دوانیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە، ٢٥ی سەرماوەزی ١٤٠٤ی هەتاوی، لە پێشوازیی ٢٦ی سەرماوەز، ڕۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان ،یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە میوانداری و پێشوازی کردنی تایبەت ڕێزی لە خەبات و ماندووبوونی ژنانی پێشمەرگە گرت کە هەم پێشمەرگەن و هەمیش ئەندامی یەکیەتیی ژنان.
ڕێکخراوەکەمان بەمەبەستی ڕێزگرتن لە ڕۆڵی کاریگەر و مێژوویی ژنان لە خەباتی شۆڕشگێڕانە و پێشمەرگانەیاندا هەروەها گەیاندنی پەیامی سپاس و پێزانین بەو ژنانەی کە بە فیداکارییەوە، بەرگری لە ئامانجە نیشتیمانییەکانیان دەکەن.
لە چوارچێوەی ئەم بەسەرکردنەوەیەدا، هەموو ژنانی پێشمەرگە کە ئەندامی ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنانن لەلایەن سکرتێری یەکیەتیی ژنان و دەستەی بەڕێوەبەرییەوە پێشوازیان لێکرا، و دواتر لە لایەن خاتوو “شنە دروودگەر” سکرتێری ڕێکخراو شاخەی گوڵێک و پیکسێلی لۆگۆی ڕێکخراویان پێشکەشکرا.
هاوڕێیانی پێشمەرگەر بەنۆبەی خۆیانەوە ئەم بەسەرکردنەوەیە و پێشوازییەیان بەرز نرخاند و دەستخۆشی و سپاسی خۆیان ئاراستەی ڕێکخراوەکەی خۆیان کرد، و لە قسەکانیاندا باسیان لە ڕۆڵی یەکیەتیی ژنان کرد کە بە بەردەوامی لە هەوڵی هۆشیارکردنەوەی ژنان دابووە و هەردەم پشتگیر و پشتیوانی ژنان و خەبات و تێکۆشانیان بووە.
یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران دووبارە جەخت لەوە دەکاتەوە کە بەردەوام دەبێت لە پشتگیرکردنی لە خەباتی ژنان و ژنە پێشمەرگەکان، و هەموو هەوڵێک دەدات بۆ بەهێزترکردنی ڕۆڵ و پێگەی ژنان لە گۆڕەپانی خەبات و تێکۆشاندا تا گەیشتن بە ئاوات و ئامانجەکانمان.




