یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان؛ کاریگەریی یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی مافەکانی ژنان لە کاتی شەڕدا

ئەژین حوسەینی
پوختە
پاراستنی ژنان لە هەلومەرجی شەڕدا، یەکێکە لە بابەتە سەرەکی و گرینگەکانی وەرچەرخان لە یاسای نێودەوڵەتیی سەردەمدا و شەڕ یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پێشێلکاریی بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ و کەرامەتی مرۆیییە لە جیهانی ئەمرۆدا؛ دیاردەیەک کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا دەرئەنجامی بڕیار، سیاسەت و کردەوەکانی دەسەڵاتە حاکمەکانە کە دروستی دەکەن یان پەرەی پێ دەدەن. ئەزموونی مێژوویی سەلماندوویەتی کە ژنان و کچان، جیا لە خەسارە گشتییەکانی شەڕ، بە شێوازێکی تایبەت ڕووبەڕووی پێشێلکردنی مافەکانیان دەبنەوە؛ لەوانە: توندوتیژیی سێکسی و جێندەری، ئاوارەیی زۆرەملێ، بێبەشبوون لە خزمەتگوزارییە تەندروستی و پەروەردەییەکان و پەراوێزخران لە ڕەوتە سیاسییەکاندا.
یاسای نێودەوڵەتیی سەردەم لە کاردانەوە بەرانبەر بەم دۆخەدا، کۆمەڵێک ڕێسا و میکانیزمی پارێزەری داڕشتووە. یاسای نێودەوڵەتیی مرۆڤدۆستانە، بەتایبەت کۆنڤانسیۆنە چوارقۆڵییەکانی ژنێڤی ١٩٤٩ و پڕۆتۆکۆڵە پاشکۆکانی ١٩٧٧، پاراستنی مەدەنییەکان و بەتایبەت ژنانیان لە دۆخی شەڕدا بە فەرمی ناساندووە. هاوکات لەگەڵ ئەوانەشدا، یاسای نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ، کۆنڤانسیۆنی نەهێشتنی هەموو شێوازەکانی هەڵاواردن دژی ژنان (CEDAW)، پەیڕەوی ناوخۆی ڕۆمای دادگای کەیفەریی نێودەوڵەتی و بڕیارنامەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە چوارچێوەی پرسی «ژن، ئاشتی و ئاسایش»، چوارچێوەیەکی یاساییی بەربڵاویان بۆ پاراستنی ژنان دابین کردووە.
ئەم وتارە بە شێوازی وەسفی-شیکاری، دەپەرژێتە سەر پێگەی مافەکانی ژنان لە سیستمە یاسایییە نێودەوڵەتییەکاندا؛ ڕۆڵی یاسای مرۆڤدۆستانە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان، قەدەغەکردنی توندوتیژیی سێکسی، بەرپرسیارێتیی دەوڵەتان و تاکەکان، ڕۆڵی دادگای کەیفەریی نێودەوڵەتی، پاراستنی ژنانی پەنابەر و ئاوارە، دادپەروەریی ڕاگواستن و بەشداریی ژنان لە پڕۆسە سیاسییەکاندا. لە کۆتاییشدا ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی ئەم ڕێسایانە تاوتوێ دەکات. لەگەڵ ئەوانەشدا، تەنیا بوونی دەق و ڕێسای یاسایی زامنی پاراستنی ڕاستەقینە نییە؛ بەڵکوو جێبەجێکردنی یاسای نێودەوڵەتی لە ئاستی ناوخۆدا، سەربەخۆییی دامەزراوە دادوەرییەکان و دەرفەتی دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری و ئیرادەی سیاسیی دەوڵەتان ڕۆڵێکی چارەنووسساز لە ئاستی سوودمەندبوونی ژنان لەو مافانە دەگێڕن.
