ژن، لە نێوان شەڕ و خۆڕاگریدا

نەسرین یوسفزادە
کاتێک باس لە شەڕ و خەبات دەکرێت، زۆرجار یەکەم وێنەیەک کە لە مێشکماندا دروست دەبێت، وێنەی پیاوێکە بە چەک لە شان و لە سەنگەردا. بەڵام مێژووی شەڕ و خەبات تەنیا بە ناوی ئەو کەسانە نانووسرێت کە چەکیان هەڵگرتووە. لە پشت هەر سەنگەرێک، ژیانێکی مرۆیی هەیە؛ دایکێکی چاوەڕوان، هاوسەرێک لە دڵەڕاوکێدا، کچێک لەگەڵ یادەوەرییەکان گەورە دەبێت و ژنێک لە شوێنێکی دیکە بە شێوەیەکی جیاواز بارێکی گران هەڵدەگرێت.
لە مێژووی کورددا، ژن تەنیا تەماشاکەری ڕووداوەکان نەبووە. هەر لە چیرۆک و گێڕانەوە کۆنەکانەوە تا سەردەمی نوێ، ژنانی کورد لە ساتە. قورسەکاندا ڕۆڵیان هەبووە؛ هەندێکیان لە سەنگەردا بوون، هەندێکیان پشتیوانیی ئەوانەی ناو سەنگەر بوون و هەندێکیشیان بەتەنیا خۆیان بارێکی گران لەسەر شانی ژیانی خێزان و کۆمەڵگە هەڵگرتووە. بۆیە ئەگەر بتەوێت مێژووی خۆڕاگریی ژنی کورد بخوێنیتەوە، نابێت تەنیا بە وێنەی ژنی چەکدار سەیر بکەیت؛ دەبێت دەنگی ئەو ژنانەش ببیستیت کە لە بێدەنگییەوە مێژوویان نووسیوەتەوە. یەکێک لەو گێڕانەوە مرۆیی و پڕ لە ئازارانەی کە دەتوانێت ڕوویەکی دیکەی ئەم مێژووەمان بۆ ئاشکرا بکات، گێڕانەوەکەی خاتوو ئەفسەر سالکە؛ گێڕانەوەی ژنێک کە لە ڕووداوێکی خوێناویی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا تەنیا تەماشاکەر نەبووە، بەڵکوو خۆی لە ناو ئەو کارەساتەدا بووە و ئازاری ڕووداوەکەی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە.
ئەفسەر سالک بە زمانێکی سادە و بێپەردە باسی کارەساتێک دەکات کە ژیانی خەڵکێکی گوندی تێدا تێکچوو. لە گێڕانەوەکەیدا، شەڕ تەنیا دەنگی چەک و تەقینەوە نییە؛ شەڕ دەبێتە دیمەنی ماڵ و گوند، دەبێتە ترسی خێزان، دەبێتە لەدەستدانی خۆشەویستان و دەبێتە بارێک کە دوای کۆتاییی ڕووداوەکەش لەسەر دڵی مرۆڤ دەمێنێتەوە.
ئەوەی گێڕانەوەکەی ئەفسەر سالک بە تایبەتی کاریگەر دەکات، ئەوەیە کە کارەساتەکە لە چاوی ژنێکەوە دەبینین. ژنێک کە لە ناو ئەو دۆخەدا دەبێت خۆی ڕابگرێت، ئازاری خۆشەویستانی خۆی ببینێت و لەگەڵ ڕاستییەکی قورس ڕووبەڕوو بێتەوە. ئەوە جیاوازییەکی گەورەیە لەگەڵ ئەو وێنەیەی کە زۆرجار لە شەڕدا تەنیا سەرباز و چەک و سەنگەرمان بۆ دەخاتە ڕوو.
