوی بینیوە.
بەپێچەوانەوە، لە نێو نەتەوەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، ژن ئەو پێگە کاریگەرەی نەبووە.
ئێستا کە باسی مێژووی مۆدێرنی ژنی کورد دەکەین، دەبینین ئەركی ژنی کورد تەنیا لە پشت بەرەکانی شەڕدا نییە، بەڵکو لە بەرەی پێشەوە هاوشانی پیاوان شەڕ دەکات و چەکی بەدەستەوەیە.
کەواتە خەمی ژنی کورد تەنیا خەمی «ژنبوون» نییە، بەڵکو خەمی نەتەوەیی لەئەستۆیە و پاراستنی مافەکانی ژنبوونیش دەکەوێتە ژێر چەتری مافە نەتەوەییەکان.
گۆڤاری ژنان:
وەک پەیامی کۆتایی، بەرپرسیارێتیی داهاتووی ژنی کورد لە چوارچێوەی ڕزگاریی نەتەوەییداچۆن دەبینن؟
د. شوکریە برادۆست:
ئەگەر دەوڵەتی نەتەوەیی هەبێت، ژنی کورد لەژێر ئەو چەترەدا دەتوانێت مافەکانی خۆی بپارێزێت.
دەوڵەتی مەرکەزی یان داگیرکەر خەمی ژنی کوردی نییە تا پشتگیریی لێ بکات؛ ئەگەر ویستباشی دەیتوانی وەبەرهێنان لەسەر ئابووری و خوێندەواریی ژنان بکات، بەڵام نەیانوویستووە بیکەن.
بۆیە ژنی کورد ناچارە و بڕیاری داوە خۆی بێتە مەیدان و مافەکانی بەدەست بهێنێت.
گۆڤاری ژنان:
وەک پەیامی کۆتایی، بەرپرسیارێتیی داهاتووی ژنی کورد لە چوارچێوەی ڕزگاریی نەتەوەییداچۆن دەبینن؟
د. شوکریە برادۆست:
ئەگەر دەوڵەتی نەتەوەیی هەبێت، ژنی کورد لەژێر ئەو چەترەدا دەتوانێت مافەکانی خۆی بپارێزێت.
دەوڵەتی مەرکەزی یان داگیرکەر خەمی ژنی کوردی نییە تا پشتگیریی لێ بکات؛ ئەگەر ویستباشی دەیتوانی وەبەرهێنان لەسەر ئابووری و خوێندەواریی ژنان بکات، بەڵام نەیانوویستووە بیکەن.





