رۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٣ی جۆزەردانی ١٤٠٥، بە بەشداری ئەندامانی ڕێکخراو لە شاری یۆتێبۆری لە ناوچەی پارتیلە یەکەمین کۆبوونەوەی کۆمیتە بەڕێوەچوو.
کۆبوونەوە کاتژمێر ١١:١٣ بە سروودی نەتەوایەتی “ئەی ڕەقیب” و ساتێک بە بێدەنگی و بە پێوە وەستان بۆ ڕێزلێنان بۆ یادی شەهیدان و نەمرانی ڕێی ئازادی و یەکسانی و مافی نەتەوەیی بە فەرمی دەستی پێکرد.
خاتوو “شلێر حەسەنپوور” بەرپرسی گشتی یەکیەتیی ژنانی دێموکرات، کۆمیتەی سوئێد، لە ڕێگەی تەلەیفون بەشدار بوو.
بەڕێزی وێڕای بەخێر هێنانی بەشداران و ئاماژەی کورت بەو هەلومەرجە هەستیارەی تێدا دەژین، گوتی: خۆبەربژێرکردنی کەسانی خوێندەوار و لاو، دەستپێکی ئەرکێکی زۆر گرینگی چالاکی و تێکۆشانە کە، دەتوانێ وەزبەخشی پتر بۆ کۆمێتەی نوێی دەڤەری یۆتێبۆری بێ.
پاشان خاتوو “خەجیج ڕۆستەمی”، بەرپرسی بەشی تەشکیلاتی کۆمیتەی گشتی سوئێد، بەشێوەی حزووری باسێکی سەبارەت بە گرینگی سازماندیی ژنان لەو ناوچانەی کە ئەندامانی یەکیەتیی ژنانی لێ نیشتەجێن بە ئەرێنی ناوبرد و خوشحاڵی خۆی بۆ دەستپێکردنی تێکۆشانی ئەندامانی شاری یۆتێبۆری دەربرێ.
بەڕێزی هومێدی خواست، بە هاوکاریی و ڕێنوێنیەکانی کۆمیتەی گشتی و هیممەتی ئەندامان لە دەڤەری یۆتێبۆری، وەک: شەشەمین کۆمیتە لە وڵاتی سوئید دا، ئەو ئەرکە گرینگەی کار و تێکۆشانی یەکیەتیی ژنان بەڕێوەبچێ و بۆ بەرفراون کردنی هەوڵ بدرێ.
کاک “نەبەز عەلیدووست”، بەرپرسی کۆمیتەی گشتی حدکا کۆمیتەی سوئید، و ئەندامی یەکیەتیی ژنان لە یۆتێبۆری، باسێکی کورت، پوخت و پڕنێوەرۆکی پێشەکەش کرد و ئاماژەی بە گرنگی کاری ڕێکخراوە مەدەنیەکان و بەتایبەتی ڕێکخراوەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئیرانی لە وڵاتی سوئێد کرد و هەروەها ئاماژەی بە ڕێژەی بەشداری هاوڕێیانی پیاو لە نێۆ ڕێکخراوەی یەکیەتیی ژنان دا کرد و بەشداری ئەو هاوڕێیانەی لە ماوەی ڕابردوو دا بە ئەرێنی وەسف کرد و گوتی: کۆمیتەی یەکیەتیی ژنان لە سوئێد بە کردەوە نیشانی داوە کە کار و چالاکییەکانی خۆی وەک ئەوەی لە نێو بەرنامە و پلان (ستادگار) دا گونجاوە و بەتایبەتی خاڵی هەوڵدان بۆ مافی یەکسانی، بەبێ هەڵاواردن بەڕێوەدەبا هەر بۆیە دەبێ بەهەمووان هەوڵ بۆ پاراستنی بنەما و ئەو خاڵانەی “یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران” لە وڵاتی سوئێدی لەسەر دامەزراوە بدەین.
لە درێژەی کاری کۆنفڕانس دا، زۆربەی بەشداران لەسەر چونیەتیی بەڕێوەچوونی کاری یەکیەتیی ژنان لە دەڤەری یۆتێبۆری و ئەرک وەئەستۆگری بەتایبەتی لاوە خوێندەوارەکان، قسە و باس و پێشنیاری خۆیان هێنایە بەرباس.
لەدوا بڕگەی کۆنفڕانس دا، چەند خاتوونی بەتوانا خۆیان بۆ کار و ئەرک لە کۆمیتەی داهاتووی یۆتێبۆری بەربژێر کرد و بەڵێنیان دا هەتا کۆنفڕاسی داهاتووی کۆمیتەی دەڤەری یۆتێبۆری هەموو تواناکانیان بۆ چالاکی لەو ناوچەیە وەگەڕبخەن.
پێویست بە ئاماژەیە هەر ئەو ڕۆژە خاتوو “ئەسرین مەلاعەبدوڵڵا” وەک بەرپرسی کۆمیتەی شاری یۆتێبۆری هەڵبژێردرا.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆمیتەی سوئێد
١٣-٠٦-٢٠٢٦



