هەموو سالێک لە کۆتایی ساڵی خۆێندندا چەندیین کچ و ژن لە نێو ڕیزەکانی «حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران»دا بە سەرکەوتووی قۆناغی خوێندن و زانکۆیان بە باشترین پلە دەبڕن و دەبنە مایەی شانازی بۆ حیزبەکەیان و بنەماڵەی گەورەی دێموکرات.
ئێمە وەک گۆڤاری «ژنان» داوامان لەو خۆشەویستانە کردووە کۆرتەیەک لە ژیاننامەی خوێندنی خۆیانیانمان بۆ بنێرن تا لەو ژومارەیەی گۆڤار بڵاو کەینەوە.
خوێندکاری سەرکەوتوو:نارین مەحموودی
خوێندن و خۆپێگەیاندن لە مەکتەبی حیزب دا
ژیان و تێپەڕکردنی قۆناغەکانی خوێندن بۆ ئەو منداڵانەی کە لە ڕیزەکانی شۆڕشدا چوونەتە بەر خوێندن، ئەزموونێکی تەواو جیاوازەوە و لە زۆر لایەنەوە شیاوی رامان و خوێندنەوەیە. ئەم جیاوازییەش کاتێک دەردەکەوێ کە ئێمە چۆنیەتی تێپەڕکردنی قۆناغەکانی خوێندنی منداڵانی نێو شۆڕش لەگەڵ پرۆسەی خوێندن لە کۆمەڵگەیەکی ئاساییدا بەراورد بکەین. ئەم بەراوەرد کردنە، رەنگە کاتی زۆر و هەڵسەنگاندنی هەمە لایەنەی پێویست بێ کە لە دەرەوەی چوارچێوەی ئەم نووسینە کورتەی منە. ئەوەی من لێرەدا مەبەستمە ئاوڕێکی لێ بدەمەوە، باسکردنی ئەزموونی ژیان و خوێندنی خۆمە، وەک منداڵی بنەماڵە پێشمەرگەیەک. بێگومان هەر کام لەو قوتابیانەی کە لە ناو بنەماڵەی حیزبی دێموکراتدا لە دایکبوون و چوونەتە بەر خوێندن، ئەزموونی خۆیان هەیە کە هەموویان مایەی شانازین و سەرکەوتنەکانی زۆربەیان بۆ لێ فێربوون دەبێ.
من لە بنەماڵەیەکی پێشمەرگەی دێموکراتدا، لە یەکێک لە ساڵەکانی سەرەتای ئەم هەزارەیەدا لە دایکبووم. ئەو ساڵەی من تێدا لە دایکبووم، بەخۆشییەوە رێژیمی دیکتاتۆری بەعس، وەک یەکێک لە دوژمنەکانی کورد رووخاو و وەک دەیگڕێنەوە بووە هەوێنی هیوا و ئومێد لە لای بنەماڵەکەی من و هەزاران بنەماڵەی تێکۆشەری دیکەی بۆ ئەوەی رێژیمی کۆماری ئیسلامیش کە هۆکاری ئاوارەیی و دوورە وڵاتی بنەماڵەی من و هەزاران تێکۆشەری دیکەیە، بە چارەنووسی رێژێم بەعس بڕوا و کۆتایی پێ بێ. راستە دوای بیست ساڵ ئەم هیوا و ئاواتە هێشتا نەهاتووەتە دێ، بەڵام من هەر کاتێ ورە و باوەڕی باوک و دایکم بە رزگاریی نیشتمان دەبینم، زیاتر لەوان هیوادارم و پێم وایە درەنگ یا زوو، تەمەنی ئەم رێژیمە کۆتایی دێ و بنەماڵەی ئێمە و هەموو تێکۆشەرانی رێگای سەربەستیی نیشتمان بە ئازادیی رۆژهەڵات شاد دەبنەوە. ئەمەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە باوک و دایکم هەمیشە بۆ من سەرچاوەی هیوا و ئومێد بوون و گەورەترین پشتیوانم بوون.