سەرەڕای پەرەسەندنی ڕێسا و میکانیزمە نێودەوڵەتییەکان، ئاستەنگی بنەڕەتی بریتییە لەو کەلێنەی لەنێوان ناساندنی مافەکان لە ئاستی نێودەوڵەتی و دەرفەتی بەهرەمەندبوونی کردەیی لەوان لە ئاستی ناوخۆدا دروست بووە. ئەم پرسە لە دەسەڵاتە دیکتاتۆری و نادیموکراتیکەکاندا کە خاوەنی پێکهاتەیەکی یاساییی دژەژن و دامەزراوە سەربەخۆکانی دادوەری و چاودێری نین، لەژێر گوشاردان و میکانیزمەکانی لێپرسینەوە لاوازن، ڕەهەندێکی مەترسیدارتر بە خۆیەوە دەگرێت.
دۆخی ژنان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران نموونەیەکی بەرچاوی ئەم دۆخەیە؛ چونکە لە لایەکەوە بەشێک لە یاسا ناوخۆیییەکان هەڵگری هەڵاواردن و جیاکاریی ڕەگەزین دژی ژنان و لە لایەکی دیکەشەوە …
سنووردارکردنی ئازادییە سیاسی و مەدەنییەکان، دەستڕاگەیشتنی کاریگەریی ژنان بە دادپەروەری و میکانیزمەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ دژوار دەکات. تەنانەت لەو حاڵەتانەدا کە دەوڵەت پابەندی هەندێک پەیماننامەی نێودەوڵەتی بووە، مەودایەکی بەرچاو لەنێوان پابەندبوونی یاسایی و جێبەجێکردنی کردەییدا هەیە. ژنان لەم جۆرە کۆمەڵگەیانەدا بۆ دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەریی ناوخۆیی ڕووبەڕووی کۆسپی پێکهاتەیی دەبنەوە، هەر بۆیە کەڵک وەرگرتن لە میکانیزمە نێودەوڵەتییەکانیش بۆیان سەختتر دەبێت.
لەم سۆنگەیەوە، پرسی سەرەکیی ئەم لێکۆڵینەوەیە ئەوەیە کە یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان تا چەند دەتوانن لە کاتی شەڕدا پارێزگاری لە ژنان بکەن، و چ هۆکارگەلێک دەبنە هۆی کەمبوونەوەی کاریگەریی ئەم پاراستنانە لە ئاستی ناوخۆدا؟
چەمک و پێگەی مافەکانی ژنان لە سیستەمی یاسای نێودەوڵەتییدا
مافەکانی ژنان لە جیهانی ئەمڕۆدا بەشێکی دانەبڕاوە لە سیستەمی نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ و بنەمای یەکسانی و قەدەغەکردنی هەڵاواردن؛ لە بنەما هەرە سەرەکییەکانی مافی مرۆڤن و دەوڵەتەکان ئەرکدارن کە ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی تاکەکان بەبێ جیاوازی دەستەبەر بکەن.
جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ، پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان و پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان، لە گرینگترین بەڵگەنامە گشتییەکانن لەم بوارەدا. بەڵام ئەزموونی مێژوویی دەریخستووە کە پاراستنی گشتیی مافەکانی مرۆڤ هەمیشە بەس نییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڵاواردنی پێکهاتەیی دژ بە ژنان؛ هەر بۆیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرەو پەسەندکردنی بەڵگەنامەی تایبەتمەندتر هەنگاوی نا.
دیارترین نموونە، کۆنڤانسیۆنی نەهێشتنی هەموو شێوازەکانی هەڵاواردن دژ بە ژنان (CEDAW)ـە کە وەک یەکێک لە بنەڕەتیترین بەڵگەنامە یاسایییە نێودەوڵەتییەکان لە بواری یەکسانیی ڕەگەزیدا دەناسرێت. ئەم کۆنڤانسیۆنە دەوڵەتان ناچار دەکات هەنگاوی پێویستی یاسایی، ئیداری و سیاسی بۆ نەهێشتنی هەڵاواردن دژ بە ژنان بنێن. گرینگیی ئەم بابەتە لە سەردەمی شەڕدا دوو هێندە دەبێتەوە؛ چونکە قەیران و شەڕ دەتوانن نایەکسانییە مێژوویی و هەبووەکان زۆر قووڵتر بکەنەوە.
