هەموو سالێک لە کۆتایی ساڵی خۆێندندا چەندیین کچ و ژن لە نێو ڕیزەکانی «حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران»دا بە سەرکەوتووی قۆناغی خوێندن و زانکۆیان بە باشترین پلە دەبڕن و دەبنە مایەی شانازی بۆ حیزبەکەیان و بنەماڵەی گەورەی دێموکرات.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە شانازییەوە ژیاننامەی چوار خوێندکاری کچی سەرکەوتووی نێو شۆڕش دەخاتە ڕوو، کە سەرەڕای سەختییەکانی ژیانی ئاوارەیی و دۆخی نالەباری سیاسی، توانیویانە قۆناغەکانی خوێندن بە سەرکەوتوویی ببڕن. ئەم کچە تێکۆشەرانە سەلماندیان کە نەوەی شۆڕشگێڕ نەک تەنیا لە سەنگەری بەرگریدا، بەڵکوو لە مەیدانی زانست و زانیاریشدا پێشەنگن و کۆڵ نادەن تا گەیشتن بە ئامانجە بەرزەکانیان و خزمەتکردن بە نیشتمان.
چیرۆکی یەکەم: کچێکی پێشمەرگە و مامۆستای زمانی کوردی
تێپەڕاندنی ژیان بۆ منداڵانێک کە لە حاڵەتی شۆڕشدا دەژین زۆر جیاوازترە لەو منداڵانەی کە لە کۆمەڵگەیەکی ئاساییدا دەژین؛ بێگومان پرۆسەی خوێندنیش هەر جیاواز دەبێت بۆیان. لەو کاتانەدا زۆر منداڵ بە کات و ساتێکی هێندە قورسدا تێدەپەڕن تا دەگەنە ئامانجی کۆتایی، کە دەکرێ چیرۆکەکانیان بکرێنە ڕۆمان و حیکایەت و دەماودەم بمێننەوە، چونکە هەریەکە لەو چیرۆکانە پڕن لە سەرکەوتن و پەروەردە و فێربوون. ئەگەر ئاوات و ئارەزووی دایک و باوکمان لەو شۆڕشەدا گەڕانەوە بۆ زێدی باب و باپیران بێت، ئەوا ئێمەش لەسەر ئەو عەشقە بۆ نیشتمان ڕادێین و دەبێتە بەشێک لە بیرکردنەوەمان و دەبێتە هەوێنی سەرکەوتن بۆ نەوەستانمان و گەیشتن بە ئامانجەکانمان. ڕاستە دووری لە نیشتمانی داگیرکراو هەمیشە برینێکی قووڵە، بەڵام سەرکەوتنمان لە خوێندن لەو بارودۆخەدا خۆشحاڵی و ئومێدبەخشە. هەر ئەوەش لە منداڵانی نێو شۆڕشەکەی سەرکردەی گەورەمان قاسملوو چاوەڕێ دەکرێت، چونکە جیاوازتر لە هەر منداڵێک پەروەردەی ڕێبازی کوردایەتی و وەستانەوەین دژی دوژمن لە ڕێگەی قەڵەمەکەی دەستمان و ئەوەی فێری دەبین.
زۆرم قورسی و سەختی کێشا بۆ گەیشتن بە سەرکەوتن و ئەوە ئامانجم بوو، بەڵام هەر دڵخۆشم و ئەو سەختییانەم خۆشدەوێت، چونکە جیا لە منداڵانی تری نیشتمانم بە ئازادانە بە زمانی شیرینی کوردی و ئەلفوبێی کوردی فێربووم و خوێندم. دایکم دەڵێ: “بۆیە هەمیشە دەڵێم ئازایت، چونکە هەر کە لەدایکبووی کاتێکی قورست تێپەڕاندووە کە نەمتوانیوە بە ناز و ئارەزووەکانی دڵم گەورەت بکەم.”