ساڵی۲۰۰۷ بۆ یەکەمجار پێم نایە نێو قوتابخانەی بنەڕەتی رۆژهەڵات کە لە ماوەی سێ دەیەی رابردوودا مەکۆی پێگەیاندن و فێربوونی من و سەدان قوتابی دیکەی نێو ریزەکانی شۆڕش بووە. ئێستا کە ئاوڕدەدەمەوە، خۆم زۆر بە بەختەوەر دەزانم کە لە نێو رێزەکانی شۆڕشدا و لە قوتابخانەی رۆژهەڵات ئەلفوبێ نووسین و خوێندن فێر بووم. کاتێک خۆم بەراوەرد دەکەم لەگەڵ ئەو قوتابیانی کە لە قوتابخانەکانی رۆژهەڵاتی بندەستی کۆماری ئیسلامیدا خوێندوویانە و دەخوێنن و لە مافی خوێندن بە زمانی زگماکی بێبەشن، خۆم زۆر بە بەختەوەر دەزانم کە لە ژێر چەتری شۆڕشدا لەو مافە سەرەتاییە بێبەش نەبووم و فێری ئەلفوبێ زمانی کوردی و بیرکردنەوە بە زمانی زگماکی خۆم بووم.
هەر لە قۆناغی ناوەندیی دا بووم، واتە ساڵی ۲۰۱۶، کە لەگەڵ ژمارەیەک لە هاوپۆلەکانم و منداڵانی دیکەی نێو حیزب چووین بەشداریی رێورەسمی شەوی یەڵدا(شەوی لە دایکبوونی دوکتۆر قاسملووی رێبەر) بیین، بۆ یەکەم جار لە نزیکە گوێم لەگەڵ دەنگی تەقینەوە ئاشنا بوو و یەڵدا خوێناوی دێموکراتم بە چاوی خۆم بینی. ئێستاش بیری لێ دەکەمەوە نازانم چۆنە هێشتا ماوین و نازانم چۆن باسی ئەو شەوە بکەم کە چۆن شادیی خۆشی ئێمەیان تێکەڵ بە خوێن کرد. رەنگە ئەمە لەوە سەرچاوە بگرێ، کە ئەوان لە بنەڕتدا لەگەڵ ژیان و بەهاکانی مرۆڤ نامۆن، هەر بۆیە وەک دڕندە تینووی خوێنن.
لە ژێر ڕێنوێنی و سەرپەرشتیی مامۆستایانم، قۆناغەکانی بنەڕەتی و ناوەندیم لە قوتابخانەی رۆژهەڵات تێپەڕ کرد. واتە ئەو قوتابخانەی کە ساڵی رابردوو بوو بە ئامانجی هاژەک و درۆنەکانی کۆماری دژە کوردی ئیسلامیی ئێران. ئەو قوتابخانەی کە بۆ من و سەدانی وەک من رەمزی فێربوون و پەروەردەیە و ئێستا بە هۆی هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامییەوە شوێنەکەی بە ناچاری داخراوە. ئەو قوتابخانەی کە کاریگەریی لەسەر ژیان و پەروەردەی سەدانی وەک من داناوە، بۆ هەتایە لە دڵماندایە و بە هیچ هێرش و پەلامارێکی دڕندانە ناسڕێتەوە. هەر بۆیە جێگەی خۆیەتی لێرەوە سپاس و پێزانی خۆم بەرامبەر بە مامۆستا بەڕێزەکانم و سەرجەم مامۆستا و بەڕێوەبەرەکانی قوتابخانەی رۆژهەڵات، وەک مەکۆی پێگەیاندنی منداڵانی دێموکرات دەرببڕم کە ئێمەی لە ژێر چەتری خۆیدا کۆکردەوە و هیچ کات نەهێشت لێک داببڕین
پاش قۆناغی ناوەندیی، ساڵی ۲۰۱۸ هاوڕێ لەگەڵ ژمارەیەک لە قوتابیانی قوتابخانەی رۆژهەڵات، بۆ قۆناغی دواناوەندی چووینە قوتابخانەی ئامادەیی کچانی کۆیە لە دڵی شارەکەی دڵدار و دەیان تێکۆشەر و بیرمەندی گەورە. دەسپێکی ئەم قۆناغەی خوێندنم، هاوکات بوو لەگەڵ رووداوی ناخۆشی هاژەکبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزب لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە رۆژی ۱۷ی خەرماناندا کە بووە هۆی شەهید بوونی پۆلێک لە تێکۆشەرانی دێموکرات.
