ژینا گیان تۆ نامری ناوت دەبێتە ڕەمز، ئەو دەنگە تا ئێستایش لە گوێماندا دەزرنگێتەوە

شەهلا یارحوسێنی
دەنگێک بوو، لە دەنگی مەزڵومیەتی نەتەوەیەکی بە ئازار و ژان،
دەنگێک ڕۆژ بە ڕۆژ لە قووڵایی ناخی تاکی کورددا جێگیر بووە و ڕۆحی بە بەری جووڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی بزافی ژناندا کردەوە و چڵۆسکی ئاگرینی کرد بە چاوی دوژمناندا، هاوكات لووتی نەیارانی کوردی شکاند بۆ مێژوو.
چوار ساڵ بەسەر شەهیدبوونی ژینا ئەمینی و سەرهەڵدانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» تێدەپەڕێت؛ چوار ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوە مێژووییەدا کە ناوی کچە کوردێکی ٢٢ ساڵەی خەڵکی سەقز، لە سنووری ناوێکی تاکەکەسی تێپەڕاند و بوو بە ڕەمزێک بۆ ئازادیی ژیان و ڕزگاریی خەڵک لە کۆت و بەندی ستەمکاران.
شەوی ١٦ی سەپتەمبەری ٢٠٢٢، کاتێک هەواڵی شەهیدبوونی #ژینا_ئەمینی بڵاوبووەوە، کەم کەس پێی وابوو ئەو ناوە لە ماوەیەکی کورتدا ببێتە بەشێک لە مێژووی خەبات و ڕزگاریخوازیی گەلی کورد و لە هەمان کاتدا ببێتە هۆی سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەکی بەرفراوان لە ئاستی ئێران و جیهان.
بەڵام وا بوو؛ ژینا بوو بە ڕەمز و مەرگی ئەو بوو بە هەڵگیرسانی بزووتنەوەیەکی نوێ؛ بزووتنەوەیەک کە نەوەی نوێ، بە هەموو چین و توێژەکانەوە و بە تایبەتی ژنانی خاوەن هەڵوێست و بیری ئازادی، پێشڕەوییان کرد. ئەو سەرهەڵدانە لە کوردستانەوە وەک چاخماخەی شۆڕشێکی نوێ بڵاو بووەوە و هەموو وڵاتی گرتەوە، دواتر سنوورەکانی تێپەڕاند و دەنگی گەیشتە شوێنە جیاوازەکانی جیهان. درووشمی «ژن، ژیان، ئازادی» بوو بە دەنگی ئەو نەوەیەی کە نەیدەویست ترس سنووری ژیانی دیاری بکات و بوو بە دەنگێک بۆ داواکارییەکانی ئازادی و مافی ژن.
لە زۆر شوێنی جیهاندا ژنان بە شێوەی جۆراوجۆر هاودەنگیی خۆیان لەگەڵ ئەو بزووتنەوەیە نیشان دا؛ لە قژبڕینەوە تا ناڕەزایی لە حیجاب و پەچەی زۆرەملێ، بۆ ئەوەی پەیامێکی ڕوون بگەیەنن، ژن مرۆڤێکی ئازادە و وەک هەر ئادەمیزادێکی دیکەی ئەم گۆی زەوییە، مافی بڕیاردانی لەسەر جەستە و پۆشینی جلوبەرگی خۆی هەیە. ژن نابێت وەک کۆیلە سەیر بکرێت، بەڵکو دەبێت وەک مرۆڤێکی ئاسایی و خاوەن ماف و بەیەخدار مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.
لە ڕوانگەی ئەدەبییەوەش، #ژینا لە سنووری جەستەیەکی فانی دەرچوو و بوو بە #سیمبولێکی_ئەفسانەیی. وەک چۆن لە ئەدەبیاتی بەرگریدا شاعیران و نووسەران لەناو ئازار و ئەندێشەکاندا سیمبول و ئەفسانە دروست دەکەن، ژینایش بوو بە ڕۆحێکی ئامادە و زیند لە دەق، شیعر، درووشم و هونەرە جۆراوجۆرەکاندا.