من لە ساڵی ١٩٩٦ لە باشووری کوردستان لە بنەماڵەیەکی پێشمەرگە و شۆڕشگێڕدا لەدایک بووم، بەڵام دەبێت بڵێم بەداخەوە لەدایکبوونی من لە کاتێکی ناخۆشدا بوو، لە کاتی شەڕی ناوخۆیی هێزە کوردییەکان لە باشووری کوردستان. دواتر تەمەنم ٣ مانگ بووە کە بنکە و بارەگاکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە تۆپباران کراون و بنەماڵەکانیش ئاوارە و سەرگەردان دەبن. دایکم دەیگوت: “ئەو کاتە بۆ منێکی ٣ مانگان گەلێک دژوار بووە.” بەڵام ئەو تەمەنەش تێپەڕی و ساڵی ٢٠٠١ من لە باشووری کوردستان لە خوێندنگەی “هەرمۆتە” لە شاری کۆیە چوومە بەر خوێندن. بێگومان سەرباری هەموو قورسییەکی ژیان و نالەباریی باری ئەمنیەتیش، شانازیم بە ژیانی پێشمەرگانە و سەربەرزانەی بنەماڵەکەمەوە کردووە و شانازیم بە خۆمەوە کردووە کە کچی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتم.
کە بوومە پۆلی پێنجی سەرەتایی، بەداخەوە باوکم لەدەست دا و ئەوەش بۆ من زۆر سەخت و ناخۆش بوو؛ هەستی بێباوکی لەو تەمەنە کەمەدا هەستێکی نامۆ و ڕووخانێکی دەروونیی قورس بوو. بەڵام دایکم وەکوو هەر ژنێکی تری کورد، ئازایانە و بوێرانە نەیهێشت هەست بە بێباوکی و ڕووخان بکەم؛ پاڵپشتی کردم و هانی دام کە دەکرێت هەر شتێک لە لایەک بێت و دەرس و خوێندنم لە لایەکی تر. بۆیە منیش بۆ ئاسوودەیی ڕۆحی باوکم، کە خۆی نەخوێندەوار بوو بەڵام خوێندنی من بۆی زۆر گرنگ بوو، هەوڵم دا و توانیم ئەو ساڵە ببمە سێیەمی سەر ئاستی پۆلەکەم. ئاوات و ئامانجی ئێمە جیاوازترە لە منداڵێکی تر، چونکە ئێمە هەر لە منداڵییەوە گوێمان بە هەستی پاراستنی خاک و زمان و ئاڵامان گۆش کراوە و ئەوەش وزە و توانایەکی ترمان دەداتێ بۆ خوێندن و گەیشتن بە پلە و ئاستی بەرز لە خوێندن.
هەموو قۆناغەکانی خوێندنم لە خوێندنگەکانی باشووری کوردستان تەواو کرد و لە وێستگەیەکی تری خوێندن، دوای تەواوکردنی پۆلی دوازدە، لە بەشی پاراستنی تەندروستی لە پەیمانگەی تەکنیکیی کۆیە (شارە جوانەکەی حاجی قادر) دەستم کردەوە بە خوێندن. هەرچەندە ئەوە ئاوات و ئارەزووی من نەبوو، چونکە بەداخەوە لەو وڵاتەدا زۆربەی جار ئاوات و ئارەزووەکان لەگەڵ ڕشتەی خوێندنەکانمان هەمان ڕێگە نین. ئارەزووی من بوون بە مامۆستا بوو، چونکە پێم وابوو پیرۆزترین پیشەیە، بەڵام نەگەیشتن بە ئامانجەکەم نەبووە هۆی وەستان و کاڵبوونەوەی هەستی سەرکەوتنم؛ ئەو وێستگەی خوێندنم زۆر بە سەرکەوتووانە بڕی و بوومە خاوەنی بڕوانامەی دیپلۆم لە بواری تەندروستی و بۆ ماوەیەک لە نەخۆشخانەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەستم کرد بە کارکردن.