ئەم رووداوە لەو قۆناغەدا زۆر کاریگەریی ناخۆشی لەسەر ژیانی ئێمەمانان دانا و تا ئێستاش کاریگەریی ئەو رووداوانە لەسەر خۆم هەست پێ دەکەم، زۆربەی ئەو قارەمانانەی کە شەهید بوون ئێستاش روژانە لە زەینمدان و لە بەر چاوم قەت ون نابن.
لەم قۆناغەدا، خەمی لەدەستدانی کۆمەڵێک تێکۆشەری دێموکرات لە لایەک، لە لایەکی دیکەشەوە نیگەرانی بە نیسبەت ژیان و داهاتوومان لە کەمپەکانی حیزب کە لەو ساڵانەدا چەندین جار لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە کراوەنەتە ئامانج، تێکەڵ بە ژیانی و خوێندنی قوتابیانی نێو شۆڕش بوو. بەهەرحاڵ، سێ ساڵی قۆناغی دواناوەندیم لە ئامادەیی کچانی کۆیە لە بەشی ئەدەبی تێپەڕکرد. لێرەش وەک پێویستییەکانی قۆناغێکی دیکە لە خوێندن، زۆر شت فێر بووین و جیا هاوپۆلەکانی پێشووم لە قوتابخانەی رۆژهەڵات و لەگەڵ کۆمەڵێک قوتابی و مامۆستای دیکە ئاشنا بووم کە رێزێکی تایبەتیان لەو قوتابیانە دەگرت کە لە قۆتابخانەی رۆژهەڵاتەوە هاتبوون. ئەمەش دەگەڕایەوە بۆ ئەو دۆخەی کە ئێمە وەک بنەماڵەکانی حیزب تێدا دەژیان و پەروەردە بووین.
دوای ئەم قۆناغە، ساڵی ۲۰۲۱ لە پەیمانگای تەکنیکی کۆیە (بەشی کارگێڕیی کار)، وەرگیرام. ئەم قۆناغە زۆر جیاواز بوو لە چاو سێ قۆناغەکەی دیکە و زۆربەی بەرپرسیاریەتییەکان دەکەوتە ئەستۆی خودی قوتابی. دوای دوو ساڵ، ئەمساڵ توانیم ئەم قۆناغەی خوێندن بە کۆمەڵێک ئەزموون و دەسکەوتی تازەوە کۆتایی پێ بێنم. ساڵی کۆتایی ئەم قۆناغەش، وەک رابردوو پڕ بوو لە رووداوی ناخۆش کە ژیانی قوتابیان و هەموو بنەماڵەکانی کەمپەکانی حیزبی خستە ژێر کاریگەریی خۆیەوە. دوای تێپەڕینی ماوەیەکی کەم بەسەر یەکگرتنەوەی بنەماڵەی گەورەی دێموکراتدا و سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا، کەمپەکان و بنکە و بارەگاکانی حیزب دیسان لەلایەن هاژەک و درۆنەکانی سپای پاسدارانەوە کرانەوە ئامانج. هەر بۆیە بنەماڵەکانی حیزب ناچار بوون شوێنی ژیانیان بگوازنەوە بۆ جێگایەک کە کەمتر مەترسی پەلاماردانی لەسەر بێ. ساڵی رابروو، بۆ قوتابیانی نێو شۆڕش ساڵێکی زۆر ئەستەم و ناخۆش بوو. سەرەڕای هەموو ناخۆشییەکان، ئێمە هەر بە هیوا ئومێدەوە بەردەوام بووین. دڵنیام هیوا و ئومێدی ئێمە بە رۆژهەڵاتێکی ئازاد سەردەکەوێ و کۆماری ئیسلامیی تووشی چارەنووسی رێژیمی بەعس دەبێ.
