بازدان بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ژنان و خەباتی ئەدەبیئەدەب ڕێگایەکە بۆ دەربڕینی دەنگە بێدەنگەکان

جیهان بێتووشی ١٥٥
ژنان و خەباتی ئەدەبیئەدەب ڕێگایەکە بۆ دەربڕینی دەنگە بێدەنگەکان
قەڵەمی نوێ‹ژنان و خەباتی ئەدەبیئەدەب ڕێگایەکە بۆ دەربڕینی دەنگە بێدەنگەکان

جیهان بێتووشی

ژنان بە هێز و بازو و فکری خۆیان لە هەموو کۆمەڵگا جیاوازەکاندا هەوڵیان داوە کە لە خەباتە جۆربەجۆرەکاندا کەڵک وەربگرن، بۆ شکاندنی سنوور و بەربەستەکان لە بەدەستهێنانی مافەکانیان و سەلماندنی ژنبوون و هەبوونیان لە کۆمەڵگادا.
یەکێکیش لەو خەباتانە خەباتی ئەدەبی و، بەکارهێنانی وشە و نوسین و بڵاوکردنەوە بوو.
لە مێژووی ئەدەبیاتی کوردیدا وشە تەنها ئامرازێک نەبوو بۆ دەربڕینی بیر و هەست، بەڵکو بووە بە هێزێک بۆ بەرەنگاربوونەوە و تێکشکاندنی سنوورەکان و داواکردنی ماف و ئازادی. لەم ڕوانگەیەشەوە ئەدەب بۆ ژنان تەنها مەیدانێک بۆ داهێنان و جوانکاری و پیاهەڵدان نەبووە، بەڵکو بووە بە بوار و خەباتێک بۆ خۆناسین و دەربڕینی ناسنامە و تۆمارکردنی ئەو ئەزموونانەی کە زۆرجار لە مێژوودا پشتگوێ خراون.
بەرەبستی زۆر بۆ ژنان دروستکراوە لە کۆمەڵگادا بە بیانووی هێڵی سوور و کەلتوور و فەرهەنگی کۆمەڵایەتی و بەکەڵک وەرگرتن لە وشەی حەرام ژنانیان لە ئەدەب و نووسین و فێربوون دوور دەخستەوە، بەڵام هەموو ئەو سنوورانە هەرگیز نەیانتوانیوە ڕێ لە ژنان بگرن بۆ نێوە دنیای ئەدەب و وشە جوانەکان ژنان توانیویانە لە ڕێگەی وشە و چیرۆک و ڕۆمان و هۆنراوە خۆیان بسەلمێنن و ببنە گێڕەڕەوەی ژیاننامەی خۆیان.
نووسین بۆ ژن زۆرجار لە ئاستی داهێنان تێپەڕیوە و بووەتە جۆرێک لە خەبات، خەباتی ئەدەبی ژنان تەنها لەوەدا کۆ نابێتەوە کە ژن بتوانێت بنووسێت، بەڵکو دەرخەری ئەوەیە کە ژن خۆی  بیر بکاتەوە و ئەزموونی خۆی بگێڕێتەوە، لە دەرەوەی ئەو سنوورانەی بۆی دیاریکراوە و جیهانی خۆی دروست بکات  نووسینەکانی بکاتە ئاوێنەیەک بۆ خۆشەویستی و بەرەنگاربوونەوە و ناچارکردنی کۆمەڵگا کە ژن وەک خۆی دەیبینێت بیبینن.

