کۆمیتەی بەڕێوەبەری لە شاری ڤێسترۆس ڕۆژی شەممە ۲٤-٠٥-٢٠٢٥ بە مەبەستی ڕێز گرتن لە ڕۆژی دایک کە لە ئاخرین یەکشەممەی مانگی مای لە وڵاتی سوئێد ڕێزی لێ دەگیردرێ، بەرنامەیەکی تایبەتیان بەو بۆنەوە بۆ ئەندامانی کۆمیتەی ڤێسترۆس پێکهێنا.
کۆبوونەوەکە کاتژمێر ١٣ی دوانیوەڕۆ بە خوێندنەوەی پەیامێکی تایبەت بەو ڕۆژە لە لایەن خاتوو سوهەیلا مەهدیزادە بەرپرسی کۆمیتەی ڤێسترۆس دەستی پێکرد، لە پەیامەکە دا جیا لە پیرۆزبایی، ئاماژە بە نەخش و ڕۆڵی دایک لە ژیانی هەر تاکێک دا کرابوو.
لە درێژە دا بەرنامەیەکی کێبەڕکێ لە نێوان ئەندامان دا بەڕێوەچوو کە ئەندامەکان چالاکانە بەشداریان تێدا کرد و دوا بەشی بەرنامە خواردنی خوانی نیوەڕۆ و گێڕانەوەی بیرەوەری، قسە و نوکتەی خۆش بوو کە لە لایەن ئەندامان بەگەرمی پێشوازی لێکرا و لە نێو ڕەزامەندی هەموو لایەک دوایی ٥ کاتژمێر کۆتایی پێهات.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆمیتەی ڤێسترۆس – سوئێد
٢٤-٠٥-٢٠٢٥