هێرۆ عەزیزی
دۆخی ژنانی نێو شۆڕشی ئەوڕۆی ڕۆژهەڵات بە قۆناخێڪی هەستیاردا تێدەپەڕێ. شەڕ و ئاڵۆزی، ژنانی نێو شۆڕشی لەگەڵ دۆخێڪی نالەبار بەرەوڕوو کردووەتەوە.
شەڕی ئامریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ڕێژیمی ئێران و هاوکات هێرشی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر بنکە و بارەگای حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، پێش ئەوەی حیزبەکانی لە باری هێزی سیاسی و نیزامی لەگەڵ دۆخێڪی نالەبار ڕووبەڕوو کردبێتەوە، هاوکات دۆخی ژیانی بنەماڵەکانی لە شوێنی نیشتەجێبوونیان، تووشی ڕەوشێڪی دژوار کردووەتەوە و ژیان بۆ بنەماڵە لەو شوێنانە بەتەواوی دژوار بووە. هەر بۆیە دەکرێ بڵێین لێرەدا ژنان دەتوانن لە یەکەمین بەرکەوتەکانی ئەو هێرشە بن.
ژنان لەنێو شۆڕشدا بە دوو شێوە ڕۆڵ دەگێڕن. یا وەکوو کەسی نیزامی لە ڕیزەکانی پێشمەرگەدا سازمان دراون یا هەر ئەندامی حیزبەکانن و ئەرکی ماڵ و ماڵداری و لە پاڵەوەش ئەرڪی حیزبی بەڕێوەدەبەن. ڕەنگە به جورئەتەوە ئەوە بگوترێت کە لە ڕاستیدا ژنان کۆڵەکە و ڕاگری بەشێکی زۆری ئەو شۆڕشەن. ئەگەر ژن، ژیانی شیرین نەکردبایە و مانای بە ژیان نەدابایە، ڕەنگبێ ڕاوەستان و هەڵکردن بەو ڕەوشە ناخۆش و کارەساتبارە بە درێژایی ساڵانی ساڵ بۆ هەموو لایەک زۆر دژوار بایە.
ئەوجارە تەنیا وەک پاڵنەری پیاوان نا بەڵکوو دیسان بە شێوازی تر ژن مانا بە ژیان دەداتەوە و شۆڕش لە سەرلێشێواوی و لێکترازان دەپارێزێ بەڵام ڕەنگە زۆر کەس درک بەو ڕاستییە نەکات.
ژن لێرە ڕاستەوخۆ بەشێڪە لە قوربانی. وەکوو پێشمەرگە کە شەهید دەبێ یا وەکوو دایک و خوشک و خێزانی پێشمەرگە شاهیدی لەدەستدانی ڕۆڵە، برا یا مێردەکەی دەبێ. شەهیدان نەدا و سەمیرا دەتوانن لەو نموونانە بن هەروەها ژن لە سەردەمی مۆدێڕنیشدا قوربانی کۆنەپارێزی هەر دەبێ و دەبینین هەندێڪ نەخۆشخانە دەتوانن لە چارەسەری بریندارانی وەکوو غەزەل بەهۆی بیر و باوەڕیەوە خۆ ببوێرن.
ژن لێرەدا خەریڪە گەورەترین نرخ لەخۆی دەبەخشێتەوە، هاوکات گەورەترین شانازیش بۆخۆی وەکوو پێشمەرگە یا وەکوو خێزان و خوشک و دایڪی پێشمەرگە لەو هەلومەرجەدا تۆمار دەکا.
ئەوەی زۆر گرینگە، نەکوژانەوەی هیوا و بەردەوامی خەباتێڪی پیرۆزە کە ژنان ڕۆڵگێڕێڪی سەرەکی ئەو بوارەن و مەفهوومی ژیان بە بوونی ئەوان بەستراوەتەوە و لە هەر کوێ بن ژیان لەوێ سەرهەڵدەداتەوە. ئەوان لە ئێستادا پێشڕەوی ڕەوت و ئامانجێڪی پیرۆزن بەناوی ژیان و ئازادی.
.