ژنان و ئەدەبی شێعر

لە نێو هەموو ئەدەبەکاندا هۆنراوە شوێنێکی تایبەتی هەیە، چونکە بە دەربڕینێکی کەم دەتوانێت جیهانێک لە هەست و بیر و ئەزموون بگوازێتەوە. هۆنراوە بۆ ژن دەتوانێت ببێتە ئەو هەستەی کە هیچ کات نەیتوانیوە دەری ببڕێت، بەڵام لە ژێر وشە جوان و شاراوەکان بە شێوەی پڕاگماتیکی دەتوانێت ئەو دەنگە بێ دەنگانە بکاتە دەنگێکی بەهێز، هەروەها ببێتە ئامرازێک بۆ ڕەخنەگرتن لە نادادپەروەری و داواکردنی ئازادی و یەکسانی.
هۆنراوە بۆ ژنان تەنها دەربڕینی هەست و نەست نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لە ئەزموون و خەباتی ژنان بۆ سەلماندنی بوونی ڕەگەزی لە کۆمەڵگادا.
هۆنراوە لە مێژووی ئەدەبیدا یەکێکە لە گرنگترین ئامرازەکانی دەربڕینی هەست و سۆز و خۆشەویستی و ئەزموونی مرۆڤ، بەڵام کاتێک باس لە ژن و هۆنراوە دەکەین، چەند پرسیارێک دێتە پێشەوە. ژن لە ڕێگەی هۆنراوەو چی دەڵێت؟ چ ڕاستییەک ئاشکرا دەکات؟ چۆن وشە دەگۆڕێت بۆ ئامرازێک بۆ ناساندنی خۆی و ڕەخساندن لە جیهانی دەوروبەر؟ لە هۆنراوەی ئەمڕۆدا خۆشەویستی و دایکایەتی و ئازار و لەدەستدان و ناسنامە و ئازادی و نایەکسانی دەتوانن ببنە بابەتی سەرەکی ژنان لە هۆنراوەکانیان ئەو هەستانە دەردەبڕێت کە لە ژیانی ڕۆژانەدا بە بێ دەنگی تێدەپەڕن. بەم پێیە هۆنراوە بۆ ژن لە ئاستی دەربڕین دەگوازێتەوە بۆ ئاستی بەرەنگاربوونەوە ژنان بە پێی شێواز و ئەزموونی جیاواز بەشدارییان لە گەشەکردنی شیعردا کردووە، واتە بۆ هەر سەردەمێک بە جۆرێک ئەزموونەکانی خۆیان نووسیوەتەوە و جەنگاوەن بۆ یەکسانی و مافەکانیان. ئەوەش سەلمێنەری ئەوەیە کە ئەزموونی ژنان یەک شت و یەک ڕەنگ و یەک دەنگ نییە، بەڵکو جیهانێکی فرەڕەنگە.
لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکانی وەک کۆمەڵگەی کوردی، وتنی ڕاستەوخۆ و دەربڕینی ناڕەزایەتی بۆ ژن قورسە، بۆیە ژنان ئەدەب و هۆنراوەیان کردە ڕێگای دەربڕینی دەنگە بێ دەنگەکان، بە شێوەیەک کە هۆنراوەیان کردە دەربڕینی شوێنی ئەو هەستانەی کە لە سنووری قسەی ڕۆژانەدا جێیان نابێتەوە.
بۆیە شیکردنەوەی هۆنراوەی ژنانە پێویستی بە سەرنجدانە لە چۆنیەتی وتن و بەکارهێنانی ئەو هێما پراگماتیکیانەی بەکارهێنراون لە هۆنراوەکەدا خەباتی ئەدەبی ژنان مێژووی هەوڵێکە بۆ گەیشتن  بە دەنگ و ناسنامە و مافی گێڕانەوەی چیرۆکی خۆی، ئەم خەباتەش بە شێوەی جیاواز و لەسەردەمە جیاوازەکان بەردەوام بووە و هۆنراوەش لە لایەن ژنانەوە بووە بە ڕێگایەک بۆ دەربڕینی هەستی خۆشەویستی و ئەشقی نیشتمان و وتنی نا بە فەرهەنگە نادروستەکان و باس کردن لە ئازارە پەنگخواردووەکان و لە کۆتایدا ژنان لە ڕێگەی هۆنراوەو نوسینەکانیان سەلماندیان کە ژنان لە مێژوی ئەدەبیدا  تەنها کەرەستەیەک نین بۆ هۆنراوەو پیاهەڵدانی جەستەو جوانیان  ، بەڵکو خۆیان دەنگی چیرۆکەکانی خۆیانن.

جیهان بێتووشی