بەڵام ئەوەم بیر نەچێت زۆربەی سەرکەوتنەکانی من ژنێکی ئازای لەپشتە کە بێ هاوسەر و پاڵپشتی توانی ئاوا پەروەردەم بکات و هانم بدات بۆ خوێندن؛ دایکم بوو کە زۆر ماندوو بوو بۆ دابینکردنی ژیانێکی ئاسوودە بۆ من کە لە هیچم کەم نەبێت. دواتر هاوسەرگیریم کرد و بوومە خاوەنی منداڵێک و خۆشترین هەستی دنیام تاقیکردەوە کە دایکایەتییە.
پیشەی مامۆستایەتی و دووبارە دەستکردنەوەم بە خوێندن بیرۆکەی لەپێشینەی من بوو، بۆیە بڕیارم دا و جارێکی تر دەستم کردەوە بە خوێندن. هەرچەندە بەداخەوە دەڵێم هەندێک لە ژنانی دەوروبەرم دەیانوت: “کە بە تەمەنی ٢٦ ساڵی و منداڵێکەوە خوێندنت بۆ چییە؟” ئەوەش بۆ من زۆر ئازاربەخش بوو، چونکە ئەو کەسانە ئەو چینەی کۆمەڵگە بوون کە هاوئازاری من بوون و ژن بوون. بەڵام هاوسەرەکەم وەکوو پیاوێکی مەرد پاڵپشتی کردم و نەیهێشت لە بەرامبەر ئەو قسانەدا شکست بێنم؛ هەمیشە هانی دەدام بۆ ئەوەی هیچ قسەیەکی دەوروبەرم ڕێم لێ نەگرێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکەم.
دەستم کردەوە بە خوێندن لە بەشی زمانی کوردی لە زانکۆی کۆیە. چوومە قوڵایی شیعرەکانی هێمن و هەژار؛ بیرۆکەی “زمانی کوردی پاراوترین و دەوڵەمەندترین زمانی دنیایە” زیاتر لە لام چەکەرەی کرد و گەورەتر بوو. بەڵام دەکرێت بڵێم ئەو چوار ساڵەی زانکۆ ئازارەکەی پۆلی پێنجی سەرەتاییشی بۆ گەڕاندمەوە کە باوکم لەدەست دا، چونکە لەو ماوەیەدا کەمپ و بارەگاکانی حیزبی دێموکرات چەند جارێک بەر هێرشی دڕندانەی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی کەوتن و چەندین خۆشەویست و ئازیزمان لەدەست دا؛ ماڵ و جێگەمان لێ تێکچوو. ئەوەش بۆ من ئاسان نەبوو، چونکە سەرباری ئەو خەمە گەورەیە، پێویست بوو ئەرکی دایکایەتی و هاوسەرداریی خۆم بە باشی جێبەجێ بکەم تا وەڵامی هەموو ئەوانە بدەمەوە کە دەیانوت ناتوانیت. بەڵام بەرامبەر هەموو ئەو ناخۆشییانە وەستام و سەرکەوتوو بووم؛ توانیم پلەی نایاب بەدەست بهێنم و ببمە یەکەمی بەشەکەی خۆم لە زانکۆی کۆیە و ئاواتەکەم هێنایە دی و بوومە مامۆستای زمانی شیرینی کوردی.
لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم ئەگەر ئامانجێکت هەبێت دەبێ ڕێگەی قورس و دژوار ببینیت، بەڵام لە کۆتاییدا تام و چێژی گەیشتن بە ئامانجەکەت هەموو ناخۆشییەکت بیر دەباتەوە. با ئەوەشم لەبیر نەچێت خێزان زۆر گرنگە کە پاڵپشتت بن و لەگەڵت بن، چونکە ئەوان لەو کۆمەڵگە وێرانەدا ڕێگەکەت بۆ ئاسان دەکەن. کۆمەڵگەی کوردیش پێویستی بە کچان و ژنانی چاوکراوە هەیە؛ ئەوەتا مامۆستا هێمن چەند ساڵ پێش ئێستا پێمان دەڵێ:
کیژی چاوکراوە و فێرەزانینم دەوێ
کورد مەگەر کوندە کە هەر وێرانە بێ هێلانەکەی؟
نیشتمانی ئاوەدانی جوانی ڕەنگینم دەوێ
ئەو ئاوەدانی و ڕەنگینییەش بەتایبەت لە ئێستای دنیای پێشکەوتوودا تەنها ڕێگە خوێندنە و بۆ ئێمەش، میللەتی کورد کە لەژێر داگیرکاریی دوژمنانمان بووین، تەنیا ڕێگە بۆ مانەوەمان خوێندن و زانستە تا لەو ڕێگەیەوە کۆمەڵگەیەکی زیندوو بونیات بنێین و بەرامبەر دوژمنەکەمان بوەستین.
چیرۆکی دووهەم: ژیاننامەی خوێندن؛ گەشتێک لە ناسنامەوە بۆ تێگەیشتن لە میدیا**
من لە خێزانێکدا چاوم بە دنیا هەڵهێنا کە خاوەنی پاشخانێکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی چالاک بوو؛ خێزانێک کە هەر لە سەرەتای دروستبوونی شووناسییەوە، خاوەنی ئاراستەیەکی کوردانە بووە و بە دژایەتیکردنی کۆماری ئیسلامی و هاوسۆزی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان دەناسرا. ئەو ژینگە هزری و کۆمەڵایەتییەی کە تێیدا گەورە بووم، هەر لە ساڵانی سەرەتای ژیانمەوە، منی بە چەمکگەلێکی وەک سیاسەت، ناسنامە، بەرخودان و بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی ئاشنا کرد و ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبوو لە داڕشتنی ئەو نیگایەی کە بۆ جیهانی دەوروبەرم هەمبوو.
خوێندنی فەرمیم لە ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی لە بۆکان دەست پێ کرد. قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندیم لە هەمان بەستێنی کۆمەڵایەتی و سیاسیدا تێپەڕاند؛ قۆناغێک کە هەرچەندە لەگەڵ سنووردارکردن و گوشاری جۆراوجۆردا ئاوێتە بوو، بەڵام هاوکات بووە هۆی بەهێزبوونی ڕۆحی پرسیارکردن، وشیاری و هەستیاریم بەرانبەر بە پرسە کۆمەڵایەتییەکان. ئەزموونی ژیان و خوێندن لەم چەشنە دۆخەدا، بەشێکی گرنگی کەسایەتیی هزری و ڕێڕەوی داهاتوومی داڕشت.
لە ساڵی ١٣٩٠دا، لەگەڵ بنەماڵەکەم بە هۆکاری سیاسی بەرەو هێرێمی کوردستان و ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات کۆچمان کرد و پێم نایە قۆناغێکی نوێی ژیان و خوێندنەوە. ئەم گواستنەوەیە، وەرچەرخانێک بوو لە ڕێڕەوی گەشەی تاکەکەسی و پەروەردەیی مندا؛ چونکە سەرباری درێژەدان بە خوێندن، ڕووبەڕووی فەزایەکی جیاواز بوومەوە لە ڕووی کولتووری، کۆمەڵایەتی و میدیاییەوە. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئاسۆی دیدم فراوانتر بێت بەرانبەر بە کۆمەڵگە، پەیوەندییەکان و ڕۆڵی میدیا لە ئاڕاستەکردنی ڕای گشتیدا.
لە ساڵی ٢٠٢٠ چوومە زانکۆ و بەشی ڕاگەیاندن (میدیا)م وەک بواری پسپۆڕیی خۆم هەڵبژارد؛ هەڵبژاردنێکی وشیارانە کە لەسەر بنەمای خولیای کەسی و ئەزموونەکانی ژیانم بنیات نرابوو. ئەم بەشە بۆ من تەنیا ڕێڕەوێکی خوێندن نەبوو، بەڵکوو ئامرازێک بوو بۆ شیکردنەوە، گێڕانەوە و گواستنەوەی ڕاستییە کۆمەڵایەتییەکان.
