باران رۆژهەڵات
ئەگەرچی هێشتا زووە بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی و یەکلاکەرەوە لەسەر ئاراستەی کۆتایی ناڕەزایەتییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئێران بدەین، بەڵام پرسیارێکی ڕاستەقینە لە شیکاریی سیاسیی ئەمڕۆدا بوونی هەیە: ئایا ژنان لە کوێن؟ ئایا بەم شەپۆلە پەیوەست دەبن؟ ئەگەر ئامادەبوونیان کەمڕەنگتر دەردەکەوێت، هۆکارەکەی چییە؟ و ئەگەر کەشی سەرکوت بەردەوام بێت، ڕۆڵی ژنان چۆن دەکرێت گۆڕانکاریی بەسەردا بێت؟ لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٤٠١ (٢٠٢٢)دا، ژنان تەنیا «ئامادە» نەبوون، بەڵکوو «داڕێژەری» مانای ناڕەزایەتییەکە بوون. جەستەی ژنانە، حیجاب، ڕەفتار و چالاکییە هێماییەکان، ئامادەبوونی سەر شەقام و گۆڕینی جەستە بۆ گۆڕەپانی بەرگری، ناڕەزایەتییەکانی کرد بە جووڵەیەکی سیاسی و سیمبولیک. بەڵام ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییە سروشتێکی جیاوازیان هەیە: زیاتر بژێویی و کاردانەوەیین، بەبێ «ڕووداوێکی بزوێنەری شوناسی و چەقی» وەک کوژرانی ژینا ئەمینی و بەبێ ئەو ڕەهەندە بوونییەی کە ڕاستەوخۆ بە ژیان، جەستە و پێگەی ژنانەوە گرێ درابێت. بۆیە سروشتییە کە تا ئەم ساتە، مەیدانی ژنانە بە هەمان شێوەی ساڵی ١٤٠١ دووبارە نەبووبێتەوە. لەپاڵ ئەم جیاوازییە زەمینەییەدا، تێچووی شەخسی بۆ ژنان ئەمڕۆ زیاتر و هەستپێکراوترە.
حکوومەت لە دوای ٢٠٢٢ـەوە «هێڵێکی کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی بەسەر جەستەی ژندا» دروست کردووە: گەشتی تەواوکات، کامێرا، دۆسیەسازی، بڕینی خزمەتگوزارییەکان و گرێدانی پرسی حیجاب بە ئاسایشی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە. ئەمە بەو مانایەیە کە هاتنە سەر شەقام بۆ ژن تەنیا مەترسیی دەستبەسەرکردنی نییە، بەڵکوو مەترسیی دەستێوەردانی بەردەوام لە ژیانی ڕۆژانەیدا دروست دەکات. بۆ زۆرێک لە ژنان، بەتایبەت ژنانی چینی ناوەڕاستی شارەکان، ژنانی سەرپەرشتیاری خێزان یان خوێندکارانی بەستراوە بە پشتیوانیی دارایی خێزانەوە، ئەم تێچووانە زۆر ڕاستەقینەن.
