(تێڕامانێک لەسەر چەمکی ئەڤین و ئازادی)
لەیلا قادری
ڤالێنتاین، خۆشەویستی، ئەڤینداری و دڵبەر و دڵدار بەر لەوەی تەنیا دەستەواژە گەلێک بن لە نێوان دروشم و دێڕی کتێبەکاندا، هەڵبژاردنی دژوارن لە مەیدانی کردەوەدا، بانگەشەی خۆشەویستی لە بازنەی وشەدا، ئەگەر باوەڕی دەروونی و لێبوردەیی راستگۆیانەی لەگەڵ نەبێ دروشمی بێ ناوەڕۆک و تراویلکەی هەستە. ناکرێ لە پیرۆزی خێزان و بنەماڵە بدوێین بەڵام لە کردەوەدا روحی یەکتر بخەینە بەندەوە، ئەڤینی راستەقینە بوێری لە کردەوەدا دەوێ، دەرباز بوونی لە دەمارگرژی لە پێناو پشکووتنی بەرامبەرەکەی دەوێ.
لە قوتابخانەی خەباتی ڕێبوارانی سەربەستی دا دڵ و هەنگاو پێ بە پێ دەڕۆن. ئەگەر باوەڕ بە یەکسانی و ڕێز لە ناخی تاکدا ڕیشاژۆی نکردبێ، دروشمەکان تەنیا هاوارێکن لە گەروەوە دێنە دەر و لە یەکەم گەردەلوولی کردەوەدا دەدۆڕێن. ئازادیخواز هەرچەندە رێڕەوەکەی سەخت و پڕ کەند و لەند بێ، دەبێ لەسەر باوەڕی خۆی سوور بێ، چونکە تیشکی ئەوڤین نەک لە وتە بەڵکو لە خۆڕاگری و ئەو نرخە دایە کە بۆ دڵبەری دادەنێ.
لە فەرهەنگی سیاسیی ئازادیخوازدا ئەڤین و خۆشەویستی ڕاستەقینە هەروا وشەیەکی هەڕەمەکی یان تەنیا پەیوەندییەکی تاکی نییە، بەڵکو کردەوەیە و بە رێرەوەی باوەڕدا تێدەپەڕێت، رۆژی ڤالێنتاین بەهانەیەکە بۆ ئەوەی وەبیرمان بێتەوە کە بۆ ئێمەی کورد جوانترین چیرۆکەکان لە سەنگەری بەرخۆداندا باڵایان کردووە، خۆشەویستی خاک و نیشتمان و کەرامەتی مرۆڤەکان ئاوێتەی یەکتر بوون. ژنانی ئەو ڕێڕەوە چەندین دەیەیە چەمکی سووننەتی دڵبەری پەراوێزخراویان بۆ پێگەی هاوسەنگەری یەکسانیخواز گۆریوە و سەلماندوویانە کە ڕێزگرتن لە ژن تەنیا لە وشەی بریقەداردا نییە بەڵکوو لە بەفەرمی ناسینی ورە و هێز و توانایی و تێگەیشتنی لە دیاریکردنی مافی چارەی خۆنووسین دایە، ئەگەر بڕیارە ئەمرۆ لە خۆشەویستی بدوێین ناکرێ چاوپۆشی لە ورەی بەرزی ئەو ژنانە بکەین کە کۆڕی گەرمی بنەماڵەیان کردووەتە سەنگەری هۆشیاری و مافخوازی.
خۆشەویستی و ئەڤینی راستەقینە هەر ئەو ڕێزەیە کە لە ئەندێشەی پێشکەوتوخوازانەی ورەی ئەوان دایە بۆ دیاریکردنی پێگەی ژن، ئەو ژنانەی شان بە شانی پیاوان لە سەنگەری شۆڕش و بەرگریدان و ئەندازیاری راستەقینەی دوارۆژی کوردستانی ئازادن. پیرۆزی بنەماڵە بۆ ئێمە نەک لە بازنەی داپلۆسین، بەڵکو لە سێبەری ئازادی و یەکسانیدا مانای خۆی وەردەگرێ.
ڤالێنتاین لە هەموو ئازادیخوازان و سەرجەم ئەو ژنانە پیرۆز کە خۆشەویستیان لە خۆراگریدا بە لووتکە گەیاند. بەو هیوایەی خۆشەویستی و ئازادی بۆ هەمیشە دوو باڵی لێکدانەبڕاوی شوناسی نیشتمانەکەمان بن.