جیا لە ئەزموونی خوێندن، یەکێک لە خولیاکانی ژیانم وەرزشە. لەم بەشەشدا سەرەڕاێ تەنگوچەڵەمەکان، ئەوەندەی کراوە هەوڵی خۆم داوە و بەردەوامم. بۆ یەکەمجار ساڵی ۲۰۱۶ وەک یاریزانی بالە، لە یانەی وەرزشی کۆیە وەرگیرام و ئێستاش لە یانەی تەق تەق یاریی دەکەم. تا ئێستا بەشداریی چەند خولم کردووە و بەردەوامم. ساڵی ۲۰۲۲وەک تیمی لاوانی تەق تەق لە سەر ئاستی عێراق پلەی دووەممان بە دەست هێنا و ئێستاش سەر قاڵی خۆ ئامادەکردنی بۆ خۆلی کێبڕکێیەکانی کوردستان و عێراق.
لە کۆتاییدا، پێم خۆشە ئاماژە بە دوو خاڵ بکەم.
یەکەم: لەماوەی ئەو ساڵانەدا بنەماڵەی من وەک هەموو بنەماڵەکانی دیکەی حیزب، پشتیوانی سەرەکیی من بوون و ئەگەر پشتیوانی ئەوان نەبایە، ئەستەم بوو چ لە بواری خوێندن و چ لە بواری وەرزشدا بگەم بە ئەمڕۆ. چ باوک و دایکم و چ خۆشک و براکەم، ئەوەی لەدەستیان هاتبێ درێغییان نەکردووە و بەردەوام هاندەر و پشتیوانم بووون. زۆر جار کە چاو لە زەحمەت و ماندبوونەکانی دایک و بابم دەکەم، هەست دەکەم نەمتوانیوە لە ئاستی چاوەڕوانی و لە خۆبردووییەکانی ئەواندا بم. هەر بۆیە خۆم بە قەزدارییان دەزانم و بە هیچ وشەیەک ناتوانم باسی گەورەییان بکەم کە سەرەڕای ژیانێکی پێشمەرگانە درێغییان لە هیچ نەکردووە و بەوپەڕی سەخاوەتەوە خەمی پێگەیاندنی ئێمەیان خواردووە.
دووەم: خوێندن و خۆپێگەیاندن لە ریزەکانی شۆڕشدا، مانایەکی جیاوازی هەیە. بۆیە، سەرەڕای تاڵی و ناخۆشییەکان، سەرەڕای هەڕەشە و مەترسییەکان، ئەو ئەزموونەی قوتابی لە قوتابخانە و ریزەکانی شۆڕشدا پێ دەگات، لە شوێنی دیکە وەدەست نایە و ئەو واتایە نادات. لەم بارەوە بەپێویستی دەزانم سپاسی هەموو مامۆستایانم لە هەموو قۆناغەکانی خوێندندا بکەم. هەروەها لە سەرووی هەمووانەوە بە پێویستی دەزانم کە سپاسی حیزبی دێموکرات بکەم کە بە گوێرەی دەرەتان و ئیمکاناتی خۆی هەمیشە هەوڵیداوە ئاسانکاری بۆ قوتابیانی نێو شۆڕش بکات و یارمەتیدەریان بێ. لەگەڵ ئەوەشدا، دەبێ بڵێم کە قوتابیانی نێو شۆڕشیش مافی خۆیان ئەگەر چاوەڕوانی زیاتریشان لە حیزب هەبێ.