بازدان بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ژن لە سەنگەری میدیادا:تێکشکاندنی کۆسپەکان و بونیادنانی دەنگێکی جیاواز

١٧٧
ژن لە سەنگەری میدیادا:تێکشکاندنی کۆسپەکان و بونیادنانی دەنگێکی جیاواز
قەڵەمی بەئەزموون‹ژن لە سەنگەری میدیادا:تێکشکاندنی کۆسپەکان و بونیادنانی دەنگێکی جیاواز

شنۆ میهرپەروەر

میدیا لە جیهانی ئەمڕۆدا، سەرەڕای ئەوەی ئامرازێکە بۆ گواستنەوەی هەواڵ، هاوکات یەکێکە لە گرینگترین دامەزراوەکانی پێکهێنەری ڕای گشتی و ناسنامەی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی سیاسیی کۆمەڵگاکان. هەر بۆیە بەشداریی ژنان لە بواری میدیادا، بە مانای هەبوونی ڕوانینێکی جیاوازە لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان، ڕەنگدانەوەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و بەشداریکردن لە ڕەوتی بڕیاردانی گشتیدا. لەگەڵ ئەوەشدا، ژنانی میدیاکار، بەتایبەت ژنانی ڕۆژنامەنووسی کورد، هێشتا ڕووبەڕووی کۆسپ و ئاستەنگی جۆراوجۆر دەبنەوە کە ڕیشەی بەشێکیان بۆ بناغە سیاسییەکان و بەشێکی دیکەیان بۆ فەرهەنگی پیاوسالاریی کۆمەڵگە دەگەڕێتەوە.

یەکێک لە گرینگترین ئاستەنگەکانی بەردەم ژنانی ڕۆژنامەنووس، ئەو نیگا پیاوسالارییەیە کە هێشتا لە زۆربەی دامەزراوە میدیایی و کۆمەڵایەتییەکاندا ماوە. ئەم نیگایە ژنان وەک هێزی پلەدوو دەبینێت کە لە ئاکامدا دەرفەتی یەکسان بۆ کاری پیشەیی، بەڕێوەبردنی میدیا و ڕووماڵکردنی بابەتە هەستیارەکان و بەشداریکردن لە مەیدانی بڕیارداندا لێ زەوت دەکات. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، ژنانی ڕۆژنامەنووس بۆ سەلماندنی تواناکانیان ناچارن زیاتر لە هاوکارە پیاوەکانیان ماندوو بن و هاوکات دژ بە ئاستەنگە ڕەگەزییەکان تێبکۆشن.

بۆ ژنانی ڕۆژنامەنووسی کورد، ئەم ئاستەنگانە ڕەهەندی ئاڵۆزتر وەردەگرن. ئەوان جگە لە هەڵاواردنی ڕەگەزی، ڕووبەڕووی ئاستەنگی وەک پرسی ناسنامەی نەتەوەیی، گوشاری سیاسی، کۆسپی زمانەوانی و هەندێک جاریش هەڕەشەی ئەمنییەتی دەبنەوە. چالاکیی میدیایی لە پەیوەندی لەگەڵ مافی ژنان، کێشەی کورد یان ڕەخنەگرتن لە سیاسەتە زاڵەکان، لە زۆربەی کاتدا مەترسیی دەستبەسەرکردن، هەڕەشە یان سنووردارکردنی کاری لێکەوتووەتەوە.

سەرەڕای ئەم بەربەست و سنووردارکردنانە، ژنان توانیویانە میدیا بکەنە سەنگەرێک بۆ دەربڕینی تێڕوانین و داخوازییەکانی خۆیان. پەرەسەندنی میدیای دیجیتاڵ و میدیای سەربەخۆ، دەرفەتی نوێی بۆ ژنان ڕەخساندووە تا بەبێ بەستراوەیی بە پێکهاتە نەریتییەکانی میدیا، ڕوانگە و بۆچوونەکانی خۆیان بڵاو بکەنەوە. ئەمڕۆ زۆربەی ئەو بابەتانەی پێشتر وەک «تابوو» سەیر دەکران، وەک توندوتیژیی خێزانی، هەڵاواردنی ڕەگەزی، بەشوودانی زۆرەملێی منداڵان مافی خوێندن، بەشداریی سیاسیی ژنان و یەکسانیی مافی یاسایی، بەهۆی هەوڵی ڕۆژنامەنووسان و ژنانی چالاکەوە هاتوونەتە ناو گفتوگۆی گشتییەوە.