درووشمی «#ژینا_گیان_تۆ_نامری_ناوت_بوو_بە_ڕەمز» تەنیا دەربڕینێکی سۆزدارانە نییە، بەڵکو دەربڕینی ئەو ڕاستییەیە کە ناوی تاکێک دەتوانێت لە سنووری ژیانی تاکەکەسی تێپەڕێت و ببێتە بەشێک لە ویژدانی کۆمەڵایەتی و ئەو ناوە لە یادەوەریی خەڵکدا بە ئازادی و خەباتەوە گرێبدات و لە دەق و هونەر و بیرکردنەوەی نوێدا شوێنێکی تایبەتی بۆ خۆی دروست کرد.
لە ڕووی سیاسییەوەش، «#ژن_ژیان_ئازادی» بوو بە یەکێک لە درووشمە ناسراوەکانی ئەو سەرهەڵدانە و پرسی ژن، ئازادیی تاک و مافی مرۆڤی خستە ناو گفتوگۆیەکی فراوانتر.
ئەم بزووتنەوەیە دەنگی ناڕەزاییەکانی گەیاندە ئاستی نێودەوڵەتی و بووە بە هۆی ئەوەی پرسی ژن و خەباتی گەلی کورد بە شێوازێکی نوێ زیاتر بگاتە گوێی جیهان. بەتایبەتی لە کوردستان، ئەو سەرهەڵدانە لەگەڵ مێژووی درێژی خەباتی ژنان و گەلی کورد پەیوەندییەکی قووڵی هەبوو و ناوی ژینا بوو بە پردێک لەنێوان یادەوەرییەکی کۆمەڵایەتی و داواکارییەکی نوێ بۆ ئازادی.
لەو ڕووداوەوە، پەیوەندیی نێوان نەوەی نوێ و دەسەڵات، پرسی ئازادی و سنوورەکانی، و مافی ژن لەسەر جەستە و ژیانی خۆی زیاتر خرانە بەردەم گفتوگۆ و پرسیار. لەو ڕووەوە، مەرگی ژینا تەنیا ڕووداوێکی تاکەکەسی نەما؛ بوو بە خاڵێکی گرنگ لە مێژووی ناڕەزایی و خەباتی کۆمەڵایەتیی سەردەمێکی نوێ، و ناوی ژینا بوو بە ناسنامەیەکی بەهێز بۆ ئەو داواکارییەی کە ژن دەبێت خاوەنی ماف و هەڵبژاردنی خۆی بێت.
بەم شێوەیە، چوار ساڵ دوای ئەو کارەساتە ئێستا، «ژینا» تەنیا ناوێکی قوربانییەک نییە، بەڵکو ناوێکە کە بووەتە ناسنامە و سێمبولێک و یادەوەرییەکی بەهێز بۆ بەشێک لە کۆمەڵگا. مێژوو هەندێک جار بە مەرگی تاکەکان ناوێستێت؛ بەڵکو هەندێک مەرگ دەبنە دەستپێکی بیرکردنەوەیەکی نوێ و دەبنە هۆی ئەوەی نەوەیەک کە هاوار و پرسیارەکانی خۆی بە دەنگێکی بەرزتر بکات.
ژینا ئەمینی لە ژیانە کورتەکەیدا کچێکی کوردی خەڵکی سەقز بوو؛ بەڵام دوای کۆچی دوایی، ناوی بوو بە بەشێک لە مێژووی بزووتنەوەی #ژن_ژیان_ئازادی و بە پردێک لەنێوان ئەدەبیاتی بەرگری و سیاسەتی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد. ناوی ژینا لە یادەوەریی خەڵکدا دەمێنێتەوە و هەر جارێک درووشمی «#ژن_ژیان_ئازادی» دەوترێت، یادێک لە ژینا و لەو ڕۆژانەی کە بوون بە خاڵێکی گرنگ لە مێژووی سەردەم زیندوو دەبێتەوە.
مێژوو سەلماندوویەتی کە هەندێک “مەرگ کۆتایی نین” بەڵکو دەستپێکی مێژوویەکی نوێن، ژیناش لە یادەوەریی کۆمەڵانی خەڵک و گەلەکەیدا دەمێنێتەوە، نەک تەنیا وەک ناوی کچێکی کورد، بەڵکو وەک ڕەمزێک بۆ #ئازادی و #خەبات. بۆیە
#ژینا_گیان_تۆ_نامری_ناوت_بوو_بە_ڕەمز.
وێنە و میدیای بابەت
وێنەکان خۆکار دەگۆڕدرێن؛ بە تیرەکانیش دەتوانیت بە دەستی بگۆڕیت.









