ن. ئا: تریفە فاتیحی
کۆتا ڕۆژەکانی زستانی ٦١ و چاوپشکووتنی لە یەکەم ڕۆژکانی بەهاری ٦٢ دا بوو . ئەو ڕۆژە دەیانکوت: سەیرە دوو ڕۆژی ماوە بۆ نەورۆز بەڵام بەفر سەیر یەخەی عەرزی گرتووە و کۆڵانەکان ڕێی هاتوچۆیان نییە!! دەستێکی پڕ بوو لە هەلاوە مەلاوە و دەستێکیشی پڕ لە گەزیزە.
شاعیری جوان و نووس و تەوارە بەرزەفڕەکەی ئەوجارەمان خاتوو نەرمین ئیبڕاهیم ئازەرە «تەوار» لەشاری مەهاباد چاوی بە دونیا هەڵێناوە. هەرکە فێری خوێندنەوە بوو هۆگری کتێب بوو و لە چاردە ساڵی دا، بۆ یەکەم جار چووە ئەنجومەنی ئەدەبی . ئەوکات ڕای وابوو ببێتە نووسەر و ئاشقی ڕۆمان و چیرۆک بوو. دوای وەرگرتنی دیپڵۆمی حیسابداری لە سالی ٧٩ دەچێتە زانکۆ وخوێندنی حیسابداری درێژە پێدا. ساڵی ٨٣ زەماوەند دەکا و دەچێتە شارە جوانەکەی بۆکان . لەوێ لە شیرکەتی سازە کێشتی کاوەی بۆکان وەک حیسابدار دادەمەزرێ کە لە هەمانکاتدا نوێنەری بانکی کشاوەرزیش بوو. دوای ماوەیەک نوێنەرایەتی تراکتۆرسازی تەورێز و هێپکۆی ئەراکیش وەرگیرا و دەبێتە بەرپرسی ئەو بەشە. تا ئەو کات خولیای نووسەری هەر لە مێشکدا هەبوو و خوێندنەوەی هەر هەبوو . زیاتر بە فارسی دەینووسی و هۆگری ڕۆمان بوو. ساڵی ٩٣ دەگەڕێتەوە مەهاباد و لەوێ دەچێتە لای کاک «ڕەحیم سووڵتانی» دامەزرێنەری فێرگەی سۆما و لە خولێکی فێرکاری شێعر و چیرۆک بەشدار دەبێ. هەر لەوێ یەکەم شێعری کە نیمایی بوو دەنووسێ .
لەوێڕا ڕێگەی شێعر وەک ئامانجێکی پیرۆز هەڵدەبژێرێ و زیاتر هەوڵ دەدا .
لە خزمەت مامۆستا تاهیر کەریمی(شیوەن) عەرووز و قافییە فێر دەبێ و هاتوچۆی ئەنجومەنی ئەدەبیی مەهاباد دەکات. یەکەم غەزەلەکانی دە نووسێ و لە گۆڤارەکانی مەهاباد و بۆکان بڵاویان دەکاتەوە. ساڵی ٩٦ دەگەڕێتەوە بۆ بۆکان و ساڵی ٩٧ نوێنەرایەتی فێرگەی سۆما وەردەگرێ و لە بۆکان لە بواری وانەبێژیی چالاکی خۆی درێژە پێدەدا. خۆی گوتەنی گەورەترین شانازیم دامەزراندنی کارگای چیرۆکی مامۆستا قزڵجی بە هاوکاری مامۆستا بریا کاکە سووری بوو. لەو کارگایەدا زۆر کەس لە نووسین نیزیک بوونەوە. هەروەها بەڕێوەبردنی دانیشتنە ئەدەبییەکان و خولەکانی شێعر ، هێمن ناسی، عەرووز و قافییە، نەقدی ئەدەبی ، بوو.
هەر چەند بەداخەوە دوای ماوەیەک فێرگەی سۆما بە ٥٦ نوێنەری چالاکەوە کۆ کراوە.
درێژەی چالاکییەکانی لە ساڵی ٩٧ وەک ئەندامی بەڕێوەبەری ئەنجومەنی ئەدەبیی بۆکان تا پاییزی ٩٩ هەر لەو بازنەیە دەبێ کە بە هۆی بڵاو بوونەوەی وایرۆسی کڕۆنا زۆربەی چالاکییەکان بە شێوازی مەجازی و لەسەر هێڵ بوو تەنانەت بەڕێوەبردنی فێستیواڵی شاری دڵ کە زۆر کارێکی دژوار بوو .
لە نەوڕۆزی 1400 دیسان دەگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆشەویستی و بەیەکجاری جێگر دەبێ .