یاسای مرۆڤدۆستانە و پاراستنی ژنان لە کاتی شەڕدا
یاسای نێودەوڵەتیی مرۆڤدۆستانە بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئازارەکانی مرۆڤ لە کاتی شەڕدا داڕێژراوە و یەکێک لە بنەما سەرەکییەکانی ئەم سیستەمە، پاراستنی خەڵکی سڤیل و ناچارکردنی لایەنەکانی شەڕە بە کردەوەی مرۆڤانە لەگەڵ ئەو کەسانەی ڕاستەوخۆ بەشداری لە شەڕدا ناکەن.
ماددەی ٢٧ی کۆنڤانسیۆنی چوارەمی ژنێف، جەخت لەسەر پاراستنی کەسانی بێتاوان و مەدەنی لە بەرانبەر توندوتیژی و کردەوەی نامرۆڤانە دەکاتەوە و بەتایبەت پەنجە دەخاتە سەر پاراستنی ژنان لە بەرانبەر دەستدرێژی، لەشفرۆشیی زۆرەملێ و هەر جۆرە دەستدرێژییەکی سێکسی. ئەم دەقە یاسایییە دەری …
—
دەخات کە یاسای مرۆڤدۆستانە، ژنان تەنیا وەک قوربانییەکی گشتیی شەڕ نابینێت؛ بەڵکوو پێداویستی و ئەو مەترسییە تایبەتانەش کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە بە فەرمی دەناسێت.
توندوتیژیی سێکسی و تاوانە نێودەوڵەتییەکان
توندوتیژیی سێکسی یەکێکە لە مەترسیدارترین شێوازەکانی پێشێلکردنی مافەکانی ژنان لە کاتی شەڕدا. دەستدرێژیی سێکسی، کۆیلایەتیی سێکسی، لەشفرۆشیی زۆرەملێ، دووگیانکردنی زۆرەملێ، نەزۆککردنی زۆرەملێ و چەندین شێوازی دیکەی توندوتیژیی سێکسی، لە چوارچێوەی یاسای سزادانی نێودەوڵەتییدا دەتوانن وەک تاوانی جەنگ یان تاوان دژ بە مرۆڤایەتی پێناسە بکرێن.
گرینگیی ئەم وەرچەرخانە لەوەدایە کە بەرپرسیارێتی لە ئاستی دەوڵەت تێدەپەڕێت و دەبێتە بەرپرسیارێتیی کەیفەریی تاکەکەسی. کەواتە، هیچ فەرماندەیەکی سەربازی یان بەرپرسێکی سیاسی ناتوانێت تەنیا بە بیانووی پۆست و پلەکەی، خۆی لە بەرپرسیارێتیی ئەنجامدان یان بەشداریکردن لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان دەرباز بکات و پارێزبەندی بۆ خۆی دروست بکات.
لە زۆر ململانێدا، توندوتیژیی سێکسی وەک ئامرازێک بۆ تۆقاندن، سووکایەتیکردن بە کەرامەتی کۆمەڵگە، کۆچپێکردنی زۆرەملێ و تێکشکاندنی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی بەکار دەهێنرێت. لەبەر ئەوە، ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم تاوانانە تەنیا پاراستنی قوربانییان نییە، بەڵکوو بەشێکە لە خەبات دژی بێسزا مانەوەی تاوانباران و زامنکردنی لێپرسینەوە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
بەرپرسیارێتیی دەوڵەت و دەسەڵاتداران
دەوڵەتەکان لە بەرانبەر جێبەجێکردنی یاساکانی مافی مرۆڤ و یاسای مرۆڤدۆستانەدا بەرپرسیارن. ئەم ئەرکە تەنیا لە ڕێگری لە پێشێلکاریی ڕاستەوخۆدا کورت نابێتەوە، بەڵکوو پێویستە هەنگاوی کردەیی بۆ پێشگرتن، لێکۆڵینەوە، دادگاییکردن و سزادانی تاوانباران بنێت.
