یەکیەتیی ژنان خولێکی ڕاهێنانی بۆ بەکارھێنانی سەکۆی «ئێکس» بۆ ئەندامانی ڕێکخست

بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی لێهاتوویی دیجیتاڵی و بەهێزکردنی ئامادەیی لە سەکۆ کۆمەڵایەتییەکاندا، یەکیەتیی ژنان زنجیرە خولێکی ڕاهێنانی بە شێوازی ئۆنلاین بۆ ژمارەیەک لە ئەندامانی خۆی ساز کرد.
ئەم خولە کە تایبەت بوو بە فێرکاریی چۆنیەتیی بەکارهێنانی سەکۆی «ئێکس» (تۆڕی کۆمەڵایەتیی پێشووی تویتەر)، لە ڕۆژانی ١٤، ١٥، ١٧ و ٢٦ی سێبتامبری ٢٠٢٦ بەڕێوە چوو.
وانەکان لەلایەن خاتوو «سروە زەند»، بەرپرسی بەشی فارسیی ڕاگەیاندن و سەکۆی ئێکس لە یەکیەتیی ژنان، پێشکەش کران. هاوکات بەشی پەروەردە و ڕاگەیاندنی یەکیەتیی ژنان بە هاوکاریی خاتوو «مەهتاب خزری»، جێگری بەرپرسی پەروەردەی یەکیەتیی ژنان، سەرپەرشتی و بەڕێوەبردنی خولەکەیان لە ئەستۆ بوو.
ئامانجی سەرەکی لە سازدانی ئەم خولە، شارەزاکردنی ئەندامانی ڕێکخراو بوو لەسەر شێوازە نوێیەکانی بەکارهێنانی سەکۆی ئێکس، بەو ئامانجەی بتوانن لە ڕێگەی ئەو سەکۆیە، چالاکییەکان و پەیامەکانی یەکیەتیی ژنان بەشێوەیەکی پیشەییانەتر بە کۆمەڵگە بگەیەنن.