تێکەڵاوی دەگەڵ ئەدەبیات و خزمەت کردن لەو بوارەدا وای کرد وەک ئەندامی بەڕێوەبەری بنکەی فەرهەنگی هونەری موکریانی مەهاباد هەڵبژێردرێ . یەکەم کاری لەو بنکەیە بەڕێوەبردنی کارگەی چیرۆک بە دوو شێوازی حزووری و ئانلاین بوو کە بەختەوەرانە دەستکەوتی باشی بوو . دواتر هەڵەکانیان بۆ ناساندنی شاعیرانی شارەکانی تر و لێدوان لەسەر ئەزموونی شاعیری ئەو بەڕێزانه و هەروەها بانگێشتنی کەسانی پسپۆڕ و لێزان لە بوارەکانی ڕەخنەی ئەدەبی ، خەسارناسی ئەدەبیاتی منداڵان ، کۆڕێک لەسەر تەنز و جۆرەکانێ تەنز ، ناساندنی چیرۆکنووسان و ڕێز گرتن لە کەسایەتییە چالاکەکانی ئەو بوارەدا بەرینتر کرد. بەڕێوە بردنی شەوە شێعری وەفایی لە بەفرانباری 1402 کە ڕادەی بەشداربوانی ئەو شەوە شێعرە زیاتر لە ١٣٠٠ کەس و بە بەشداری ١٢٠ شاعیر لە زۆربەی شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بەڕێوە چوو کارێکی پیرۆز و بەرچاو بوو.
خاتوو نەرمین چالاکییەکانی تا ئەمڕۆش هەر لەو بنکەیە درێژەی هەیە و بەوهیوایەی بەردەوام و سەرکەوتوو بێت .
خاتوو نەرمین بە زمانێکی پاراو و ژنانە دەنووسێ، هەمیشە هەوڵی داوە ئازارەکانی ژنان بە زمانی شێعر دەربڕی و لە زۆربەی قالبەکانی شێع دا شێعری نووسیوە. وەک غەزەل ،چوارپارە، مەسنەوی، دووبەیتی، پێنج خشتەکی، تەخمیس و…هەڵبەت لە بوارەکانی چیرۆک و ڕۆمانیشدا چالاکی بووە و بۆ وێنە هاوکاری لەگەڵ چەند کەسێک بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر گێڕانەوە ناسی لە ڕۆمانی کوردیدا لە سەرەتاوە تا ئێستا کە دواتر هەر لە ژێر ئەو ناوە بە نووسینی بەڕێز جەلال پوورحەسەن لە چاپ درا و بەختەوەرانە کتێبێکی زانستی زۆر بەپێزە.
هەڵبەت لە بواری هەڵسەنگاندنی چیرۆک و ڕۆمانەکان چەندین وتاری نووسیوە و ئامانجی ئاوڕدانەوەیەکی جددیە بۆ بەشی ڕەخنە و هەڵسەنگاندنی بابەتە ئەدەبییەکان.
هیوای سەرکەوتن و بەردەوامی بۆ خاتوو تەوار و هەموو ژنانی بوێر و دەروەستی نیشتمان
چۆپی کێشانە لە مەڵبەندی دین
خوێنی یاخی کیژە کاژێ دەڕژێ
سووڕەتی ژن لە خودا دڵمەندوو
خوێنمژێ تێر بە دڵی، خوێن دەمژێ
نەفەسێ بەر لە ژییان خنکا بوو
شەوەکی ڕێگە تەریک و تەم بوو
مۆتەکەی مانی بەزۆری زاڵە
ژینی پێشکێشی تەواوی خەم بوو
چەقوچۆی دینە لە ئاوێنەی ژن
تاکە وەرزی ژینی ژن زستانە
سەنگەساری خەفەت و بێدەنگی
ڕێگە چارە بە تەنێ وەستانە
شەو لە شاڵی سەری کیژێ ڕەشتر
دەستی خستۆتە هەناوی شارێ
کچ لە دوا ویسگە دڵی خۆی دانا
سەری بێ شاڵی دەبەن بۆ دارێ
ژن بە مانای ڕۆژێ سەت چەل مردن
ڕێک سنووری مەرگەژێ و ڕاکردن
تێکەڵاوی قورسی ئەعساب و خەو
چرکە چرکە توانەوە تامردن
خۆر لەناو چاڵی شەوێ یەخسیرە
توولە نوور ڕێگە لە تێلبەند دەدزێ
هەوری ڕەش چارکەشانێ دێنێ
کچی خۆر پرچی لە ژێرا دەخزێ
نەرمین ئیبڕاهیم ئازەر (تەوار)