ژنانی ئەم ڕێگایە؛ مێژوویەک لە خۆڕاگری، کۆست و هیوا

ئەسرا مستەفایی
پێشەکی
لە مێژووی گەلانی جیهاندا دەبینین کە ژنان لە هەر وڵاتێکدا بە شێوازی جیاواز ڕۆڵی خۆیان گێڕاوە. سەرەڕای ئەو ئاستەنگ و بەربەستانەی کە بەهۆی ڕەگەزگەراییەوە لە سەر ڕێگەیان بووە و تەنانەت لە دیموکراتترین وڵاتانیشدا وەک کەرەستە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، هێشتا کەمتر باسیان لێوە دەکرێت.
ژمارەی ئەو ژنانەی لە بوارە جیاوازەکاندا کاریگەرییان هەبووە کەم نییە؛ ئەگەرچی ناکرێت لێرەدا ناوی هەموویان بهێنین، بەڵام دەتوانین ئاماژە بە چەند ناوێکی دیار بکەین، وەک: ڕۆزا لۆکزامبۆرگ، ژاندارک، مادام کیوری و چەندانی تر.
لە مێژووی کوردیشدا ژنی بلیمەت و هەڵکەوتوو زۆرن، وەک: فاتە ڕەشی گەڵواخی، بیبی مریەمی بەختیاری، قەدەمخێر، مەستوورەی ئەردەڵان و هتد…
بەڵام مێژووی کورد، بەهۆی نەبوونی کیانێکی سیاسی و دەوڵەتی سەربەخۆ، هەمیشە لەژێر چەپۆکی زوڵم و ستەمدا بووە و تا ئەمڕۆش بۆ وەرگرتنەوەی مافە زەوتکراوەکانی لە تێکۆشاندایە. ژنانی کورد لەم ڕێگایەدا، ئەسپایی خۆیان سەپاندووە و بارگرانییەکی گەورەی ئەم خەباتەیان لە کۆڵ ناوە.
مەبەست لەم نووسینە
دەمەوێ لەم کورتە نووسینەدا باسی ئەو ژنانە بکەم کە لە ڕێڕەوی شۆڕشدا بوون و زۆرجار بە بێدەنگی تێپەڕیوون و ئەوەی شایستەیانە باسیان لێوە نەکراوە.
ژن لە ڕیزەکانی پارتە سیاسییەکاندا
کاتێک باس لە مێژووی خەباتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەکەین، دەبینین هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، بە ئامانجی پاراستنی مافی ژنان وەک بەشێکی دانەبڕاو لە کۆمەڵگەی کوردی، “یەکێتیی ژنانی دیموکرات”ی دامەزراندووە.
بەشێکی زۆری ئەم نووسینە پێوەستە بە چالاکییەکانی ئەم ڕێکخراوە، کە بەداخەوە نەیتوانیوە وەک پێویست بەسەر ئاستەنگەکاندا زاڵ بێت و بتوانێت مافی ژنانی شۆڕشگێڕ بە تەواوی بەرجەستە بکات.
ژنانی نێو شۆڕش
زۆرجار یادی شەهیدان و پێشمەرگەکان دەکەینەوە؛ ئەوانەی لە پێناوی باوەڕ و ئامانجەکانیاندا گیانیان بەخشی. بەڵام لە پشت ئەم مێژووەدا، مێژووی ژنانێک هەیە کە زۆرجار بە بێدەنگی تێپەڕیوە؛ ژنانێک کە تەنیا شایەتحاڵی ڕووداوەکان نەبوون، بەڵکو خۆیان ئەندازیاری سەرەکیی ئەم ڕێگایە بوون.
ئەو ژنانە ساڵانێکی زۆریان بە چاوەڕوانیدا بەسەر بردووە؛ چاوەڕوانیی گەڕانەوەی هاوسەر، کوڕ، برا یان باوکێک. هەندێک جار چاوەڕوانییەکەیان بە گەیشتنەوەی خۆشەویستەکەیان کۆتایی هاتووە، بەڵام زۆرجار بە هەواڵێکی تاڵ و پڕ لە کۆست: «خۆشەویستەکەت شەهید بووە.»
بۆ دایکێک، هیچ داخێک لە داخی منداڵ قورستر نییە. دایکی شەهید ساڵانێک ڕۆڵەکەی بە هیوا و ئاوات گەورە دەکات، بەڵام ڕۆژێک دەبێت لەگەڵ جێگای بەتاڵی ئەو، ژیان بەردەوام بکات. داخی شەهیدبوونی منداڵ برینێک نییە بە تێپەڕبوونی کات ساڕێژ بێت؛ ئەو داخە تا کۆتایی ژیان لەگەڵ دایکدا دەمێنێتەوە.
لە تەنیشت دایکی شەهید، هاوسەرانی شەهیدانیش هەبوون؛ ژنانێک کە دوای لەدەستدانی هاوسەرەکانیان، تەنیا هاوبەشێکیان لەدەست نەدا، بەڵکو هاوڕێ و پشت و پەنای ژیانیان لەدەست دا. بەڵام ژیان دەبوو بەردەوام بێت. منداڵەکان دەبوو پەروەردە بکرێن، ماڵ دەبوو بەڕێوە ببرێت و بەرپرسیارێتییەکان دەبوو هەڵبگیرێن.
ژن، لەگەڵ دڵێکی پڕ لە ئازار، دەبوو هەروا بەهێز بمێنێتەوە. سەختیی ژیانی ئەو ژنانە تەنیا بە داخ و چاوەڕوانی کۆتایی نەهاتووە. هەژاری، دەستکورتی، ئاوارەیی، دووری لە نیشتمان و ژیان لە بارودۆخێکی نائاساییدا، هەموو بەشێک بوون لە ڕۆژگاریان. ئەو ژنەی خۆی پێویستی بە پەنا بوو، بوو بە پەنای منداڵەکانی.
کۆتایی
لێرەدا دەگەین بەو ئەنجامەی کە ئێمە لەم بوارەدا کەمتەرخەم بووین. دەبێ زیاتر لە جاران هەوڵ بدەیم ڕۆڵی کاریگەریی ئەم ژنە خەباتکار و خۆبەخشە بەرجەستە بکەین و مافی ڕەوایان پێ بدەین. ئەم ئەرکە تەنیا بە نووسینی وتارێک ناکرێت؛ دەبێ بە بەردەوامی لە ڕێگەی ڕاگەیاندن، گرتنی کۆڕ و سیمینار و بۆنەی تایبەتەوە، ڕێز لەو خەباتە پڕ لە ئازار و تاقەتپڕوکێنە بگرین.
لە کۆتاییدا:
– ڕێز بۆ دایکی شەهیدان.
– ڕێز بۆ هاوسەرانی شەهیدان.
– ڕێز بۆ هەموو ژنانی ئەم ڕێگایە.
– ڕێز بۆ ئەو ژنانەی بە بێدەنگی، ژیان و هیوا و خۆڕاگرییان پاراستووە.
یادی هەموو شەهیدان بەرز و بەڕێز بێت و چیرۆکی ژنانی ئەم مێژووە هەرگیز لەبیر نەکرێت.