هاوکات لەگەڵ بەرپرسیارێتیی دەوڵەت، بەرپرسیارێتیی کەیفەریی تاکەکانیش گرینگە. ئەگەر بەرپرسێکی باڵا یان فەرماندەیەک ئاگاداری ئەنجامدانی تاوانەکان بێت، یان بەپێی هەلومەرجەکە دەبوو بزانێت و هەنگاوی پێویستی بۆ پێشگرتن یان سزادان نەنابێت، چەمکی «بەرپرسیارێتیی فەرماندەیی» دەیگرێتەوە. لەم ڕوانگەیەوە، دەسەڵاتی حوکمڕانی یان پێگەی فەرمی نابێت بێتە پەناگەیەک بۆ ڕزگاربوون لە سزا. یاسای نێودەوڵەتیی سەردەم پێداگرە لەسەر ئەوەی کە هەندێک تاوان، بەهۆی دڕندەیییان، بە هیچ شێوەیەک بە فەرمانی سەروو یان دۆخی شەڕ ڕەوا ناکرێن.
گۆڕانکارییە نوێیەکان و ئاسۆیی یاسایی کۆنڤانسیۆنی نەهێشتنی هەموو شێوازەکانی هەڵاواردن دژ بە ژنان (CEDAW) یەکێکە لە بەنرخترین بەڵگەنامەکان بۆ بەهێزکردنی پێگەی یاساییی ژنان. ئەم کۆنڤانسیۆنە دەوڵەتانی ئەندام ناچار دەکات بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی یاسایی و کرداری بۆ زامنکردنی مافەکانی ژنان. ڕاسپاردەی گشتیی ژمارە ٣٠ی لیژنەی CEDAW بەتایبەتی تیشک دەخاتە سەر پاراستنی ژنان لە دۆخی ململانێی چەکداری و دەرئەنجامەکانیدا؛ گرنگیی ئەمەش لەوەدایە کە شەڕ نابێت ببێتە هۆی فەرامۆشکردن یان پشتگوێخستنی مافە بنەڕەتییەکانی ژنان.
هەروەها بڕیارنامەی ١٣٢٥ی ئەنجومەنی ئاسایش لە ساڵی ٢٠٠٠دا، خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە بەرزکردنەوەی پێگەی سیاسیی ژنان لە سیستەمی نێودەوڵەتییدا. گرنگیی ئەم بڕیارنامەیە تەنیا لە پرسی ئاشتیدا کورت نابێتەوە، بەڵکوو ژنان وەک خاوەن ماف و کاراکتەری سیاسی لە پرسەکانی پەیوەندیدار بە شەڕ و ئاسایش دەناسێنێت. ئەمە دەری دەخات کە پاراستنی ژنان لە شەڕدا تەنیا پاراستنیان لە توندوتیژی نییە، بەڵکوو بەشداری و ئامادەبوونی کارای ئەوان لە بڕیاردانە سیاسی و ئاسایشییەکاندا، بەشێکی دانەبڕاوە لە پێگەی یاساییی ئەوان.
ڕۆڵی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی
ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە بەڵگەنامەکردنی پێشێلکارییەکان، پشتیوانیکردنی قوربانییان و برەودان بە لێپرسینەوە دەگێڕن. لەو وڵاتانەی کە دەستڕاگەیشتنی ژنان بە دامەزراوە فەرمییەکان سنووردار کراوە، ڕێکخراوە مەدەنییەکان دەتوانن ڕۆڵی پردی پەیوەندی لەنێوان قوربانی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییدا بگێڕن.
بەڵگەنامەکردنی ورد و پاراستنی بەڵگەکان گرنگییەکی یەکلاکەرەوەی هەیە؛ چونکە ڕەنگە زانیارییەکان لە داهاتوودا بۆ لێکۆڵینەوەی دادوەریی یان پڕۆسەکانی دادپەروەریی ڕاگوزەر (دادپەروەریی ئینتقالی) بەکار بهێنرێن.