لە گێڕانەوەکەی ئەفسەر سالکدا، مرۆڤ دەزانێت کە کارەسات لە ساتی ڕوودانەکەدا کۆتایی نایەت. ئەوەی ڕوودەدات، دوای ساڵانیش لە یادەوەریی مرۆڤدا بەردەوام دەژی. ژنێک کە شایەتحاڵی کوشتن و وێرانکاری بووە، تەنیا یادێک لە ڕابردوو ناگێڕێتەوە؛ ئەو یادەوەرییە بەشێکە لە ژیانی ئەمڕۆی ئەویش. بۆیە گێڕانەوەکەی ئەو ژنە گرنگە، چونکە مێژوو لە ناو پەڕە و بەڵگەنامەکانەوە دەهێنێتە ناو ژیانی ڕاستەقینەی مرۆڤەوە.
ئەفسەر سالک لە گێڕانەوەکەیدا دەبێتە شایەتحاڵی ئەو ژنانەی کە زۆرجار ناویان لە مێژوودا نەماوەتەوە. ئەو ژنانەی لە ماڵەوە بوون، منداڵیان لەدەست داوە، خۆشەویستانیان لەدەست داوە، بەڵام بەردەوام ژیاون و ئەو ئازارەیان لەگەڵ خۆیان بردووە. ئەوە جۆرێکی دیکەی خۆڕاگرییە؛ خۆڕاگریی ژنێک کە پێویستە دوای کارەساتەکە هەڵبستێتەوە و ژیان بەردەوام بکات، هەرچەندە بەشێک لە دڵی لەگەڵ ئەو کەسانەی لەدەستی داون، لەو ڕۆژەدا ماوەتەوە.
ئەم ڕەهەندەی ژیانی ژن زۆر نزیکە لەوەی سڤێتلانا ئەلێکسیێڤیچ لە بەرهەمە بەناوبانگەکەی خۆیدا، «شەڕ ڕوخساری ژنانەی نییە»، دەِیخاتە ڕوو. ئەلێکسیێڤیچ دەنگی ژنانی سۆڤیەتی کۆکردووەتەوە؛ ژنانێک کە لە جەنگی جیهانیی دووەمدا بەشدارییان کردووە. بەڵام ئەوەی ئەلێکسیێڤیچ دەیەوێت پیشانی بدات، تەنیا ژنی سەرباز نییە؛ بەڵکوو مرۆڤێکە کە لە ناو جەنگدا هەموو هەستە مرۆییەکانی خۆی لەگەڵ خۆی هەڵگرتووە. ئەو ژنانە پێش ئەوەی ببنە سەرباز و پەرستار و پایلۆت، کچ بوون. خەونیان هەبوو، خۆشیان دەویست و داهاتوویان بۆ خۆیان وێنا دەکرد. بەڵام شەڕ زۆرجار ئەو داهاتووە دەبات و مرۆڤ ناچار دەکات لە ماوەیەکی کورتدا گەورە بێت. کچێک کە دەچێتە سەنگەر، لەگەڵ چەک تەنیا مەترسی هەڵناگرێت؛ بەڵکوو ترس، دڵتەنگی و یادەوەریی ماڵ و خێزانیش لەگەڵ خۆی دەبات.
ئەمەش ئەو خاڵەیە کە ژیانی کچانی پێشمەرگەمان لەگەڵ گێڕانەوەکانی ئەلێکسیێڤیچ نزیک دەکاتەوە. کچە پێشمەرگەیەک دەتوانێت لە سەنگەردا بێت، چەکی لە شان بێت و لە ساتی مەترسیدا بڕیارێکی قورس بدات؛ بەڵام لە هەمان کاتدا هەر ئەو کچەیە کە دایک و باوکێکی هەیە، هاوڕێیەکی هەیە، خەونی هەیە و دڵی بۆ ژیان دەخوازێت. ئەوەی خۆڕاگرییەکەی قووڵتر دەکات، ئەوەیە کە لەگەڵ بوونی ترسدا بەردەوام دەبێت.
