ژنان، یەکەم قوربانیی ئابووریی شەڕ

سیمین ڕۆحانیزادە
کاتێک باس لە شەڕ دەکرێت، ئەو وێنانە دێنە بەرچاو کە لە شاشەکاندا نیشان دەدرێن: مووشەک، وێرانە و ژمارەی قوربانییان. بەڵام شەڕ دوای ئاگربەستیش بەردەوام دەبێت، بە شێوەیەکی بێدەنگتر و درێژخایەنتر؛ لە نرخی نان، لە کرێی ماڵ، لە کارگە داخراوەکان و لە سفرەی بەتاڵ. ئەمە ئەو شەڕەیە کە ناوی “ئابووریی شەڕ”ـە و ژنان ئەو گرووپەن کە زۆرترین بەهای دەدەن. لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، شەڕ و گەمارۆ و سیاسەتی ئابووریی دەسەڵات پێکەوە بارودۆخێکیان دروست کردووە کە ژن لە بازاڕی کار و لە ناو ماڵیشدا دەخاتە ژێر گوشار، و هەڵاوسانی یاسایی ئەم فشارە دەکاتە بارگرانییەکی بەردەوام.
بۆ ئەوەی بزانین ئەم بارگرانییە بۆچی بە شێوەیەکی نایەکسان دابەش دەبێت، دەبێت سەیری پێکهاتەی ئابووریی خۆی بکەین. یۆهان گالتوون دەڵێت: توندوتیژی تەنیا بە چەک نییە؛ کاتێک پێکهاتەی ئابووری و یاسایی ڕێگە لە کەسانێک دەگرێت پێداویستییە سەرەتاییەکانیان دابین بکەن، ئەمە خۆی توندوتیژییە و ناوی نا توندوتیژیی ڕێکخراو. دیانا پیرس (Diana Pearce) بۆ ئەم دیاردەیە لە ژناندا چەمکی “ژنانەبوونی هەژاری”ـی داهێنا: هەژاری زیاتر ژنان دەگرێتەوە کاتێک دامەزراوەکانی کار، یاسا و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، ژن لە ڕووی ئابوورییەوە پەراوێز دەخەن. قەیرانی شەڕ ئەم پەراوێزکەوتنە قووڵتر دەکات، چونکە ئەو کەسانەی پێشتر کەمترین سەرچاوەیان هەبووە، یەکەم کەسن کە لێیان دەبڕدرێت.
لە ئێران، ئەم قەیرانە تەنیا ئاکامی دەرەکیی گەمارۆ و شەڕ نییە؛ سیاسەتی دەسەڵاتیش بەشێکی گەورەیەتی. دەوڵەتێک کە بودجەی ئەمنی، سەربازی و ئایدیۆلۆژی لە پێش کار، خوێندن و خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی دادەنێت، سەرچاوەکانی وڵات لە گەشەپێدان دەبڕێت و بۆ ئەو ناوەندانەی تەرخان دەکات کە هیچ بەرهەمێکی ئابوورییان بۆ خەڵک نییە. توێژەرانی فێمینیست، لەوانە سینتیا ئینلۆ، نیشانیان داوە سەربازگەری لەسەر ئەو گریمانەیە بەردەوام دەبێت کە ژنان بۆشاییی خزمەتگوزارییەکان بە کاری بێمووچە پڕ دەکەنەوە. کاتێک ئابووری لەگەڵ گەمارۆ، گەندەڵیی ئابووری و داکەوتنی نرخی دراوی نیشتمانی کۆ دەبێتەوە، هەڵاوسانێکی تاقەتپڕووکێن دێتە ئاراوە کە داهاتی خێزانە کرێکار و فەرمانبەرەکان دەخوات. ئەمە بۆ هەموو خەڵک قورسە، بەڵام بۆ ژنان قورسترە، چونکە ژن لە ئابوورییەکدا دەژی کە پێش قەیرانیش کەمترین پاڵپشتی و پارێزراوی بۆ دابین کردووە.
