ژن، کۆڵەکەی ئازادی و بەرپرسیارێتیی مێژوویی حیزب و ڕێکخراوەکان

ئێران ڕەشیدی
بابەتی ڕۆڵی حیزبە سیاسییەکان و ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ژنان لە ئاگادارکردنەوەی کۆمەڵگە و بنبڕکردنی دیاردە نەخوازراوەکان. ئەم پرسە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە ماف، ئازادی، کەرامەتی مرۆیی و داهاتووی جومگەکانی کۆمەڵگەکەمانەوە هەیە.
توندوتیژی دژی ژنان، ژنکوژی و ئەو دۆخە دەروونییەی کە بەشێک لە ژنان بەرەو بێهیوایی و دەرەتانی خۆکوژی دەبات، تەنیا ڕووداوی خێزانی نین، بەڵکوو برینێکی قووڵی کۆمەڵایەتین کە پێویستی بە شیکاریی زانستی و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی هەیە.
ڕۆڵی مێژوویی و هەنووکەیی حیزبەکان و ڕێکخراوەکانی ژنان
خەباتی ژنی کورد بەشێکی دانەبڕاوی بزووتنەوەی فیکری و سیاسیی کوردستانە. لە کۆماری کوردستانەوە تا ئەمڕۆ، حیزبەکان و بەتایبەت دیدگای پێشکەوتنخوازانەی ڕێبەرانی وەک دوکتۆر قاسملوو، باوەڕی قووڵیان بەوە بووە کە ژن نیوەی کۆمەڵگەیە و گەشەکردنی وڵات لە ئاوێتەبوونی ئەم نیوەیەی کۆمەڵگە لە گۆڕەپانی سیاسیدا دەبینرێت. ڕێکخراوەکانی ژنان لە ڕێگەی وانە و خولی پەروەردەیییەوە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەریتە کۆنەپەرستەکان وەک ژن بە ژنە و بەشوودانی زۆرەملێ خەباتیان کردووە.
سەرەڕای کۆسپەکانی وەک داپڵۆسینی ئەمنی لە ناوخۆ، ڕێکخراوەکان توانیویانە لە تاراوگەشەوە ببنە دەنگی کپکراوی ناوخۆ و داخوازییەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵات بگەیەننە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان. شۆڕشی «ژن، ژیان، ئازادی» لووتکەی ئەم هۆشیارییە بوو کە سەلماندی ژنی کورد هێزێکی ڕێکخەر و پێشەنگە.
هۆکارەکانی پەرەسەندنی توندوتیژی
بۆ بنبڕکردنی ئەم دۆخە، دەبێت ڕەگەکانی دەستنیشان بکەین:
١. یاسای دژەژن: سیستمی وڵایەتی فەقیە کە بنەمای سەرکوتکردنی ژنانە.
٢. کۆمەڵگەی پیاوسالار: گوشارە نەریتی و خێڵەکییەکان کە ئازادی و ژیانی ژنان دەکەنە قوربانی.
٣. قەیرانی ئابووری: هەژاری و بێکاری کە گوشاری دەروونی بۆ سەر خێزانەکان زیاد دەکات.
٤. شەڕی سایبێری: دەزگا ئەمنییەکان بەتایبەت لە ناوچەکانی وەک جوانڕۆ، پاوە و پیرانشار، لە ڕێگەی کاناڵی ساختە و هەوڵی ناوزڕاندن، دەیانەوێت متمانەی کۆمەڵایەتی بشکێنن و تۆقاندن بڵاو بکەنەوە. بەڵام خەڵکی کوردستان بە هۆشیاریی سیاسی و پاڵپشتیی ڕێکخراوەکانی ژنان، ئەو پیلانە قیزەونانەیان پوچەڵ کردەوە.
ستراتیژیی داهاتوو بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەکان
بۆ قۆناغی داهاتوو، پێویستمان بە پلانی نوێ هەیە:
* تەکنەلۆژیا و میدیا: بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا بۆ هۆشیارکردنەوەی قووڵایی خێزانەکان.
* گۆڕینی بیرکردنەوەی پیاوان: خولەکان تەنیا بۆ ژنان نەبن؛ دەبێت پیاوان ئامانجی سەرەکی بن بۆ فێربوونی یەکسانی.
* تۆڕی پشتگیری: دامەزراندنی هێڵی گەرمی ئەلیکترۆنی بۆ داکۆکیی یاسایی و دەروونی لە ژنانی ژێر هەڕەشە.
* جیاکردنەوەی مافی ژن لە ململانێی حیزبی: پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتووی نیشتمانی بۆ پاراستنی ژنان.
* سەربەخۆیی ئابووری: پەرەپێدانی پڕۆژەی پیشەیی بۆ ژنان تا لەژێر سێبەری توندوتیژیدا نەمێننەوە.
لە کۆتاییدا جەخت دەکەمەوە، ئازادیی کۆمەڵگە بەبێ ئازادیی ژن سەرابێک زیاتر نییە. ڕێکخراوەکانی ژنان بە داکۆکیکردن لە زیندانیانی سیاسی وەک وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی، و ئابڵۆقەدانی پیلانە ئەمنییەکان، سەلماندوویانە کە خاوەن ئەزموونێکی دەوڵەمەندن. ئەرکی ئێمەیە ئەم ئەزموونە بکەینە کرداری مەیدانی و بەرەو کۆمەڵگەیەکی ئازاد و یەکسان هەنگاو بنێین، کە تێیدا کەرامەتی هیچ ژنێک پێشێل نەکرێت.







