نەسرین یوسفزادە
شەڕ هەرگیز دیاردەیەکی خۆش نییە. شەڕ واتای وێرانکاری، قەیرانی ئابووری و فشار لەسەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵکە. لە هەر شەڕێکدا ئەو کەسانەی زۆرتر زیان دەبینن خەڵکی ئاسایی و بە تایبەتی ژنانن، چونکە بارە قورسەکانی ژیان و چاوەدێری خێزان زۆرجار دەکەوێتە سەر شانیان. بەڵام لە هێندێک کاتدا، ئەم قەیرانانە دەبنە سەرچاوەی گۆڕانکارییە گەورە سیاسییەکانیش.
ئێستا ناوچەکە لە دۆخێکی ئاڵۆز و پڕ لە نائارامی تێپەڕدەبێت. ئەگەرچی شەڕ و توندوتیژی باش نییە و زیانی گەورە بە ژیانی خەڵک دەگەیەنێت، بەڵام بۆ گەلێکی وەک گەلی کورد کە نزیکەی هەشت دەیە لە ژێر دەسەڵاتی سەرکوتکەری کۆماری ئیسلامی ژیاوە، هەر گۆڕانکارییەکی گەورە لە ساختاری سیاسیی ئێران دەتوانێت موژدەی داهاتوویەکی نوێ بێت.
لە ماوەی نزیکەی هەشت دەیەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، گەلی کورد لە ئێران ڕووبەڕووی سیاسەتێکی سیستماتیکی سەرکوت بووەتەوە، سنووردارکردنی زمانی کوردی، داخستنی بوارە کولتورییەکان، هەژاری و پشتگوێخستنی ناوچەکانی کوردنشین، و سەرکوت و زیندانی کردن و لەسێدارەدانی و بەردباران و دەیان ئەشکەنجەی چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی.
لەنێوان هەموو ئەم فشارانەدا، ژنان ڕۆڵێکی گرینگیان بینیوە. ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵات نەک تەنیا بەرگرییەکی کۆمەڵایەتییان کردووە، بەڵکو لە بزووتنەوە مەدەنییەکان، لە پاراستنی زمان و کولتور، و لە بەردەوامی ژیانی خێزاندا ڕۆڵی سەرەکییان گێڕاوە. بەڵام لە هەمان کاتدا، لە گرتن و زیندان تا فشاری ئابووری و کۆمەڵایەتی؛ ئەوان زیاترین باجیان داوە.
مێژوو نیشان دەدات کە زۆرجار ساختارە سیاسییە توند و داخراوەکان لە کاتی قەیرانە گەورەکاندا دەشکێن. شەڕ یان قەیرانی ناوچەیی دەتوانێت ئەو سیستەمە سیاسییانەی کە بە هێزی سەرکوت خۆیان پاراستووە بە هەڵچوون و گۆڕانکارییە گەورەکان بەرەوڕوو بکات.
بۆ گەلی کورد، کە بۆ ماوەیەکی درێژ داواکاری مافە نەتەوەیی و کولتورییەکانی کردووە، هەر گۆڕانکارییەکی گەورە لە ئێران دەتوانێت درگای قۆناغێکی نوێ بکاتەوە. قۆناغێک کە تێیدا گەلەکان دەتوانن لەسەر بنەمای یەکسانی و مافە دێموکراتیکەکان ژیانی خۆیان ڕێک بخەن.
لە داهاتوویەکی ئازادتر بۆ ئێران و کوردستانی ڕۆژهەڵات، ژنان دەتوانن بە شێوەیەکی گەورەتر بەشدار بن لە دروستکردنی کۆمەڵگەی نوێ. ئەم بەشداریکردنە تەنها لە بواری سیاسی نییە، بەڵکو لە هەموو بوارەکاندا دەتوانێت خۆی نیشان بدات. بۆ نموونە دەتوانین بڵێین لە بواری کولتوریدا گەشەپێدانی زمانی کوردی، ئەدەب و هونەری. لە بواری کۆمەڵایەتی بەهێزبوونی بزووتنەوەکانی ژنان بۆ یەکسانی ماف و دادپەروەری و لە بواری ئابووری: دەرفەتی کار و بەرهەمهێنانی زیاتر بۆ ژنان لە ناوچەکانی کوردنشین. هەموو کارانەن کە ژنانی کۆمەڵگە وەک ئەرک شانیان وەبەر داوە و زۆر جار باجیشیان بۆ داوە.
ئەگەر سیستەمێکی دێموکراتیک و دادپەروەر دروست بکرێت، ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەتوانن لە داهاتوودا نەک تەنیا لەم فشارانەی ئێستا ڕزگار دەبن، بەڵکو دەبنە یەکێک لە هێزە سەرەکییەکانی گەشەپێدانی کۆمەڵگە.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، ژنانی کوردستانی ڕۆژهەڵات زیاترین باجیان داوە؛ لە سەرکوتی سیاسی و سنووردارکردنی کۆمەڵایەتی تا هەژاری و فشارەکانی ژیانی ڕۆژانە. بەڵام هەمان ئەو ژنانەن کە هێزی بەردەوامی و هیوا لە کۆمەڵگەدا پاراستووە.
ئەگەر گۆڕانکارییە گەورەکانی ئێستا بتوانن دەرگای داهاتوویەکی نوێ بکەنەوە، ئەوا دەکرێت بڵێین کە ئەم قۆناغە ــ لەگەڵ هەموو قورسییەکانی ــ دەتوانێت ببێتە پێشەنگی قۆناغێک کە تێیدا گەلی کورد و بە تایبەتی ژنان، لە وڵاتێکی ئازادتر و دادپەروەرانەتر، بە ئارامی و بە ئازادی بژین و ئاواتەکانیان بە دی بهێنن.




