بێریوان عەبدوڵڵاپوور
پێشەکی:
جۆرەکانی مرۆڤ لەسەر زەوی، لە کۆنەوە تا ئەمڕۆ و زاڵ بوونی ئەم جۆرەی مرۆڤ بەسەر زەویدا، کە بە مرۆڤی ژیر ناسراوە، بەدەوران و گۆڕانی زۆردا تێپەڕیون. زاناکانی بواری (مرۆڤناسی)و (شوێنەوارناسی) هێشتا لە هەوڵی ئەوەدان زۆرتر لەوبوارەیەوە بزانن و تیشکی زیاتریش بخەنە سەر ڕێچکەکانی پەرەسەندنی مرۆڤ.
لەو ڕوانگەیەشەوە نیاندرتاڵەکان بە نزیکترین جۆری مرۆڤ دادەنرێن لە مرۆڤی ژیرەوە،بەڕادەیەک بەڕێژەی ۱% تا ٤% توخمیان لە ناو دانیشتوانی ئەوروپا و ئاسیادا جێهێشتووە، لەم ڕۆژانەدا زۆرترین توێژینەوەی زانستی لەسەر ئەوان دەکرێت.
توێژینەوە زانستییەکان گەیشتوونەتە ئەو دەرەنجامەی کە نزیکترن جۆری مرۆڤ لە مرۆڤی ژیرەوە نیاندرتاڵەکانن، سیماو سەریان لە ئێمە گەورەترو فراوانتر بووە. ئەوان لە ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتی نزیک بە کوردستانیشەوە، دەژیان و مێژووی دەرکەوتنیان دەگەڕێتەوە بۆ (٤٠٠٠٠٠ هەزار) پێش ئێستا، نیاندرتاڵەکان ژێرو ئازابوون و بەشێکی زۆری داهێنانەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوان، وەک دروستکردنی کەرەستەی ڕاو، ژیانی بەکۆمەڵ و دۆزینەوەی ئاگر، خواردنی ڕووەک و ئاگالێبوون لەژیانی یەکتری لەناو گروپێکدا.
ناوەڕۆک:
ئەشکەوتی شانەدەر هەڵکەوتوو له داوێنی چیای برادۆست سەر به پارێزگای هەولێر له باشووری کوردستان، یەکێک له گرینگترین شوێنەکانی نیشتەجێبوونی مرۆڤە.ئەم ئەشکەوته له ساڵانی(۱۹۵۱-۱۹٦٠)دا لەلایەن تیمێکی ئەمریکایی به سەرپەرشتیی “ڕالف سوولکی” پشکندرا و( ۱٠) ئێسکی مرۆڤی نیاندرتاڵی تێدا دۆزرایەوە کە مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ ۷٠تا ۷۵ هەزار ساڵ پێش ئێستا. لەناو ئەو ۱٠ کەسەدا مناڵی هەشت ساڵان و ژن و خەڵکی بەتەمەن هەبوون.
لە ساڵی ۲٠۱۸ تیمێکی توێژەرانی زانکۆی کامبریج دەستیان بە گەشتێکی هەڵکەندن کرد بۆ ئەشکەوتی شانەدەر لە هەرێمی کوردستان،ئەو تیمە لە ئەنجامی گەڕان و پشکنین ئێسك و پڕوسكی ئافرەتێکیان لەژێر زەوی لە ئەشكەوتی شانەدەر دۆزیەوە، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئامێری پێشکەوتوو بۆ پشکنینی ئێسکەپەیکەر لەهەرێمی کوردستان، پارچەکانی کەلە سەری ئەم ئافرەتە دوای وەرگرتنی ڕەزامەندی لە لایەنی پەیوەندیدار گواسترایەوە بۆ بەریتانیا، لە ڕێگەی کۆکردنەوەی ۲٠٠ پارچە ئێسکەوە کەلـلەسەرەكەیان دروست كردۆتەوە، پڕۆسەكەش نزیکەی ۹ مانگی خایاندووە.
ئافرەتەكە كە بە (شاندەر Z) ناونراوە، بەگوێرەی پشكنینی زاناكان لە تەمەنی ٤٠ ساڵی دایە و بەر لە ۷۵ هەزار ساڵ لە ئەشکەوتی شانەدەر لە هەرێمی كوردستان ژیاوە.
بەپێی ڕاپۆرتی زانکۆی کامبریج، ئەمە دۆزینەوەیەکی نائاساییە و لە ڕێگەی هەڵکەندنی ورد و تەکنیکە زانستییە پێشکەوتووەکانەوە ئەم دەرفەتە ڕەخساوە کە بتوانین بڕوانینە مێژوویەکی 75 هەزار ساڵی، یەكێك لە ئەندامانی تیمی كاركردن لە زانكۆی كامبریچ كە زانای مرۆڤناسی كۆنە بە ناوی ئێما پۆمێرۆ دەڵێت:ماسولكەكانی رووخساری ئافرەتەكە بە گشتی گەورەن وەك ئەوانی سەر برۆی، بەڵام چەناگەی بچووکە و باڵاشی مەتر و نیوێك دەبێت، تەمەنیشی لە ناوەڕاستی چلەکانە، ئەمەش ئەوە دەردەخات كە لەو سەردەمەدا پیری زووتر هاتووە. ئاماژە بەوەش دەدات كە بۆ دیاریكردنی رەگەزەكەی، پشتیان پشكنینی مینای ددانەكانی بەستووە و بۆیان دەركەوتووە كە رەگەزەكەی ئافرەتە.
ئەنجام:
ئاشکرایە بەدرێژایی مێژوو دوژمنانی کورد هەوڵی لەناوبردنی مێژووی کۆنی کوردیان داوە، ڕووداوە مێژووییەکان شایەدی ئەو ڕاستیەن، بەڵام جارێکی تر دۆزینەوەیەکی تر سەلماندنی کە کوردستان لانکەی شارستانییەتە، ئەمەش بوو بە وەڵامێکی دەمکوتکەر بۆ دوژمنانی کورد بەوەی کە ئەگەر بۆیان هەڵبکەوێت ئیستاش هەر یەک لەنەتەوەکانی (فارس و تورک و عەرەب)خۆیان دەکەن بە خاوەنی ئەو مرۆڤە کوردە دێرینە. لەهەمان کاتدا بەردەوام قسە لەسەر ئەوە کراوە لەلایەن وڵاتانی ئەوروپی، کە کورد خاوەنی شارستانییەت نییە، بەڵام ژنە نیاندڕتاڵی کورد دووبارە کوردی بە جیهان ناساندەوە و سەلماندی کورد خاوەنی شارستانییەتی دێرینن.