کاروانی شەهیدان هەر دێ و دوور و درێژ دەبێتەوە و ئەگەر ئەو کەسانەی لێ دەرکەین کە هێشتا تەمەن مەودای پێ نەداون و دەستی ڕەشی کۆماری تێرۆر و کوشتن و سیدارە و هاژەک نەیهێشت لەگەڵ حەیران نازدارێک یان شۆڕەلاوێک ژیانێکی ئاسایی پێک بهێنن، زۆرن ئەوانەی هاوژینیان کە زۆرجار لەو غوربەتی غەریبایەتییەدا هەموو کەس و هاوڕێیان بووە لە دەست داوە.
کارەساتی هاژەک بارانی ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی ئەو کارەساتە بوو کە هەم چەند لاوی دڵ بە دنیا و سەر پڕ لە سەودای ئازادی لە حیزب و گەل و خۆشەویستانیان سەند و هەمیش کۆمەڵێک لە گەورە پیاوان و شێرەژنانی لە هاوگیان و منداڵەکانیان و حیزب و هەموو ئەو کەسانەی کە خۆشیان دەویستن کرد.
لەو ژومارەیەی گۆڤاری ژنان دەمهەوێ باسێک لە نەزیرە مەهدەوی هاوژین و هاوگیان و یادگاری شەهید کەریم مەهدەوی (سەقزی) بکەم. ژنێکی جوان و هەمووکات ڕازاوە بە جلوبەرگی کوردی کە دەبووە هۆی دڵخۆشبوونی هاوژینەکەی. دیارە کاک کەریم پێش خاتوو نەزیرە هاوسەرێکی دیکەی بووە و لەو هاوسەرەی دیکەی کچیک و کوڕێکی هەیە کە کچەکەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەژی و کوڕەکەشی هەر لیرە واتە لە بنکە و بارەگاکانی حیزبدا دەژیت و هەردووکیان خاوەنی ژیان و ماڵ و منداڵی خۆیانن.
نەزیرە هەر زۆر زوو دەبێتە ئەندامی حیزب و ژنان و هەتا دەتوانێ هەم ئێستا و هەم ڕابردوو لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی حیزبی و ژناندا بەشداری کردووە و دەکات و تەنانەی ئەگەر جارێک بۆ بۆنەیەک بانگ نەکرابێ و هەستی کردبێ هەڵاوێردراوە گلەیی خۆی بە شوێنی مەبەست گەیاندووە و ئاوا سەلماندوویەتی کە چەندە خوازیاری ڕێبازێکە کە ڕێگا و ڕێبازی هاوسەرەکەی و هەموو شەهیدانە.
وەک ئەوەی یەکێک لە هاوڕێیانی نیزیکی بنەماڵەی شەهید کەریم سەقزی باسی دەکا، ئەوان بنەماڵەیەکی هەتا بڵێی تەبا و ڕەبا و دڵسۆز بۆ یەکتری بوون. نەزیرە خاتوون کە خۆی خەڵکی گەرمێن بوو، بەڵام هەر زۆر زوو خۆی لەگەڵ داب و دەستووری ئێمەی ڕۆژهەڵاتی ڕاهێنا و تەنانەت هەموو ئەو خواردنانەی کە تایبەت بە ڕۆژهەڵاتن و کاک کەریم حەزی لێیان بووە فێر دەبێ و هەموو کاتێک بۆ دڵخۆشکردنی هاوژینەکەی ئەوپەڕی هونەری ئاشپەزی دەنوێنێ تاوەکوو دڵخۆشی بکا.
نەزیرە دەیزانی کوردبوون بەهایەکی زۆری دەوێ و ئەگە هاوسەری پێشمەرگەیەکیش بی لەوانەیە ئەو بەهایەی کە دەبێ بیدا زیاتریش بێ. بەڵام لەگەڵ ئەوەش بەوپەڕی خۆشەویستییەوە هەوڵی دەدا کە کاک کەریم دڵخۆش کات و ژیانی ماڵێی بۆ وا لێکردبوو کە هەست بە ئاسوودەییەکی زۆر بکا و ئەوە تەنیا بە هۆی بوونی هاوژینێکی تەبا و ژیری وەک نەزیرە خاتوونەوە بوو کە کاک کەریمیش خۆی بە یەکێک لە بەختەوەررتین پیاوەکان بزانێ.
شەهید کەریم مەهدەوی ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی لە هێرشێکی ناجوامێرانەی مووشەکی بۆ سەر قەڵا دوژمن تۆقێنەکەی دێموکرات کرا، هاوڕێ لەگەڵ پازدە کەس لە هاوڕێ و هاوسەنگەرانی گیانی پاکی پێشکەش بە خاکی پیرۆزی نیشتمان کرد ئەو کاتێک شههید بوو ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو.
وەک ئەوەی ئەوەی کە هاوڕێ و هاوسەنگەرانی باس لە ئازایەتی و نەترسی ئەو دەکەن چیرۆکێکە کە هەرگیز لە زاران ناکەوێتە خوارێ، ئێستاش کاتێک باس لە نەترسی و ڕاوەستاوی پێشمەرگەیەک بێتە گۆڕێ ئەوە کەریم سەقزی بۆ نموونە دێتە بەرباس.
کەریم سەقزی کە شاخەکانی کوردستان لە بەرابەریدا سەریان نەوی دەکرد، بەڵام لە کارەساتێکی دڵتەزێنی وەک هاژەک بارانی١٧ی، خەرمانان، کە بەڵگەیەکی پڕاوپڕ لە جەنایەتەکانی کۆماری پەت و سێدارە بووە شەهید بوو.
دوای کارەساتی ١٧ی خەرمانان بە هەوڵ و ماندووبوونی کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزب، ژنان و لاوان زۆر زوو قەڵا نوێژن کراوە، دار و گوڵە سوتاوەکان شین بوونەوە و بنەماڵەی شەهیدان کە یەک لەوان نەزیرەی ژنە شەهیدی دڵ پڕ لە زام بوو هەر کامیان نەمامێکیان بە ناوی شەهیدانی ١٧ی خەرمانانی قەڵا ناشت تا ناو و یادی ئەو شەهیدانە هەتا هەتایە بە یادگار لەو قەڵایەدا بمێنێتەوە.
بەڵام ئەوە زۆری نەخایاند و دەسەڵاتی تاران بۆ جارێکی دیکە خەونی خۆشی لە هەموومان زڕاند و ئەمساڵ لە ٦ی ڕەزبەرەوە تا ئێستا لەو چەند مانگەدا چەندین جاری دیکەی بە هاژەک و دڕۆن هێرشی کردەوە سەر بنکە و بارەگاکەنی حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان و دووبارە چەندین کادر و پێشمەرگە لەو حیزبانە شەهید و زامدار بوون.
هەڵبەت ئەو کردەوە ناجوامێرانەی ڕێژیمیش لە تۆڵەی سەرهەڵدانی شۆڕشێک بوو کە بەناوی شۆڕشی ژینا دەستی پێکرد و هەتا ئێستا لەگەڵ ئەوەی دەیان کەس لەو چەند مانگەدا شەهید و بریندار بوون و سەدان کەس کەوتوونەتە نێو چاڵە ڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئەو شۆڕشە هەر ماوە و درێژەی هەیە.