کچە پێشمەرگەکان تەنیا بە چەک خزمەتیان نەکردووە. ژنانی نەخۆشخانە، پەرستار و تیمارکەری برینداران؛ ژنانی ڕاگەیاندن کە بە وشە و کامێرا و نووسین دەنگی ڕووداوەکانیان گەیاندووە؛ ژنانی چاپەمەنی و ئیدارە و بەشە کۆمەڵایەتییەکان؛ هەموویان بە شێوەیەکی جیاواز بەردەوامیی خزمەت و خەباتیان پاراستووە. ئەگەر یەکێک لە سەنگەر بێت، ئەوی دیکە لە شوێنێکی دیکەوە هەمان بار هەڵدەگرێت. بەڵام لە پشت هەر کچێکی پێشمەرگە، زۆرجار دایکێک هەیە. دایکێک کە ڕەنگە هیچ کاتێک چەکی هەڵنەگرتبێت، بەڵام هەموو ڕۆژێک لەگەڵ ترسی لەدەستدانی ڕۆڵەکەیدا دەژی. لەوانەیە شەوانە بە پرسیاری «ئایا ئەمڕۆش ساغ و سەلامەتە؟» بخەوێت و بە هەر هەواڵێک دڵی بلەرزێت. ئەمەش جۆرێکی دیکەی ژیانە لەگەڵ شەڕدا؛ شەڕێک کە سەنگەر و چەکی نییە، بەڵکوو چاوەڕوانییە.
لێرەدا دەتوانین بە پیلاگیا نیلۆڤنا، دایکی ڕۆمانی «دایک»ی ماکسیم گۆرکی، بچینەوە. پیلاگیا لە سەرەتای ڕۆمانەکەدا ژنێکی ترساو و سەختیدیتووە؛ ژنێک کە ژیان فێری بێدەنگی و ملەکەچیی کردووە. بەڵام کاتێک کوڕەکەی، پاڤێل، دەچێتە ڕێگای خەبات، دایکەکە بە تێپەڕبوونی کات دەگۆڕێت. ئەو ترسە سەرەتاییەی بۆ تێگەیشتن و خۆڕاگری دەگۆڕێت و دایکەکە دەبێتە بەشێک لە ژیانی نوێی کوڕەکەی.
لە ژیانی دایکانی پێشمەرگەشدا دەتوانین ئەم هەستە ببینین. دایک لە سەرەتادا لەوانەیە تەنیا کوڕ یان کچەکەی بخوازێت لە مەترسی دوور بێت؛ بەڵام کاتێک دەبینێت ڕۆڵەکەی باوەڕێکی هەیە و بۆ ئامانجێک خەبات دەکات، هەستەکانی ئاڵوگۆڕیان بەسەردا دێت. ترس هەر هەیە، بەڵام لەگەڵ شانازی و خۆڕاگریدا تێکەڵ دەبێت.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژووی کوردستان، دەبینین ئەم خۆڕاگرییە هیچ سەردەمێکی تایبەت نییە. ژنی کورد لە مێژوودا چەندین جار لە ساتەکانی بڕیار و لەخۆبوردندا خۆی پیشان داوە. یەکێک لە بەهێزترین وێنەکانی ئەم خۆڕاگرییە، چیرۆکی قەڵای دمدمە؛ چیرۆکێک کە لە یادەوەریی کورددا تەنیا بە ناوی پیاوان و شەڕکەرانی ناو قەڵا نەماوەتەوە، بەڵکوو ناوی ژنانیشی لەگەڵ خۆی هێناوە.
لە گێڕانەوەکانی دمدمدا، ژنان تەنیا لە پشت دیوارەکان نەبوون. ئەوان بەشێک بوون لەو کۆمەڵەیەی کە بۆ پاراستنی قەڵا و خاک و ژیانەکەی خۆیان بەرەنگاری دۆخێکی قورس بوونەوە. هەندێک لە گێڕانەوە کۆنەکان باس لەو ژنانە دەکەن کە لە کۆتاییی کارەساتەکەدا خۆیان لە قەڵا بەردایەوە و نەیانویستووە بە دەستی دوژمن بکەون. ئەم وێنەیە، سەڕەڕای ئەوەی پڕ لە ئازار و کارەساتە، یەک شت بە ڕوونی پیشان دەدات: ژنی کورد لە چیرۆکە مێژووییەکانی بەرخۆداندا تەنیا کەسێکی لاوەکی نەبووە.
ئەم ژنانە، هەر لە دمدم بێت یان لە گێڕانەوەی ئەفسەر سالک، لەگەڵ یەک هەست کۆدەبنەوە: مرۆڤ لە ساتی کارەساتدا تەنیا بەوە ناپێورێت کە چەند چەکی هەڵگرتووە، بەڵکوو بەوەش پێوانە دەکرێت کە چۆن لەگەڵ ترس و ئازاردا ڕاوەستاوە.
