بازدان بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

کچ‌بوون وەک تاوان؛ چیرۆکی ژنێک لە ژێر سایەی نامووس و ستەم

✍️#کەژاڵ ٤٣
کچ‌بوون وەک تاوان؛ چیرۆکی ژنێک لە ژێر سایەی نامووس و ستەم
کۆمەڵایەتی‹کچ‌بوون وەک تاوان؛ چیرۆکی ژنێک لە ژێر سایەی نامووس و ستەم

✍️#کەژاڵ

نازانم کچ‌بوون لە وڵاتانی ئیسلامی و بە داب‌ونەریت و پیاوساللار بۆچی تاوانە؟! من کچێکم کە لە بنەماڵەیەکی کورد لەدایک بووم. بنەماڵەکەم سەرەڕای ئەوەیکە ئایینی نەبوون، بەڵام دژەژن و پیاوسالارێکی تۆخ بوون. بنەماڵەیەکی بەداب‌ونەریت، کە ژیانی کچیان تەنیا لە بازنەی هاوسەرگیریدا بەدی دەکرد… بنەماڵەیەک کە تێیدا ژیانی کچ لە چنگی پیاوێک دایە و حەز و خولیاکانی ئەو پیاوە، چارەنووسی دیاری دەکا.

 سەرەڕای ئەوەش، هێشتا گورزی باوکم وێنەکەوت! بەڵکوو بەپێچەوانەوە زەبری پەروەردەی ژنەکان لەپێی خستم، کە کچیان بە ئامرازی جێبەجێ‌کردنی ویست و داخوازییەکانی ڕەگەزی نێر دەزانی.

ئەم ژنانە کوڕانێکیان پەروەردە دەکرد، کە ڕەگەزی مێیان بە نامووس (موڵک) پێناسە دەکرد و خۆیان بە خاوەنیان ئەزانی. کوڕگەلێکیان پەروەردە دەکرد، کە بە پاساوی پاراستنی شەڕەف و نامووس، دەستیان بۆ کوشتنی ئافرەتان ئەبرد.  پاشان لەلایەن دەسەڵاتی ژنکوژی ئیسلامییەوە، نە بەند دەکران و نە سزاش دەدران، بگرە پاڵپشتییان لێدەکرا!

ئەوە دەسپێکی منە. منێک کە نامووس(موڵک)ی باوکم و تاقە براکەم بووم و بەدرێژایی ساڵیانی ساڵ ئێش‌وئازارم چەشت و چەوسامەوە. نەهامەتییەکە لەوێوە سەری‌هەڵدا، کە کچی نۆبەرەی ماڵ بووم. ئەویش کچە نۆبەرەی ماڵێکی زۆر کۆنەپارێز و بەداب‌ونەریت.

هەر کچ‌بوون بۆخۆی لەخۆیدا تابۆ و یاساغ بوو؛ ئیتر بەزاندنی هێڵە سوورەکان لەلایەن کچێکەوە دەبێت چ قەباعەتێک بنێتەوە!؟ هەموو خواست و داواکاری من ئەوە بوو کە بچمە زانکۆ و بخوێنم؛ یاخود لە تەمەنی خۆیدا هاوسەرگیری بکەم! بەڵام مەخابن تەنانەت لەو مافە سەرەتاییە هاوشێوانەش بێ‌بەش بووم.

من ئیدی نەمدەتوانی لەگەڵ ئەو دۆخەدا هەڵکەم. چیدیکە هەڵگری ئەو هەمووە ستەم و نادادپەروەریانە نەبووم. تاوەکوو پاش چەندساڵ دەستم دایە بەر خۆکوژی! بەهۆی ئەوەیکە چیدیکە لەو قەفەزەدا نەدەحەجمام.

کێشەکە هەر ئەوە نەبوو کە دەچەوسامەوە؛ بەڵکوو من لە تەمەنی پێش مێرمنداڵیشدا، قوربانی دەست‌درێژیی زایەندی ببووم! لە تەمەنی ١٣ساڵیم، لەلایەن مام‌مەوە دەست‌درێژیم پێکرا. بەڵام تەنانەت نەمتوانی لەکن دایکیشم بیدرکێنم کە لەوشەوەدا چیم بەسەر هات!

کاتێک پووریشم بەوپەڕی بێ‌شەرمییەوە کەلکاوەژۆی لە متمانەم وەرگرت و دەستی لەو تاوانکارییەدا هەبوو، هەرچەندە بۆخۆی خاوەنی دوو کچ بوو، ئیتر چی دەمێنێتەوە!؟ هیوادارم بزانێت چ ئازارێکم کێشا.

کە بنەماڵە بەداب‌ونەریت بوو و کچ‌بوون تاوان، ئیتر دەست‌درێژکەر دەستی ئاوەڵەترە. چونکە دەتوانێت لە شەرم‌وعەیبەکاری و بێدەنگی بنەماڵەکە هەل بقۆزێتەوە.

هەرچەندە من وەک خۆم، گەورەترین زەبرم لەلایەن هاوڕەگەزی خۆمەوە وێکەوت؛ بەڵام هیوام وایە نەوەی نوێی ژنان ئاگاتر و وریاتر بن و هەرگیز بەچەشنی من، بەهۆی کچ‌بوونەوە بەربەست بۆ کچانیان دانەنێن. کچانی ئاگا و ڕووناکبیر، دەتوانن پیاوی وەک خۆیان پەروەردە بکەن؛ کە ڕێز لە مافی ژنان بگرن و بە بیانووی نامووس، نەیانکەنە کۆیلەی خۆیان.

هەرچەندە من خۆکوژیم کرد، بەڵام بە ویژدانێکی ئاسوودەوە سەرم دەنایە ژێر خاک. بەڵام ئەوەیکە ئێستا کە زیندوو ماوم، دەبینم کە کچانی دیکەی بنەماڵەکەمان بە مافە پێشێلکراوەکانی من گەیشتوون.

هیوادارم چیدیکە ژنان نەبنە بەربەست بۆ گەشە و سەرکەوتنی یەکتر و بە هەرشێوەیەک بێت، ئەو چەوسانەوەیە لەبن بێنن. من هیوام هەیە و تا دوایین هەناسەش لەسەر مافە ڕەواکانم پێداگری دەکەم.

✍️#کەژاڵ