خەبات جۆرێکە لە بەئاگاهاتنەوە، وەستانەوە و بەرەنگاربوونەوە دژی پەراوێزخستن و نکۆڵیکردن. مرۆڤی شۆڕشگێڕ بەهۆی ئەو هۆشیارییەی کە هەیەتی ناڕەزایەتی دەردەبڕێت، دژی ستەم، نایەکسانی و لەدەستدانی مافەکان دەوەستێتەوە، قسە دەکات و گیانی پێشکەش دەکات بۆ ئەوەی بڵێسەی هۆشیاری لە بیابانی نەزانیدا نەکوژێتەوە. لەو کۆمەڵگایانەی کە مرۆڤەکان گەیشتوونەتە ئاستێکی بەرزی تێگەیشتن و هۆشیاری کۆمەڵایەتی و باوەڕیان بە مافەکانی مرۆڤ و بەها مۆدێرنە جیهانییەکان هەیە، ناڕەزایەتی بە قوڕگی ئازادی و دەنگێک لە دژی نایەکسانی دەزانن و هەوڵی بە کۆمەڵایەتیکردنی دەدەن تا دەنگی ناڕەزایەتی بناسرێتەوە.
لە مێژووی شۆڕشگێڕانەی گەلی کورد نیشتمان و مرۆڤ تەوەرەی کاکڵەی سەرەکی و بزوێنەری کۆمەڵانی خەڵک بووە بۆ ڕزگاریخوازی لە ژێر دەسەڵاتی چەوسێنەر و داگیرکەر دۆخی کوردستان و ئێران پێویستی بە تێگەیشتنێکی ئەساسی هەیە. بۆ ئەم مەبەستە لە سەرەتادا دەبێت جیاوازی ڕوانگەی وەسفکەر و نۆرماتیڤ بۆ شرۆڤەی ژینگەی کۆمەڵگا هەتا دیاریکردن و گەیشتن بە ئامانجەکان بەکارهێنین.
ڕوانگەی وەسفکەر هەوڵ دەدات دۆخی هەنووکەیی ئەو شێوازە کە هەیە ڕوونی بکاتەوە و بپرسێت مرۆڤەکان چی دەکەن، ڕوانگەی وەسفکەر لە دیوی پێچەوانەی ڕوانگەی نۆرماتیڤ دایە. ڕوانگەی نۆرماتیڤ دیاری دەکات کە مرۆڤەکان چۆن دەبێت ڕەفتار بکەن بۆ ئەوەی بە بایەخ هەژمار بکرێن و دەپرسێت چی باشترە، ئەگەر بمانەوێت بەراوردێک لە نێوان پرسیارە سەرەکی و ناوەندییەکانی هەریەک لە لقەکانی ئەم دوو ڕوانگەمان هەبێت، دەتوانین ئەم پرسیارانە بەم شێوەیە بورووژێنین:
مرۆڤەکان بەباشی دەزانن چی بکەن؟ چ شتانێک هاتوونەتە ئاراوە و خەڵک چۆن بیر دەکەنەوە؟ ئەم دۆخە چۆن دەگۆڕێت؟ باشتر وایە لەسەر چ بنەمایەک بنیات بنێریت؟ دەبێت مرۆڤەکان چۆن هەڵسوکەوت بکەن؟ یان بە واتایەکی تر چیکەین؟
لە چەند سەدەی ڕابردووی دەسەڵاتداری چەوسێنەری کۆماری ئیسلامی، نەتەوەکان و ژنان، کە بێگومان ناوی گرووپ و لایەنە جیابیرەکانی تریش دەتوانین بهێنین و بە گشتی ژیانی تاکەکەسی و بەکۆمەڵ، شوناسی کۆی کۆمەڵە جیاوازەکان نکۆڵی لێ کراوە و هەناسەکێشانی بە ئازاری خۆڵقاندووە، خاکی کوردستان و مرۆڤی کورد لە بندەستیدا شۆڕشی خۆی بەڕێوە بردووە، بەڵام ئەم مەسەلەیە لەگەڵ دۆخێکی تازە و نوێ بەرەوڕوو بووەتەوە کە دەرکەوتەی تێپەڕبوونە چ لەنێو گوتاری خۆی و چ لە دۆخی باو ئەنجامی هەموو ئەم کردەوانە لە بەشە جیاوازەکاندا نەیتوانیوە خواستراوی لەنێو چالاکانی جۆراوجۆری کۆمەڵگای کوردی بێت کە داڵغەی سەرەکییەکانیان فرەچەشنە. بەرکەوتەی بەشێک لە مێژووی بەرەنگاربوونەوە لە دژی فکری باو و ناوەندگەرا لەسەر پێی ڕاوەستانەکەیەتی کە بەردەوام بووە لەسەر چاڵاکیی سیاسی_شۆڕشگێرانە و بەرەنگاری مەدەنی لەنێو و دەرەوەی کوردستان ئاماژە بکەین ئەم مەسەلەیە کوردستان پاڵ دەنێت بۆ بنیاتنانی جەمسەرێکی بەهێزی گۆڕانخواز، دیموکراتخواز و مرۆڤ تەوەر.
لە دەستپێکی شۆڕشی ژینا [فاکتێکی گرنگی پوویایی شۆڕش لە ڕۆژهەڵاتی نوێیە کە ئاماژەی پێ دەکرێت] بووە هۆی پێشانگایەتی بەهێز. کۆماری ئیسلامی هەرگیز چاوەڕوانی ئەوەی نەدەکرد کە بە مەرگی [کۆشتنی دەوڵەتی] ژینا بزووتنەوەی ژنان لە ئێراندا ببێتە پێشەنگێکی بەهێز کاتێک کە دروشمی ژن ژیان ئازادی لە گۆڕستانی ئایچی سەقز لە لایەن گەلی کورد گوترایەوە.