لە کۆتاییدا، لە ساڵی ٢٠٢٥ سەرکەوتووانە بڕوانامەی زانکۆم بەدەست هێنا و لەم بەشەدا دەرچووم.
ڕێڕەوی خوێندنی من هەمیشە لە پەیوەندیدا بووە لەگەڵ ئەزموونە کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتوورییەکانم و ئێستاش لە هەوڵ دام ئەم ئەزموونانە لە چوارچێوەی چالاکیی پیشەیی و میدیاییدا بە شێوەیەکی بەرپرسانە و وشیارانە درێژە پێ بدەم.
چیرۆکی سێهەم: گزینگ تابناک: خوێندن تاکە ڕێگەی بەختەوەریی کۆمەڵگەکانە!**
ئێمە وەک بنەماڵەیەکی کوردی ڕۆژهەڵات و دڵسۆزی ئەم نیشتمانە زوڵم لێکراوە، کە ژیانی ئاسایی خۆمان تێکەڵ بە تێکۆشان بۆ ڕزگاری گەل و نەتەوەکەمان کردبوو، ئاستەنگ و ناخۆشیی زۆرمان لەسەر ڕێگامان تێپەڕ کردووە و کۆڵمان نەداوە و هەر بەردەوام دەبین لە ژیان و خەباتکردن. من، گزینگ تابناک، لە ساڵی ٢٠٠٣ی زایینی لە شاری بۆکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووم و لە تەمەنی ٧ ساڵی وێڕای هاوتەمەنەکانی خۆم چوومەتە قوتابخانە و خوێندنم لە بۆکان دەست پێ کردووە؛ سێ ساڵ واتە تا پۆلی ٣ی سەرەتایی هەر لەو شارە بەردەوام بووم. لەو ماوەیەی خوێندنم لە بۆکان ئەگەرچی تەمەنم کەم بوو، بەڵام بەردەوام ئەو هزرە لە مێشکی خۆمدا کە بۆچی ئێمە ناتوانین بە زمانی دایکیی خۆمان بخوێنین ئازاری دەدام و ببووە هەوێنی ئەوەی من بیرکردنەوەی زۆرترم هەبێت سەبارەت بەو زوڵم و ستەمەی کە بەرەوڕووی گەلی ئێمە دەبێتەوە لە ڕۆژهەڵات. دوای تەواوکردنی پۆلی ٣ لە بۆکان، بنەماڵەی ئێمە کە هەمووکات لە تێکۆشان و خەباتکردن بەردەوام بوون، کەوتینە ژێر گوشاری لایەنە ئەمنی و سەربازییەکانی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و بە ناچار وڵاتی خۆمان بەجێهێشت و هاتینە باشووری کوردستان و ناو ڕیزەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و لەناو سەنگەرەکانی شۆڕشدا درێژەم بە خوێندن دا. لە پۆلی ٤ی سەرەتاییەوە لە نێو قوتابخانەی “ڕۆژهەڵات” درێژەم بە خوێندن دا و ئەمجارە بە زمانی دایکیی خۆم فێری وانەکانی ژیان و، لە هەمووی گرنگتر، فێری ڕێنووسی زمانی کوردی بووم و بە هیوایەکی زۆرتر بەردەوام بووم. لەو ساڵانەی کە من وەک کچی بنەماڵەیەکی پێشمەرگە لە خوێندن بەردەوام بووم، بەرەوڕووی زۆر ئاستەنگ بووینەوە، بەڵام هیچ کام لەو ناخۆشییانە هەنگاویان پێ شل نەکردم و هەر بەردەوام بووم. چەندین جار مووشەکبارانکردنی شوێنی نیشتەجێبوونمان و دوورکەوتنەوە لە ماڵەکانی