رۆژی شەممە، رێکەوتی ٢٤/٠٥/٢٠٢٥ یەکیەتی ژنانی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران ـ کۆمیتەی نۆڕوێژ بە هاوکاری یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ دەرەوەی وڵات سیمینارێکی زانستی لە دوو پانێل دا بۆ بەرێزان: خاتوو سەیران سەید ئەحمەدی پارێزەر و خاتوو تەوار ئەحمەدی ئەندازیار لە بواری وزە و ژینگە لە بیناسازیدا پێکهێنا.
سەرەتا سیمینارەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد. لە پانێلی یەکەمی سیمینارەکە دا خاتوو گەلاوێژ مێفەر، پێشکەشکاری ئەو بەرنامە وێرای بەخێرهێنانی بەشداران و کۆڕگێران، باسی گرینگی سیمیناری لەو بابەتانە کرد و ئیشارە بەوە کرد کە ئەم جۆرە بابەتانە یارمەتیدەرن بۆ کوولتوورسازی لەنێو نەتەوەکەماندا.
دواتر خاتوو سەیران سەید ئەحمەدی، بابەتێکی لەسەر یاساکانی ناو خێزان پێشکەش کرد کە زانیاریبەخش بوو بۆ بەشداربووان سەبارەت بە بوارە سەرەکییەکانی یاسا کە پەیوەندییان بە ژیانی خێزانی و تێکچوونی هاوسەرگیرییەوە هەبوو. خاتوو سەیران تیشکی خستە سەر خاڵە سەرەکییەکانی پەیڕەوی ناوخۆی تەڵاق، لەوانەش مەرجەکانی جیابوونەوە و پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی هاوسەرگیری و کاریگەرییە یاساییەکانی جیابوونەوە. هەروەها بابەتێکی گرنگ لە کۆڕەکەدا توندوتیژی بوو لە پەیوەندییە نزیکەکاندا، کە پارێزەر سەیران تیشکی خستە سەر هەم دەرئەنجامە یاساییەکان و هەم دەرئەنجامە مرۆفێیەکانی ئەم جۆرە بارودۆخانە. ئەم پانێلە بە پرسیاری بەشداران و وڵامی خاتوو سەیران کۆتایی پێهات.
لە پانێلی دووهەم خاتوو تەوار ئەحمەدی، باسێکی سەبارەت بە وزەو ژینگە لە بیناسازیدا پێشکەش کرد. خاتوو تەوار بابەتەکەی بە جورەکانی ئەندازیاری دەستپێکرد و دواتر زیاتر شێوەکانی وزەی شیی کردەوە. لە بەردەوامی باسەکەیدا جەختی لەسەر ژینگە کردەوەو و ئيمەی مروڤ و بیناکان چۆن زەرەر بە ژینگە دەگەیێنین و چۆن بتوانین چارەسەری ئەو قەیرانانە پکەین لە داهاتوودا. لە کۆتایی باسەکەیدا ئاماژەی بە ئەو قەیرانانە کرد کە ئيمە لە داهاتوودا ڕووبەڕووی دەبینەوە لە بیناسازیدا. ئەم بەشەی سیمینارەکە بە پرسیاری بەشداران و وڵامەکانی خاتوو تەوار کۆتایی پێهات.
یەکیەتی ژنانی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران ـ کۆمیتەی نۆڕوێژ
یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ دەرەوەی وڵات