ئەمەش وای لێدەکات گێڕانەوەی ئەفسەر سالک تەنیا گێڕانەوەی کارەساتێکی ڕابردوو نەبێت. ئەو گێڕانەوەیە دەبێتە بەشێک لە مێژووی ژنانی کورد؛ مێژووی ئەو ژنانەی کە زۆرجار خۆیان نەیانووسیوە، بەڵام ژیانیان دەکرێت ببێتە بەڵگە. کاتێک ئەفسەر سالک بە زمانێکی سادە قسە دەکات، ئەو سادەییە لە خۆیدا هێزێکی زۆری هەیه، چونکە کارەساتەکە پێویستی بە وشەی گەورە و ڕازاوە نییە؛ خودی یادەوەرییەکە قورسە.
لەبەر ئەوە، پێویستە چیرۆکی ژنانمان تەنیا لە کاتێکدا نەگێڕینەوە کە چەکیان لە شان بووە. دەبێت چیرۆکی ئەو دایکەیش بگێڕینەوە کە ساڵانێک چاوەڕوانی ڕۆڵەکەی بووە؛ ئەو ژنەی کە لە نەخۆشخانەدا بریندارێکی تیمار کردووە؛ ئەو ڕاگەیاندنکارەی لە کاتی مەترسیدا دەینووسی؛ ئەو کچەی کە لە سەنگەرەوە لەگەڵ ترسەکانی خۆی دەجەنگێت؛ و ئەو ژنەی کە لە ناو کارەساتێکدا بەردەوام ژیاوە و بووەتە شایەتحاڵی مێژوو.
مێژووی ژنانی کورد، مێژووی چەک بەتەنیا نییە؛ مێژووی بیرەوەرییە. مێژووی خۆڕاگرییە. مێژووی ئەوەیە کە ژنێک بتوانێت لە ناو تاریکترین ساتەکاندا هیوایەک بپارێزێت. ئەو هیوایە لەوانەیە زۆر بچووک بێت؛ چاوەڕوانی گەڕانەوەی ڕۆڵەکەی، پاراستنی یادەوەریی کەسێکی لەدەستچوو، گەیاندنی ڕاستی ڕووداوێک بە نەوەی داهاتوو، یان تەنیا بەردەوامبوون لە ژیان. لەبەر ئەوە، کاتێک باسی «ژن، ژیان، ئازادی» دەکەین، دەبێت ئەم وشانە لە مێژووی ژنانی کورددا بخوێنینەوە. ئەم وشانە تەنیا دروشمی سەردەمێکی نوێ نین؛ بەڵکوو بەشێکن لە چیرۆکی درێژی ژنانی کورد. لە ژنانی دمدمەوە تا ژنانی ئەمڕۆ، لەو ژنەی لە ناو قەڵا بەرخۆدانی کردووە تا ئەو ژنەی لە ناو کارەساتێکدا شایەتحاڵ بووە، هەموویان بە شێوەیەکی جیاواز لە مانای ژیان و خۆڕاگری قسە دەکەن.
ئەگەر کچەکانی ئەلێکسیێڤیچ لە ناو شەڕدا زوو گەورە بوون، کچە پێشمەرگەکانیش لە ناو ساڵانی خەباتدا ناچار بوون زوو لەگەڵ ڕاستییە سەختەکانی ژیان ڕووبەڕوو ببنەوە. ئەگەر پیلاگیا نیلۆڤنا لە دایکێکی ترساوەوە گۆڕا بۆ ژنێکی خۆڕاگر، دایکانی پێشمەرگەش زۆرجار لە نێوان ترس، شانازی، چاوەڕوانی و دڵتەنگیدا گەورە بوون. ئەگەر ئەفسەر سالک یادەوەریی کارەساتێکی لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە، ئەوا ئەو یادەوەرییە دەبێتە بەڵگەی ئەوەی کە ئازاری ژن لە کۆتاییی ڕووداوەکەدا کۆتایی نایەت.