دروشمی ژن، ژیان ئازادی بووە دروشمێکی جیهانی و یۆنیورساڵ کە هەستێکی ئازادیخوازانە لەنێو مرۆڤەکان خۆڵقاند.
هەر لەم ڕاستایەدا دەبێت پرسی ژنان، نەتەوەکان و دۆخی باو دەرک بکرێت هەتا بتوانین گۆڕانکاری بناغەیی، هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتەی باڵادەست و پیاوسالار بە هێزی دەنگ کپکراوەکان، پەڕاوێزخراوەکان ڕوو بدات کە لە هەمان کاتدا شوناسە جیاواز و فرەچەشنەکان وەک خۆیان بمێننەوە لەبەر ئەوەی کە ئێمە لەگەڵ یەک خەڵک یان نەتەوە ڕووبەڕوو نییە، بەڵکوو لەگەڵ چەندین خەڵک و چەندین نەتەوە بەرەوڕووین، بۆ ئەم مەسەلەیە پێویستە دیدێکی نۆرماتیڤمان بۆ سیاسەت هەبێت کە چی بکەین و چی باشترە؟
پرسی ژن لە کوردستان و ئێراندا پرسێکی جددی، سەرەکی و تێکئاڵاوی ئاڵۆزە، هەڵاواردنەکی بناغەیی لە چەندین ئاست لە جومگەکانی سیاسەت و دەسەڵات، کۆمەڵگا و بنەماڵە هتد… ئەمە وا دەکات هەر بزاڤێک لەوپەڕی هەستیاری و دەرکی و ڕوانینی وردبینانە و شۆڕشگێرانە چالاکی بنەخشێنێت، پرسێک کە لە بوونی خۆیدا ئازادیخوازی و سکوڵاریزم و یەکسانی بانگەشە دەکات هەر ئەم ماهییەتە دەبێتە هۆی ڕاکێشانی هێزێکی جیددیی بۆ تێپەڕبوون لە دۆخی باودا. پرسە کۆمەڵایەتییەکان یەکێک لە پرسە گرنگەکانی نێو شەقامی کۆمەڵگایە، بەڵام پێویستی بە هەنگاوی جیددی و تێگەیشتنێکی ڕۆشنگەرانە لەنێو هێزە شۆڕشگێڕانەکان هەیە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دەلاقەکانی هیوا و ئومێدی ژنان تا دێت دادەخرێن، بەڵام لە کوردستان ژیانەوەیەک سەری هەڵداوە کە پێشەنگێکی بەهێزی شۆڕش لە جوگرافیای دەستکردی ئێراندا بانگەواز دەکات. لە جوگرافیای دەستکردی ئێران، پرسی نەتەوەکان و پرسی ژنان لە یەک ڕاستە هێڵدا سەیر دەکرێن و خاڵی سەرەکی و ناوەندی ئەکتێڤیست و باوەڕمەندانی مەیدانی شۆڕشە لە دژایەتی لەگەڵ هێزی باڵادەست و ناوەندگەرا. لەم ڕووەوە پشتیوانی فکری و کردەوەیی هەر دوو لە فیکرییەتی پێداچوونەوەگەرایی، ڕەخنەگرانە و شۆڕشگێڕانە دژی پێکهاتەوە و بنەمای ستەم گەلی سیاسی و کۆمەڵایەتییە. هەربۆیە ئەم دوو هێزە بزوێنەرن بۆ بەشداری لانی زۆری کۆمەڵگا لە پرۆسەی شۆڕش و هەروەها هیوای دێموکراتیزەکردنی پێکهاتە و هێنانی بنەمای ئاوزمەند و مرۆڤ تەوەرانەیە بۆ بەختەوەری کۆمەڵگا و ڕەهایی لە دۆخی سەپاوە و باڵادەست. ڕوانگەی نۆرماتیڤ و ڕوانگەی وەسفکەر تێگەیشتنی بەرهەستتر بە نیسبەت کۆمەڵگا و سیاسەت لە خەباتدا دابین دەکات.
ئەو ئاسۆیە کە دەبینرێت بەبێ هەر چەشنە بیرۆکەی ڕەخنەگرانە، نوێخواز، دیموکراتخواز ناتوانێت بە ئامانجە دڵخوازەکانی بگات کە جەمسەری ئەم گۆڕانە، سەرمایەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای کوردستانە، هەر بۆیە چەمکی نیشتمان دۆستی و مرۆڤ تەوەری هەم پرسی نەتەوەیی و هەم پرسە کۆمەڵایەتییەکان وەڵام دەداتەوە و تێگەیشتن و گەڕانەوە بۆ نێوخۆی کوردستان بە هاو پەیوەندی لەگەڵ گەڵان و سەرانسەری ئێران دابین دەکات و دەرکەوتەی ئەم بیرۆکەیە لە شۆڕشی ژینا دەبیندرێت کە چۆن هێزە دیموکراتەکان هەوڵی خۆ ڕێکخستن، هاوپڵاتفۆرمی، وانە وەرگرتن لە ئەزموونی شۆڕش و خۆ ڕێکخستن کورد وەردەگرن.
شۆڕشی ژینا دەرکەوتەی چەندین ساڵەی بەرخۆدانی گەلی کوردە کە ئێستا بووەتە باشقەی ئازادیخوازان لە سەردەمێکدا کە شۆڕشگێڕی وەک ئەکتێکی ون بوو سەیر دەکرا، بەڵام ئێستا خوێنێکی نوێی بە جەستەی ئازادیخوازان پێشکەش کردووە.