زەهرا یوسفی
بە پێچەوانەی هێندێک بۆچوون و هەروەها ڕای هێندێک لە نەتەوەکانی دەوروبەر، ژنان لە کوردستان رۆلی کاریگەر و شوێندانەریان هەبووە، هەم لە بواری سەربازی و هەم لە بواری سیاسی چەندین بواری دیکە دا کە بۆ شۆڕش و بەرخۆدان زۆر گرینگ و کاریگەر بوون.
شۆڕشی کورد بە سەرجەم دەستکەوت و گرینگی و شکستەکانییەوە بەشێکی زۆری لە سەر شانی ژنان بووە. و هەر ئێستاش هەیە. ژنانی کورد هەموو کات ڕۆڵی گرینگیان لە شۆڕش و ئاڵوگۆرەکاندا هەبوو بە تایبەت دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و دوای ئەوەی کە حکوومەتی ناوەندی دژی گەلەکەمان لەشکرکێشی کرد و خومەینی فتوای جیهادی دژی گەلی کورد راگەیاند، ژنان و کچانی کورد سەر و شاخێک لە سەرترەوە ڕووناکبیرانەتر هەست بە بەرپرسیارەتی کردنێکی زیاتر لە ژنانی نەتەوەکانی دیکەی ئێران هاتنە مەیدان و شان بەشانی پیاوان و براکانیان هەم وەک پێشمەرگەی چەکدار و هەم وەک پرستار و کاری ئورگانی لە ئورگانەکانی راگەیاندن و چاپەمەنی کۆمەڵایەتی کۆمیسیونە جوراجۆرەکانی نێو حیزب و رێکخراوە سیاسیەکان و لە سەرەوەی هەموویان وەک پاڵپشتێکی بە هێز بۆ هاوسەر و براکانیان زۆر بە شێوەیەکی بەرچاو هاتنە مەیدان و شانیان دایە بەر ئەرکێکی قورس و لە پەنا ئەو ئەرکانەدا حەولی یەکسانیخوازی لە نێوانی ژنان و پیاواندا یەکێکی دیکە بووە لە حەول و تێکۆشانی ژنانی ڕووناکبیر و شۆڕشگێر لە کوردستان دا . ئەگەر ئەمرۆ ناوی پێشمەرگە بووەتە وێردی سەرزاری سەرجەم ئازادیخوازانی کوردستان و تەنات جیهانیش ئاکامی حەول و تێکۆشانی ژنانی کورد بووە. ژنانی نێو شۆڕش و نێو ڕیزەکانی پێشمەرگە هەم وەک جەنگاوەر و خەباتکارێک و هەم وەک دایکێک ئەرکیان زۆر قورستر و بە نرختر بووە لە پیاوان و ئەو گشتە ئەرکە پیرۆزە کە پێشمەرگەی ژن وەئەستۆی گرتووە و کەوتووەتە سەر شانی. ئەوە وای کرد کە کاریگەری لە سەر هەموو ئێران هەبێت و ژنان ڕۆژ بە ڕۆژ وریاتر و باوەربەخۆبووتر بێنە مەیدان و هەتا گەیشتە ئەو ئاستەی کە بزووتنەوەی ژینای لێکەوتەوە .
بوونی ژنانی پێشمەرگە لەنێو ڕیزی شۆڕشگێڕاندا بووەتە هۆکار بۆ ئەوەی پیاوانیش بەهێز و ئیمانێکی پتەوتر درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆیان بدن . خەبات و تێکۆشان لە کۆمەڵگەیەک کە ئیسلامیزەیە و بەشێکی زۆری ژیان بە پێی یاسا ئاینیەکان بەڕێوە دەچێت کارێکی ئاسان نییە و ژنی کورد دەبێ لەگەڵ زۆر لایەن و بەربەرەکانی بکات، هەمووی ئەوانە قوراسیەکی زۆری خستۆتە سەر شانیان و بوونەتە هەڵگری قورسترین باری شۆڕش. هەر بۆیە لە بەرەبەری ٢٦ی سەرماوەز ڕۆژی پێشمەگەی کوردستان پێویستە ڕێزی تایبەت لە شۆڕش و خەباتی پێشمەرگەی ژن بگیرێت .