مێژوو نابێت تەنیا ناوی ئەو کەسانە بپارێزێت کە لە سەنگەرەوە دەنگیان هاتووە؛ دەبێت دەنگی ئەو ژنانەش بپارێزێت کە لە ماڵ، نەخۆشخانە، ڕاگەیاندن، کۆمەڵگە و ناوەندی خەباتدا بە شێوەی خۆیان ڕاوەستاوانە ماونەتەوە. چونکە هەر پیاوێک یان ژنێک کە لە سەنگەردایە، پشتی بە ژیانێکی فراوانتر بەستووەتەوە؛ ژیانێک پڕ لە دایک، خوشک، هاوسەر، هاوڕێ و خەڵکێک کە چاوەڕوانن. بۆیە ژنی کورد لە مێژووی خۆیدا تەنیا قوربانی نییە و تەنیا شەڕکەرێکیش نییە. ئەو لە هەمان کاتدا شایەتحاڵ، پارێزەر، خەباتکار، دایک، پەرستار، ڕاگەیاندنکار و خۆڕاگر بووە. لە هەموو ئەو ڕۆڵانەدا شتێکی هاوبەش هەیە: هەوڵدان بۆ ئەوەی ژیان لە ناو سەختییەکاندا نەوەستێت.
ئەفسەر سالک بە گێڕانەوەکەی پێمان دەڵێت کە مێژوو هەندێک جار لە دەنگی شایەتحاڵێکەوە دەمێنێتەوە. ژنانی دمدم بە گێڕانەوەکانیان دەڵێن کە بەرخۆدان تەنیا هی ئەو کەسانە نییە کە لە پێشەوە دەجەنگن. کچەکانی «شەڕ ڕوخساری ژنانەی نییە» دەڵێن کە ژن دەتوانێت لە ناو شەڕدا بژی و هەروا مرۆڤ بمێنێتەوە. پیلاگیا نیلۆڤناش پیشان دەدات کە دایکێک دەتوانێت لە ناو ترسەوە بگاتە خۆڕاگری.
ئەم چیرۆکانە جیاوازن، بەڵام لە خاڵێکدا یەک دەگرنەوە: ژن لە مێژووی خەباتدا تەنیا پاشکۆی ڕووداوەکان نەبووە؛ ئەو خۆی بەشێک بووە لە مێژوو.
بۆیە کاتێک لە داهاتوودا باسی ژنانی خەباتکار دەکەین، با تەنیا وێنەی چەکدارێکمان لەبەرچاو نەبێت. با ئەفسەر سالکیشمان لەبێر بێت؛ ئەو ژنەی بە گێڕانەوەی خۆی بووەتە بەڵگەیەکی زیندووی کارەساتێک. با ژنانی دمدممان لەبیر بێت؛ ئەوانەی ناویان لەگەڵ یەکێک لە کارەساتبارترین گێڕانەوەکانی بەرخۆدانی کورددا ماوەتەوە. با دایکانی پێشمەرگەمان لەبیر نەچن؛ ئەوانەی بە چاوەڕوانی و دڵەڕاوکێ ژیاون. با کچە پێشمەرگەکانمان لەبیر بێت؛ ئەوانەی لەگەڵ هەموو ترس و خەون و خۆشەویستییەکانیان، هەنگاویان ناوەتە سەنگەر.
چونکە لە کۆتاییدا، خۆڕاگریی ژن تەنیا ئەوە نییە کە لە گوللە نەترسێت؛ هەندێک جار خۆڕاگری ئەوەیە کە دوای لەدەستدان هەروا بژی، دوای کارەسات هەروا بوەستێت، دوای دڵتەنگی هەروا چاوەڕێ بکات و دوای ساڵان هەروا یادەوەریی ڕاستییەکان بپارێزێت. ئەمەش ئەو بەشە شاردراوەی مێژووی ژنە کە زۆرجار لە وێنەکاندا نابینرێت، بەڵام لە ناخی مێژوودا هەمیشە زیندووە.
ژنان لە مێژووی کورددا تەنیا لە سەنگەر نەبوون؛ ئەوان خۆیان بەشێک بوون لە سەنگەر.