فاکتەرێکی کەمتر بینراو بەڵام گرینگ ئەوەیە کە وا دیارە بەشێک لە ڕەوتە ئامادەکانی نێو ئەم ناڕەزایەتییانە، بە ئاگایی یان بێ ئاگایی، دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی»یان پەراوێز خستووە یان هەوڵیان داوە مەیدانی مانایی ناڕەزایەتییەکە لە تەوەرەی ئەزموون و داواکاریی ژنان جیا بکەنەوە. بۆ زۆرێک لە ژنان، ئەم دروشمە تەنیا دروشمێکی سیاسی نەبووە، بەڵکوو دەربڕی بکەرێتیی ئەوان، ئەزموونی ژیانیان لە سووکایەتیی سیستماتیک و مافی بینران وەک بکەرانی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی بووە. ئەگەر ئەم دروشمە پەراوێز بخرێت، بەشێک لە ژنان هەست دەکەن دووبارە بۆ «هێزی یەدەک و کۆمەک» دابەزێنراون، نەک خاوەنانی سەرەکیی مەیدانەکە. ئەم دۆخە دەتوانێت پاڵنەری بەشداریکردنی دەستبەجێ کەم بکاتەوە، چونکە ژنان بەرامبەر بە جووڵەگەلێک کە دەنگی ئەوان نوێنەرایەتی نەکات یان گێڕانەوەکەیان نەهێنێتە چەقەوە، پارێز و وریایی زیاتریان هەیە. لە ئەنجامدا، گەڕانەوەی بەهێزی ژنان، تا ڕادەیەک پەیوەستە بەوەی ئایا ئەم ناڕەزایەتییانە دەتوانن دووبارە پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» دروست بکەنەوە یان نا. ئایا ئەمە بە مانای پاسیڤبوونی ژنانە؟ ژنان غایب نین؛ بەڵکوو ئۆلگووی بەشدارییان گۆڕاوە. بەشێک لە چالاکیی ژنان ئەمڕۆ لە «شەقام»ەوە بۆ «ژیانی ڕۆژانە» گواستراوەتەوە: بەرگری لە حیجاب، بەرگری لە ناوەندە گشتییەکان، تۆڕبەندیی ناوەکی، گێڕانەوە و بەرهەمهێنانی مانا لە فەزای کۆمەڵایەتی و میدیاییدا. چالاکیی ژنانە مەرج نییە تەنیا لە شەقامدا بێت؛ هەرچەندە شەقام بەهێزترین شانۆی سیاسەتە. لە لایەکی ترەوە، ژنان ئەزموونێکی زۆر نزیکیان لە تێچوو و زەبری سەرکوت هەیە. زەبری دەروونی و جەستەیی ٢٠٢٢ هێشتا تازەیە؛ ژنانێکی زۆر زیندان، دەرکردن لە کار، دۆسیەی دادوەری، بێبەشبوون لە خوێندن و گوشارە خێزانییەکانیان ئەزموون کردووە. سروشتییە کە بەشێک لەم کۆمەڵگەیە ئێستا قۆناغی «هەڵسەنگاندنەوەی تێچوو-قازانج» تێپەڕێنێت و تا ئەو کاتەی ناڕەزایەتییەکان شێوەیەکی بەردەوامتر، بەرفراوانتر یان مانای شوناسیی ڕوونتر پەیدا نەکەن، بە پارێز و وریایی زیاترەوە مامەڵەی لەگەڵ بکەن.
ئایا ژنان پەیوەست دەبن بەم ناڕەزایەتییانەوە؟ پەیوەستبوونی ژنان پەیوەستە بە دوو گۆڕاوی سەرەکییەوە: یەکەم «مانای ناڕەزایەتی». ئەگەر ناڕەزایەتی بگاتە ئاستێک کە دووبارە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە ژیان، کەرامەت و جەستەی ژنانەوە هەبێت؛ بۆ نموونە توندکردنەوەی گوشارەکان لەسەر حیجاب، یاسا نوێیە سنووردارکەرەکان، یان ڕووداوێک کە هەستی سووکایەتیی جێندەری فراگیر بکات، ئامادەبوونی ژنان لەناکاو دەتوانێت باز بدات. ژنان لە ئێران تەنیا لە دۆخی «مافخوازیی جێندەری»دا نایەنە مەیدان؛ بەڵام کاتێک ناڕەزایەتی دەست لە «هەستی مانەوە» و «هەستی شکۆ» دەدات، دەبن بە بزوێنەری سەرەک. گۆڕاوی دووەم «هەستی کارایی»یە. ئەگەر ناڕەزایەتییەکان بە خێرایی سەرکوت بکرێن، کورتخایەن بن یان پەرشوبڵاو و بێ ئاسۆ دەربکەون، بەشداریی ژنان نزم دەمێنێتەوە. چونکە ئەوان زیاتر لە هەر گرووپێک تێچووی هەستپێکراویان ئەزموون کردووە. بەڵام ئەگەر ناڕەزایەتییەکان درێژخایەنتر بن، تۆڕ دروست بکەن، گوتارەکە جۆرێک لە ئەگەری گۆڕانکاری دروست بکات و «یەکگرتوویی» ببێتە هەستێکی هاوبەش، ژنان زووتر دەچنە نێو بازنەی ناوەندییەوە. مێژووی سیاسیی ئێران نیشانی داوە هەر کاتێک جووڵەی کۆمەڵایەتی دەگاتە قۆناغی جەماوەریبوون، ژنان لە ڕیزی یەکەمین هێزەکانن کە کێشی کۆمەڵایەتیی جووڵەکە زیاد دەکەن.