بازاڕی کاری ئێران بۆ ژنان پێش قەیرانیش دەرگایەکی تەنگ بوو. ژنان لە بەشێکی کەم لە پیشەکان کار دەکەن، زۆربەیان لە دەرەوەی کاری فەرمی و بێ بیمە و بێ گرێبەستی جێگیر، لە دروومان، پیشەسازیی خۆراک و خزمەتگوزارییە بچووکەکاندان. کاتێک گەمارۆ و گرانیی ماددەی خاو کارگە بچووکەکان دەخاتە ژێر فشار، ئەم بوارانە یەکەم جار دادەخرێن و ژنان یەکەم کەسانن کە دەر دەکرێن. ئەی. کووپەر درووری و دورسوون پەکسن (A. Cooper Drury, Dursun Peksen) لە توێژینەوەیەکدا کە ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی بڵاو کرایەوە، دەریان خستووە گەمارۆی ئابووری پێگە و مافەکانی ژنان خراپتر دەکات. لەسەر ئەمانەش، یاسای شارستانی ئەو مافەی داوەتە مێرد کە ڕێگری لە کارکردنی هاوسەرەکەی بکات، و دەرچوونی ژنی لە وڵات بەند بە ڕەزامەندیی مێرد کردووە. واتە ژن کاتێک لە قەیراندا دەەیەوێت بژیوی خۆی بگۆڕێت یان کارێکی نوێ بدۆزێتەوە، لە ناو ماڵیشدا کەسێک هەیە کە بە یاسا دەتوانێت ڕێگای لێ بگرێت.
لە ناو ماڵیشدا، قەیران بە شێوەیەکی دیکە دەردەکەوێت. دیان ئیلسۆن ژنانی بە “هەڵمژەری شۆک” ناوەزد کردووە؛ کاتێک داهاتی خێزان دادەبەزێت و نرخەکان بەرز دەبنەوە، ژنان کاتی کاری بێمووچەیان زیاد دەکەن، خۆراکی خۆیان کەم دەکەنەوە و خزمەتی منداڵان، پیران و نەخۆشان بە تەنیا ئەنجام دەدەن. مارلین وارینگ (Marilyn Waring) ڕەخنەی لەوە گرتووە کە ئەم کارە لە ئامار و بودجە فەرمییەکانی دەوڵەتدا نابینرێت، و لە ئێران ئەم ڕەخنەیە بە زیندووترین شێوە دەردەکەوێت: ئابووریی خێزانەکان بەبێ کاری بێمووچەی ژنان دەڕووخێت، بەڵام هیچ بودجەیەک، هیچ بیمەیەک و هیچ ناسینێکی یاسایی بۆ ئەم کارە نییە. ئەگەر خێزانێک لەبەر شەڕ یان بێکاری سەرپەرشتیارەکەی لەدەست بدات، ژنەکە ناچارە هەم پارە بەدەست بهێنێت و هەم ماڵ بەڕێوە ببات، لە کاتێکدا میرات، نەفەقە و سەرپەرشتیی یاساییی منداڵان هەموویان بە قازانجی پیاو داڕێژراون.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەم وێنەیە ئاڵۆزتر دەبێت. ئەم ناوچەیە بۆ ماوەیەکی درێژ لەژێر سیاسەتێکی ئەمنیدا بووە کە ڕێگر بووە لە وەبەرهێنانی بەرهەمهێنەر، و ئاکامەکەی بێکاریی بەرفراوان و پشت بەستنی بەشێکی گەورەی خەڵک بە ئابووریی سنوور بووە. پیاوان بۆ ژیان ناچار دەبن ببنە کۆڵبەر یان کۆچ بکەن، و بەرپرسیارێتیی خێزان دەەکەوێتە سەر شانی ژنان.