خۆمان و بەربڵاویی ئێمە سەختییەکی زۆری هەبوو بۆ ئێمە، بەڵام هەروەک لەسەرەوە ئاماژەم پێ دا، ورەی من هەر بەرز بوو و لە خەباتکردن و لەگەڵ ئەوەشدا لە خوێندن بەردەوام بووم. دوای تەواوکردنی قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە قوتابخانەی ڕۆژهەڵات، قۆناغی ئامادەیی لە شاری کۆیە لە قوتابخانەی ئامادەیی “کانی”ی کچان لە بەشی زانستی تەواو کرد. دواتر لە درێژەی خوێندندا لە زانکۆی کۆیە لە بەشی “پەروەردە و دەرونزانی” وەرگیرام و بۆ ماوەی ٤ ساڵ لەو بەشەدا درێژەم بە خوێندن دا و لە ساڵی ٢٠٢٥ خوێندنم بە بڕوانامەی بەکالۆریۆس لەو زانکۆیە، سەرەڕای هەموو ناخۆشییەکان و بە پاڵپشتی بنەماڵەکەم و لایەنگری حیزبەکەمان، بە سەرکەوتووانە و بە ئاستێکی باش تەواو کرد. لە کات و ساتی تەواوبوونی من لە زانکۆ و خوێندنەکەم، ڕژێمی مرۆڤکوژی کۆماری ئیسلامی لە کۆتا ڕۆژەکانی خۆیدایە و هیواخوازم ئەو ئامانجەی چەندین ساڵە خەڵکی ڕۆژهەڵات خەباتی بۆ دەکەن بێتە دی و کۆماری ئیسلامی کۆتایی پێ بێت و هەموومان لە ڕۆژهەڵاتێکی ئازاددا، بە زانستەکەمان خزمەت بە گەل و نیشتمانمان بکەین. بە هیوای ڕۆژی ئازادی.
چیرۆکی چوارەم: چیرۆکی خوێندکار: ڕازاو ئەحمەد حەسەن (هەمزەپوور)
سەرەتای قۆناغی خوێندنم لە باخچەی ساوایانی هەرمۆتە دەست پێ کرد. دواتر قۆناغی خوێندنی سەرەتاییم لە خوێندنگەی “هەرمۆتەی بنەڕەتی تێکەڵاو” و هەروەها قۆناغی ناوەندیشم لە هەرمۆتەی بنەڕەتی تێکەڵاو تەواو کرد. هەروەها بۆ درێژەدان بە خوێندنی ئامادەییم، قوتابخانەی ئامادەیی “بەیداخی کچان” بەشی وێژەییم لە شاری کۆیە تەواو کرد، کە لە قۆناغی ١٢ توانیم کۆنمرەی ٨٠ بەدەست بێنم. دواتر لە زانکۆی کۆیە، بەشی کارگێڕیی کار وەرگیرام کە لە قۆناغی ئامادەییەوە ئارەزووم بوو لەو بەشە بخوێنم و بڕوانامە بەدەست بهێنم. هەر چوار ساڵی زانکۆم بە شانازییەوە لە یەکەمەکان بووم و لە کۆتاییدا پلەی سێیەمم لەسەر ئاستی هەر چوار ساڵی زانکۆ بەدەست هێنا. لێرەدا دایکم و بابم زۆر زەحمەت و ماندووبوونیان چەشت تاوەکوو من بگەمە ئەم سەرکەوتنە؛ زۆر سوپاسیان دەکەم، هەمیشە من قەرزداری ئەوانم کە لە هیچیان کەم بۆ دانەنام. هەروەها سوپاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکەم کە هەمیشە هاوکاری منداڵانی نێو حیزب بوون بۆ سەرکەوتنیان لە بواری خوێندن. لە کۆتاییشدا سوپاسی هەر کەسێک دەکەم کە بە وشەیەک هۆکاری سەرکەوتنم بووە.



