ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی ڕێبەندانی ١٤٠٤، خاتوو خەدیجە فەرهوودی ناسراو بە پوورە خەج، خەڵکی گوندی کونەمشکێ لە ناوچەی سەردەشت، بەهۆی نەخۆشی و بەساڵاچووییەوە ماڵاوایی لە ژیان کرد.
پوورە خەج ژنێکی نیشتمانپەروەر و حیزبخۆشەویست بوو کە لە بنەماڵەیەکی کوردپەروەردەدا گەورە بووبوو. ماڵەکەیان هەمیشە وەک بنکەیەکی پشتگیری و حەوانەوەی کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ناسراو بوو.
کوڕی گەورەی ناوبراو، کاک ڕەحمان مەحموودی، لەگەڵ خاتوو ئامینە مەحموودی بۆ ماوەی زیاتر لە چل ساڵە وەک پێشمەرگە و ئەندام لە ڕیزەکانی حیزبدا چالاکییان کردووە. کوڕێکی دیکەی، ئەبووبەکر مەحموودی، ئەندامێکی دڵسۆز و فیداکار بوو کە بەداخەوە لە ١٦ی خاکەلێوەی ١٣٨٥ی هەتاوی لە تەمەنی گەنجیدا بەهۆی نەخۆشییەکی کوتوپڕ کۆچی دوایی کرد. هەروەها کوڕێکی دیکەی بەناوی ڕەحیم مەحموودی لە ئاکامی شەڕی ئێران و عێراق بەهۆی تۆپباران شەهید بووە.
ئەم دایە خەباتکارە هەموو منداڵەکانی بە ڕۆحی شۆڕشگێری و نیشتمانپەروەری پەروەردە کردووە و بە ژیانی خۆی نموونەیەکی دیار لە فیداکاری و پشتگیری بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد بوو.
پوورە خەج هەروەها دایکی خاتوو ئامینە مەحموودی ئەندامی لەمێژینەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو، کە خاتوو ئامینە یەکێک لە زامدارانی هێرشی هاژەکی ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی بۆسەر قەڵا و فێرگەی دێموکرات بوو و هەروەها دایەگەورەی شلێر مەحموودی، سکرتێر و ئەندامی بەڕێوەبەری پێشووی ڕێکخراوەکە.
بەو بۆنە خەمبارەوە، ئەندامانی بەڕێوەبەری یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی و هاوخەمیی خۆیان بۆ بنەماڵەی مەحموودی، خزم و کەسوکار و هەموو هاوڕێیان دەردەبڕن و خۆیان بە هاوبەشی ئەم خەمە گەورەیە دەزانن.
یادی پوورە خەج هەمیشە لە دڵ و مێژووی خەباتی نەتەوەییدا زیندوو دەبێت.