کاتێک کۆڵبەرێک بە دەستی هێزی سنووری دەکوژرێت یان بریندار دەبێت، ژنەکەی ناچارە بە کارێکی سەخت و کەممووچە، لە کشتوکاڵ، پیشەی ماڵەوە و کارگە بچووکەکاندا، خۆی و منداڵەکانی بژێنێت. توێژینەوەکان دەربارەی ژنانی کورد نیشانی داوە کە ژنی کورد لە نێوان دەوڵەتێکی ناوەندگەرا، پیاوسالاریی کۆمەڵایەتی و گوتاری نەتەوەییدا دەکەوێتە ژێر گوشار. لە ئابووریدا ئەم گوشارە بەم شێوەیە دەردەکەوێت: ژنی کورد هەم لەلایەن دەوڵەتەوە لە بەشە ئابووری و یاسایییەکان و چەندین بەشی دیکە بێبەش دەکرێت، هەم لەلایەن پێکهاتەی خێزان و کۆمەڵگەوە بارگرانییەکانی دەکەوێتە سەر.
کاریگەریی قەیرانی ئابووری بە کاری ئێستا کۆتایی نایەت، بەڵکوو نەوەی داهاتووش دەگرێتەوە. کاتێک خێزان ناتوانێت خەرجیی خوێندن دابین بکات، کچان پێش کوڕان لە قوتابخانە دووردەخرێنەوە و منداڵھاوسەری وەک ڕێگایەک بۆ سووککردنی بارگرانیی ئابووری دەبێتە بژاردە. دەنیز کەندیۆتی بۆ ئەم جۆرە بارودۆخانە چەمکی “ڕێککەوتنی پیاوسالارانە”ی بەکارهێناوە: ژن لە چوارچێوەیەکی نایەکساندا ناچارە بۆ دەستەبەرکردنی کەمترین ئاسایش بەشێک لە ئازادییەکانی بەخت بکات. لێرەدا ئەو ئاسایشە بژیویییە، و ئەو بەختکردنە خوێندن و ئازادیی کارکردنی کچانە. هەژاری بەم شێوەیە لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە دەگوازرێتەوە.
ئەم بارودۆخە چارەنووسێک نییە؛ ئاکامی سیاسەتە. شەڕ و گەمارۆ بەشێکی قەیرانەکان دروست دەکەن، بەڵام ئەوەی بەشێکی دیکەی دروست دەکات، سیاسەتی دەسەڵاتە کە خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی دەخاتە پاش بودجەی ئەمنی، و یاسایەکە کە ژن لە ڕووی ئابوورییەوە لەژێر سەرپەرشتیی پیاودا دەهێڵێتەوە. بەڵام دەکرێت بڵێین ژنان بەرامبەر بەمە بێدەنگ نەبوون. لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ژنان بە دانانی هەندێک کاری بچووک و دامەزراندنی هەندێک کاری ئۆنلاین توانیویانە ئەو بۆشاییانە پڕ بکەنەوە، بەڵام شەڕ و پچڕانی ئینتەرنێتیش کاریگەریی خستە سەر ئەو کارانەش و جارێکی دیکە ژنان تووشی قەیرانێکی دیکە بوون و بە لەدەستدانی کار، سەربەخۆییی ئابووریی خۆشیان لەدەست دا. دۆخی شەڕ و ئاڵۆزی بۆ هەموو کۆمەڵگە دۆخێکی ئەستەمە، بەڵام بۆ ژنان چەند قات ئەستەمترە و چەند قات تووشی بارگرانیی دۆخی ناباری ژیان دەبن.
ئابووریی ڕاستەقینەی ئاشتی، ئابوورییەکە کە کاری ژن تێیدا ببینرێت و بەهای بۆ دابنرێت، ژن بە یەکسانی ماف و دەرفەتی کاری هەبێت، و بودجەی وڵات لە جیاتی شەڕ بۆ خوێندن، تەندروستی و کار خەرج بکرێت. تا ئەو ڕۆژە، شەڕ بە هەموو شێوەکانییەوە، لە مووشەکەوە تا گەمارۆ و لە بودجەی ئەمنییەوە تا یاسای هەڵاواردن، دژی ژنان بەردەوام دەبێت؛ ژنانیش، وەک هەمیشە، لەو یەکەم کەسانەن کە بەرەنگاری دەبنەوە.