ژنانی ئاوارە و پەنابەر
شەڕ دەبێتە هۆی ئەوەی هەزاران ژن ماڵ و زێدی خۆیان بەجێ بهێڵن. ئاوارەیی، مەترسیی توندوتیژیی سێکسی، بازرگانیکردن بە مرۆڤ، چەوساندنەوە، هەژاری و بێبەشبوون لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بۆ ژنان چەند هێندە دەکاتەوە؛ هەر بۆیە پاراستنی ژنان لە شەڕدا، نابێت بە کۆتاییهاتنی شەڕی چەکداری کۆتایی بێت. دۆخی ژنانی ئاوارە و پەنابەر دەبێت بێتە بەشێک لە سیاسەتی مرۆڤدۆستانە و یاساییی کۆمەڵگەی جیهانی.
هەروەها پێویستە ژنانی دووگیان، بەساڵاچووان، کچان و ئەو ژنانەی خاوەن پێداویستیی تایبەتن، لە بەرنامەکانی فریاگوزاریدا بە شێوەیەکی تایبەت لەبەرچاو بگیرێن. یاسای مرۆڤدۆستانەش لە چەندین جێگادا جەختی لەسەر دابینکردنی پێداویستییە تایبەتەکانی ژنان، بەتایبەت ژنانی دووگیان و دایکان، کردووەتەوە.
کەلێنی نێوان یاسا و جێبەجێکردن
یەکێک لە بنەڕەتیترین ئاستەنگەکانی بەردەم یاسای نێودەوڵەتیی، ئەو مەودا و کەلێنەیە کە لەنێوان «مافی ناسراو لە یاسادا» و «مافی دەستپێگەیشتوو لە کرداردا» هەیە.
بوونی کۆنڤانسیۆن یان بڕیارنامەی نێودەوڵەتی بە تەنیا گەرەنتیی ئەوە ناکات کە ژنێکی قوربانی بتوانێت لە پراکتیکدا سوودیان لێ وەربگرێت. جێبەجێکردنی ڕاستەقینەی مافەکان پێویستی بە دامەزراوەی دادوەریی سەربەخۆ، دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر، پاراستنی شایەتحاڵەکان، دەرفەتی تۆمارکردنی سکاڵا و بوونی میکانیزمێکی کاریگەری لێکۆڵینەوە و قەرەبووکردنەوەیە.
ئەم گرفتە لە پێکهاتە سیاسییە سەرکوتکەرەکاندا کە تێیاندا دادوەریی سەربەخۆ نییە، زۆر قووڵتر دەبێتەوە. لە وەها بارودۆخێکدا، تەنانەت ئەگەر دەوڵەت بەڵێنی نێودەوڵەتیشی دابێت، لەوانەیە قوربانی هیچ بوارێکی ڕاستەقینەی بۆ بەدواداچوونی مافەکانی لە ناوخۆدا دەست نەکەوێت؛ کەواتە، بەڵێنی نێودەوڵەتی تەنیا ئەو کاتە دەبێتە پارێزگارییەکی ڕاستەقینە کە سەروەریی یاسا، سەربەخۆییی دادوەری و لێپرسینەوەی دامەزراوەیی لەگەڵدا بێت.
ژنان لە جوگرافیای ئێران و پرسی دەستڕاگەیشتن بە پاراستنی یاسایی
لە ڕوانگەی یاسایییەوە، بارودۆخی ژنان لە جوگرافیای ئێراندا نموونەیەکی بەرچاوە بۆ لێکۆڵینەوە لەم کەلێنەی نێوان بەڵێنە نێودەوڵەتییەکان و جێبەجێکردنی ناوخۆیی. دۆخی ئەم ژنانە ناکرێت جیا لە ماهییەت و سروشتی دیکتاتۆریانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەڵسەنگێندرێت؛ دەسەڵاتێک کە لە درێژەی دەیەکانی ڕابردوودا بە سەرکوتی ئازادییە مەدەنی و سیاسییەکان و لەقاڵبدانی دامەزراوە سەربەخۆکان، زەمینەی پێشێلکاریی بەربڵاوی مافە بنەڕەتییەکانی خۆش کردووە. لەم نێوەندەدا، ژن و مافەکانی، ساڵانێکی درێژە یەکێک لە گۆڕەپانە سەرەکییەکانی سەرکوت و کۆنتڕۆڵی دەسەڵات بووە لە ئێراندا.
