دایە ڕەزیە حەمیدی، دایکی دوو پێشمەرگەی کوردستان و ژنێکی نیشتمانپەروەری دانیشتووی گوندی «خامسان»ی سەر بە شاری کامێران، لە تەمەنی ٧٧ ساڵیدا بەهۆی کارەساتی جەڵتەی دڵەوە لە نەخۆشخانەیەکی شاری سنە کۆچی دوایی کرد.
دایە ڕەزیە، دایکی هەردوو پێشمەرگە «هەتاو و سدێق وەیسانی»، کە هەتاو ئەندامی ڕێکخراوەی یەکیەتیی ژنانە، لەبەر هەڵوێستی نیشتمانپەروەری و خەباتی ڕۆڵەکانی، ساڵانێکی زۆر لەژێر گوشار، هەڕەشە و بانگهێشتی بەردەوامی دەزگا ئەمنییەکانی ڕێژیمی ئێراندا بوو. بەپێی زانیارییەکان، دوای مووشەکبارانی بنکەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دەزگا ئەمنییەکان لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە و بە شێوازێکی دڕندانە هەواڵی سووتاندنی ماڵی منداڵەکانیان بە دایە ڕەزیە ڕاگەیاندووە. ئەم گوشارە دەروونییە قورسە بووە هۆی ئەوەی ناوبراو تووشی جەڵتەی دڵ ببێت و دوای چەند ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، گیان لەدەست بدات. دایە ڕەزیە تا دوایین ساتەکانی ژیانی بە ڕێبازی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەی و ئاواتی ئازادیی کوردستان وەفادار مایەوە. تەرمی ئەم دایکە تێکۆشەرە لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەکەدا لە گوندی خامسان بە خاک سپێردرا.
لەو بارەیەوە دەستەی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە دەرکردنی پەیامێکی هاوخەمی، وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی قووڵ، ڕایانگەیاند: «دایە ڕەزیە وێنەیەکی دیاری بەرگری و سەبوریی دایکانی کورد بوو کە سەرەڕای هەموو هەڕەشە و گوشارەکان، تەسلیمی بێدادیی ڕێژیم نەبوو. ئێمە لە یەکیەتیی ژنانی دێموکرات، ئەم کۆچە دڵتەزێنە بە برینێکی قووڵ بۆ کۆمەڵگەی ژنانی کورد دەزانین و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی خوالێخۆشبوو و سەرجەم کەسوکاری بە تایبەت خاتوو هەتاوی کچی و بووکەکانی دەکەین و خۆمان بە هاوبەشی خەمیان دەزانین. ڕۆحی ئەو دایکە تێکۆشەرە شاد و ڕێگای پڕ لە هەڵوێستیان هەمیشە بەرز و بەرێز بێت.»