یەکێک لە گرینگترین دەستکەوتەکانی بەشداریی ژنان لە میدیا، گۆڕینی هێواش و بەردەوامی ڕوانگەی کۆمەڵگەیە بەرامبەر بە ڕۆڵ و تواناکانی ژنان. کاتێک میدیا ژنان تەنیا لە چوارچێوەی دایک، هاوسەر یان قوربانی نیشان نادات، بەڵکوو وەک توێژەر، سیاسەتمەدار، ڕۆژنامەنووس، هونەرمەند، بەڕێوەبەر و چالاکوانی کۆمەڵایەتی دەناسێنێت، لە ڕاستیدا یارمەتیی بونیادنانەوەی وێنەیەکی هاوسەنگتر و واقعیتر لە ژنان لە بیر و هۆشیاریی کۆمەڵگەدا دەدات. ئەم گۆڕانە لە وێنە و تێگەیشتنەکان، دەبێتە هۆی فراوانبوونی قبووڵکردنی بەشداریی ژنان لە بوارە جیاوازە کۆمەڵایەتی، سیاسی و فەرهەنگییەکاندا.

لە هەمان کاتدا، میدیا ڕۆڵێکی بنەڕەتیی هەیە لە ڕوونکردنەوە و دروستکردنی تێگەیشتنێکی دروست لە چەمکی یەکسانیی ژن و پیاو. یەکسانی بە مانای یەکسانبوونی ژن و پیاو لە هەموو لایەنەکاندا نییە، بەڵکوو بە مانای دابینکردنی دەرفەتی هاوشێوە، مافی یەکسان و بەشداری لە پڕۆسەکانی بڕیاردانی کۆمەڵایەتی و سیاسییە. میدیا دەتوانێت لە ڕێگەی ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەیی، گفتوگۆی پسپۆڕان، بەرهەمی بە بەڵگەنامەیی و بە بەرنامە پەروەردەییەکان، ئەم چەمکە بە شێوەیەکی ڕوونتر بگەیەنرێتە ڕای گشتی و کولتووری ڕێزگرتن، هاوبەشی و یەکترقبووڵکردن لە کۆمەڵگەدا بەهێزتر بکات.

بێگومان، بەدیهێنانی ئەم ئامانجانە تەنیا ئەرکی ژنان نییە، بەڵکوو پیاوانیش وەک ڕۆژنامەنووس، بەڕێوەبەری میدیا، توێژەر و چالاکوانی کۆمەڵایەتی، ڕۆڵێکی گرینگیان لە بڵاوکردنەوەی فەرهەنگی یەکسانی و دادپەروەریدا هەیە. میدیا کاتێک دەتوانێت کاریگەرییەکی گەورەتری هەبێت کە ژنان و پیاوان لە تەنیشت یەکتر، بە ڕوانگەیەکی پیشەیی و پشتوەستن بە بنەماکانی مافی مرۆڤ، بۆ کەمکردنەوەی هەڵاواردن، بەرزکردنەوەی دەرفەتی یەکسان و بەهێزکردنی بەشداریی هەمووان هاوبەش بن.

یەکێکی دیکە لە بابەتە گرینگەکان، چۆنیەتیی ڕەنگدانەوەی ڕۆڵی ژنان لە داڕشتنی هەواڵەکان و ئاستی بەشدارییان لە گێڕانەوە و شیکردنەوەی شەڕ و قەیرانەکانە. گرینگ تەنیا ئەوە نییە بزانین ژنان چۆن لە میدیا پیشان دەدرێن، بەڵکوو گرینگتر ئەوەیە بزانین تا چەند دەرفەتی ئەوەیان هەیە وەک ڕۆژنامەنووس، شڕۆڤەکار، وێنەگر یان شارەزای بابەت لە ڕەوتی گەیاندنی هەواڵدا بەشداریی کاریگەر بکەن و دەنگیان ببیسترێت لە زۆربەی میدیاکاندا، ژنان زۆرجار تەنیا وەک قوربانیی شەڕ، دایکی دڵبریندار، ئاوارە و دەربەدەر پیشان دەدرێن. ئەگەرچی ئەم وێنانە بەشێکن لە ڕاستیی ژیانی ژنان لە کاتی شەڕ و قەیرانەکاندا، بەڵام ئەمە هەموو ڕاستییەکە نییە و تەنیا لایەنێکی ئەو ئەزموونانە دەخەنە ڕوو.

لە ڕاستیدا، ژنان لە نێو قەیرانەکاندا تەنیا قوربانی نین؛ زۆرجار وەک ڕۆژنامەنووس، وێنەگر، هەواڵنێر، چالاکوانی مافی مرۆڤ و بەڕێوەبەری دامەزراوە مەدەنییەکان ڕۆڵێکی کاریگەر دەگێڕن. زۆر جار بە گیانی خۆیان هەوڵ دەدەن ڕاستییەکان تۆمار بکەن و بە جیهانی بگەیەنن. بەڵام ئەم ڕۆڵە گرینگانە زۆرجار لە گێڕانەوەی میدیاییدا کەمتر ڕەنگ دەدەنەوە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی وێنەیەکی ناتەواو لە پێگەی ژنان لە شەڕ و قەیراندا.