دەقی یاسا ناوخۆیییەکان پڕن لە هەڵاواردنی پێکهاتەیی دژ بە ژنان و لە زۆر حاڵەتدا، خودی یاسا بووەتە ئامرازێک بۆ بەرتەسککردنەوەی کەسایەتی و ئازادیی ژنان. کەواتە کێشەکە تەنیا جێبەجێنەکردنی یاسا پارێزەرەکان نییە؛ بەڵکوو ژنان لەگەڵ پێکهاتەیەکی یاساییدا بەڕەوڕوون کە لە بنەڕەتەوە مافەکانی ئەوان بە شێوەیەکی نایەکسان پێناسە دەکات.
لە بەرانبەر ئەم دۆخەدا، ژنان لە ئێران لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا بەردەوام دژ بە یاسا هەڵاواردنکارەکان و پێکهاتەی دژەژن خەباتیان کردووە و داخوازیی یەکسانی، ئازادی و کەرامەتی مرۆڤی بووەتە داخوازییەکی هەمیشەیی و نەپساوەی بزووتنەوەی ژنان. ئەم خەباتە لە فۆرمە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکانیدا، نیشاندەری خۆڕاگری و بەرگریی بێوچانی ژنانە لە بەرانبەر هەڵاواردنی یاسایی و سەرکوتی سیاسی.
لە بارودۆخێکی لەم چەشنەدا، دەستڕاگەیشتنی ژنان بە پاراستنی نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤیش ڕووبەڕووی بەربەستی قورس دەبێتەوە. کاتێک دەسەڵاتێکی تۆتالیتار و دیکتاتۆر ڕێگری لە چالاکیی ئازادانەی ڕێکخراوە مەدەنییەکان دەکات، سەربەخۆییی دادوەری لەناو دەبات و پەیوەندیی ئازاد لەگەڵ ناوەندە نێودەوڵەتییەکان سنووردار دەکات، بوونی بەڵگەنامە نێودەوڵەتییەکان بە تەنیا ناتوانێت گەرەنتیی پاراستنی کرداریی ژنان بکات.
لەبەر ئەم هۆکارانە، دۆخی ژنان لە ئێراندا وێنەیەکی ڕوونی ئەو کەلێنە گەورەیەیە کە لەنێوان بەفەرمیناسینی مافەکان لە ئاستی نێودەوڵەتی و دەرفەتی گەیشتن پێیان لە سایەی دەسەڵاتێکی سەرکوتکەردا هەیە.
دەرئەنجام
یاسای نێودەوڵەتیی سەردەم لە دەیەکانی ڕابردوودا هەنگاوی گرینگی بۆ پاراستنی ژنان لە کاتی شەڕدا ناوە. کۆنڤانسیۆنەکانی ژنێف و پڕۆتۆکۆڵە پاشکۆکان، یاسای نێودەوڵەتیی مافەکانی مرۆڤ، CEDAW، ئەساسنامەی ڕۆم و چوارچێوەی بڕیارنامەی «ژنان، ئاشتی و ئاسایش»، سیستەمێکی گرینگیان بۆ پاراستنی ژنان پێک هێناوە.
ئەم چوارچێوە یاسایییە سەلمێنەری ئەوەیە کە ژنان لە سەردەمی شەڕدا تەنیا وەرگری هاوکاریی مرۆڤدۆستانە نین؛ بەڵکوو خاوەنی مافی سەربەخۆن و دەبێت یاسا نێودەوڵەتییەکان بە تەواوی بییانپارێزێت. هاوكات، ناساندنی توندوتیژیی سێکسی و جێندەری وەک تاوانی نێودەوڵەتی، هەنگاوێکی چارەنووسساز بووە لە پێناو کۆتاییهێنان بە بێسزا مانەوەی تاوانباران.
