یادی ٩ ساڵەی ڕێفراندۆم لە وڵاتی نۆروێژ بەرز ڕاگیرا

ڕۆژی هەینی، ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، کاتژمێر ٦ی ئێوارە، یادی ٩ ساڵەی ڕێفراندۆمی کوردستان بە بەشداریی ٧ ڕێکخراوی مەدەنیی کوردی لە شاری ئۆسلۆ، پایتەختی وڵاتی نۆروێژ، بەرز ڕاگیرا. یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە نۆروێژ یەکێک لە ڕێکخراوە بەڕێوەبەرەکانی ئەو بۆنەیە بوون.
ڕێوڕەسمەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتیی «ئەی ڕەقیب» و خولەکێک بێدەنگی دەستی پێکرد. دواتر، پەیامی هاوبەشی کۆمیتەی ئامادەکاری بە زمانی کوردی لەلایەن بەڕێز عەدنان موختار و بە زمانی نۆروێژی لەلایەن خاتوو ڕەعدە پاڵانی، بەرپرسی کۆمیتەی ژنان، خوێندرایەوە.
لە بەشێکی دیکەی بەرنامەکەدا، چەند کەسایەتییەکی نۆروێژی کە ٩ ساڵ لەمەوبەر لە هەرێمی کوردستان بەشدارییان لە پرۆسەی ڕێفراندۆم کردبوو، ئامادە بوون و پەیامیان پێشکەش کرد. ئەو کەسایەتییانە بریتی بوون لە ئێریک سێللە، ئەمیر دۆسکی، یان گرێگەرسن و عەبدولباقی حوسێنی. هەروەها، کچی ئێرلینگ فۆلکڤۆرد خەڵاتی باوکی وەرگرت.
لە کۆتاییدا، لەلایەن کۆمیتەی ئامادەکارییەوە خەڵاتی ڕێزلێنان بە کەسایەتییەکان پێشکەش کرا و ڕێوڕەسمەکە بە پێشکەشکردنی مووزیک و گۆرانی کۆتایی پێهات.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتیی کوردستانی ئێران