نموونەیەکی ئاشکرای ئەم ڕاستییە، ئەو ژمارە زۆرەی ژنانی میدیاکارە لە میدیای بینراو، بیستراو و نووسراودا کە لە پێناوی گەیاندنی ڕاستییەکاندا گیانیان لەدەست داوە. ئیدا مینبەری، کچە پێشمەرگەیەک بوو کە بە کامێراکەیەوە وێنەی هاوسەنگەرانی لە شاخەکانی کوردستان و سەنگەرەکانی بەرگری تۆمار دەکرد. سوهەیلا قادری، پێشمەرگەیەکی ڕاگەیاندنکار بوو کە لە ستۆدیۆی هەواڵ و ئامادەکردنی بەرنامەی بەشی بیستراو و بینراوی «کوردکاناڵ»دا ڕۆڵی هەبوو، شیفا گەردی، کچە هەواڵنێری کوردیش، بە مایکەکەی دەستی و لە مەیدانی شەڕدا دەنگی ئەوانەی دەگەیاند کە دەنگیان نەدەبیسترا. ئەوان و سەدان ژنی میدیاکاری دیکە سەلماندوویانە کە ژنان تەنیا چیرۆکی قوربانیبوون نین؛ بەڵکوو خۆیان بەشێکی گرینگن لە تۆمارکردن، پاراستن و گواستنەوەی ڕاستی و مێژووی ڕووداوەکان.

بەشداریی ژنان لە گەیاندنی هەواڵ و شیکردنەوەی ڕاپۆرتەکان، یەکێکە لە پێوەرە سەرەکییەکانی دادپەروەری و هاوسەنگیی میدیایی. بەڵام لە زۆربەی میدیاکاندا، بەش و پشکی ژنان هێشتا لە ئاستی پێویستدا نییە. ئەم ناهەماهەنگییە دەبێتە هۆی ئەوەی بەشێک لە ئەزموون، بۆچوون و زانیاریی نێو کۆمەڵگە لە پڕۆسەی گەیاندنی زانیاریدا کەمتر ببینرێت یان پشتگوێ بخرێت.

زیادکردنی بەشداریی ژنان لە شیکردنەوەی هەواڵە سیاسییەکان، بابەتە ئابوورییەکان و ڕاپۆرتە میدیاییەکان، لەگەڵ ئەوەی هەنگاوێکە بەرەو یەکسانیی ڕەگەزی، هەروەها دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی کوالێتی، متمانەپێکراوی و جۆراوجۆریی میدیا. سەرەڕای هەموو ئەو بەربەستانەی ژنانی میدیاکار لە ڕێگەی کار و پیشەکەیاندا ڕووبەڕووی دەبنەوە، دەرفەتی نوێش بۆ بەشداریی زیاتر بۆیان دروست بووە. گەشەی تەکنەلۆژیای پەیوەندی، فراوانبوونی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و زیادبوونی هۆشیاریی کۆمەڵگە بەرامبەر بە ماف و تواناکانی ژنان، بوارێکی فراوانتری بۆ دەربڕینی دەنگی ژنان، بەتایبەتی ژنانی ڕاگەیاندنکار، و بەشداریی کاریگەرتریان لە بوارە میدیاییەکاندا ڕەخساندووە.

سوودوەرگرتن لەم دەرفەتانە، لەگەڵ پاڵپشتیی دامەزراوە مەدەنییەکان، بەهێزکردنی ئاسایشی پیشەییی ڕۆژنامەنووسی و دژایەتیکردنی هەڵاواردن، دەتوانێت ڕۆڵی ژنان لە میدیادا لەوەی کە هەشە زیاتر بەهێز بکات. گەشەپێدانی میدیا بەبێ بەشداریی یەکسانی ژنان و پیاوان کارێکی ئاسان نییە. هەرچەندە میدیا بتوانێت دەنگی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بگەیەنێت، هێندە نزیکتر دەبێتەوە لە ڕاستی و وێنەیەکی تەواوتر لە کۆمەڵگە پیشان دەدات. ژنانی میدیاکار، بەتایبەت ژنانی ڕۆژنامەنووسی کورد، لەگەڵ هەموو ئەو سنوورداری و بەربەستانەی ڕووبەڕوویان بووەتەوە، سەلماندوویانە کە توانای ئەوەیان هەیە ڕاستییەکان بخەنە ڕوو، دەنگی بێدەنگکراوان بن، بەرگری لە مافەکانی ژنان و مرۆڤ بکەن و ببنە هۆکاری گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان.

داهاتووی میدیا کاتێک فراوانتر و کاریگەرترا دەبێت کە دەرفەتی بەشداریی یەکسان و کاریگەرتر بۆ ژنان دابین بکرێت. پێویستە کۆمەڵگە بگاتە ئەو باوەڕەی کە یەکسانیی ڕەگەزی هەڕەشە نییە، بەڵکوو پێویستییەکی بنەڕەتییە بۆ گەشەپێدان، دێموکراسی و دروستکردنی داهاتوویەکی باشتر و بەردەوامتر.