سەرەڕای ئەمانەش، گەورەترین ئاستەنگ هێشتا مەودای نێوان یاسا و جێبەجێکردنە. یاسا نێودەوڵەتییەکان تەنیا کاتێک بەهای ڕاستەقینە پەیدا دەکەن کە ژنان لە کاتی پێشێلکرانی مافەکانیاندا بتوانن دەستیان بە دادپەروەری بگات. سەربەخۆییی دادوەری، سەروەریی یاسا، پاراستنی قوربانییان، بەڵگەنامەکردنی تاوانەکان و لێپرسینەوە لە دەسەڵاتداران، پایە بنەڕەتییەکانی ئەم پڕۆسەیەن.
ئەم بابەتە لەو کۆمەڵگەیانەی لەژێر دەسەڵاتی پێکهاتە سیاسییە سەرکوتکەرەکاندان، گرنگییەکی دووبەرابەر پەیدا دەکات؛ چونکە لاوازکردنی دامەزراوە سەربەخۆکان، دەستڕاگەیشتنی ژنان بە دادپەروەری ئاستەم دەکات. لە وەها دۆخێکدا، میکانیزمە نێودەوڵەتییەکان، بەڵگەنامەکردن و چاودێریی مافەکانی مرۆڤ دەتوانن ڕۆڵێکی گرینگ لە پاراستنی مافی قوربانییان و خۆشکردنی زەمینە بۆ لێپرسینەوە لە داهاتوودا بگێڕن.
لە کۆتاییدا، پاراستنی ڕاستەقینەی ژنان لە سەردەمی شەڕدا ناکرێت تەنیا بە ژمارەی کۆنڤانسیۆن و بڕیارنامەکان بپێورێت؛ بەڵکوو پێوەرەکە ئەوەیە کە ئایا ژنێک لە کاتی شەڕ، ئاوارەیی یان سەرکوتدا، توانای ڕاستەقینەی بۆ بەهرەمەندبوون لە مافەکانی، دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری و پارێزران لە بەرانبەر توندوتیژیدا هەیە یا نا؟
بەم پێیە، داهاتووی پاراستنی مافەکانی ژنان لە کاتی شەڕدا، بەستراوەتەوە بە گرێدانی یاسای نێودەوڵەتی بە جێبەجێکردنی ناوخۆیی، سەروەریی یاسا، سزادانی تاوانباران، دادپەروەری بۆ قوربانییان و بەشداریپێکردنی ڕاستەقینەی ژنان لە ستراتیژییە سیاسییەکاندا. تەنیا لە چوارچێوەیەکی لەم جۆرەدایە کە دەکرێت مەودای نێوان «مافە نووسراوەکان» و «مافە بەدەستەکان» کەم بکرێتەوە و پاراستنی کەرامەتی مرۆییی ژنان، لە بەڵێنێکی ڕووتەوە بگوازرێتەوە بۆ ڕاستییەکی یاسایی و کۆمەڵایەتی.
سەرچاوە هەڵبژێردراوەکان
١. کۆنڤانسیۆنی چوارەمی ژنێف سەبارەت بە پاراستنی کەسانی مەدەنی لە کاتی شەڕدا، ١٩٤٩.
٢. پڕۆتۆکۆڵە پاشکۆکانی یەکەم و دووەمی کۆنڤانسیۆنەکانی ژنێف، ١٩٧٧.
٣. کۆنڤانسیۆنی نەهێشتنی هەموو شێوازەکانی هەڵاواردن دژ بە ژنان (CEDAW)، ١٩٧٩.
4. Committee on the Elimination of Discrimination against Women, General Recommendation No. 30, 2013.
5. Committee on the Elimination of Discrimination against Women, General Recommendation No. 30, Addendum, 2026.
6. Rome Statute of the International Criminal Court, 1998.
7. United Nations Security Council Resolution 1325, 2000.
8. International Committee of the Red Cross, Customary International Humanitarian Law, Rule 134.
9. International Committee of the Red Cross, Women Protected under International Humanitarian Law.
10. United Nations, Women, Peace and Security Framework.









