هەر وەک دەزانین ئەو ڕۆژانە شەقامەکانی ئێران خرۆشاون و دەنگی خەڵکی ئێران و بەتایبەت ڕۆژهەڵات هەر بەرزە. ئەو سەرهەڵدانانە لەپێشدا لە مەریوان و بەهۆکاری خۆکوژی ژنێک بەناوی شلێر ڕەشیدی بوو کە بۆ ڕزگارکردنی خۆی لە لاقەکردن و دەستدرێژی لەلایەن بەکرێگیراوێکی ڕێژیم، ئەویش بە شێوەی بانگکردنی بە فێڵ و تەڵەکە بۆ ماڵی خۆی تا بتوانێ پیلانە قێزەونەکەی بە ئاکام بگەیەنێ. ئەو سەرهەڵدان و خۆپیشاندانانە لە مەریوان و چەند شاری دیکەی کوردی زیاتر نەبوو بەڵام کاتێک کە کچەکوردێک لە تاران بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی «پۆلیسی ئەمنیەتی و ئەخلاقی» تاران، دەکوژرێ و ئیتر ئەوە دەبێتە هۆکاری ئەو خرۆشان و سەرهەڵدانانە.
هەر بەم هۆکارە دیمانەیەکمان لەگەڵ کاک حەسەن حاتەمی جێگری پێوەندییە ئێرانییەکان و ئەندامی ڕاوێژکاریی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران کردووە.
١ـ بە بۆچوونی ئێوە چۆنە کوشتنی ژنێک دەبێتە هۆکار بۆ ئەوەی ئەمڕۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بێنە سەر شەقام؟
بەداخەوە پرس و مافی ژن لە جوغرافیای ئێران بەتایبەتی لە دوای ساڵی ١٢٨٥ی هەتاوی کە فەرمانی مەشرووتەی تێدا لەلایەن موزەفەرەدین شا واژۆ کرا، بەهۆی مەشرووعە خوازانی مەشرووتە بە ڕێبەریی شێخ فەزوڵڵای نووری و هاوبیرانی پشت گوێ خرا.
ئێستا کە نزیکەی ٤٤ ساڵە، شۆڕشی گەلانی ئێران بە لاڕێ دا برا و دەسەڵاتی دژی ئینسانی و بەتایبەتی دژە ژنی جمهووری ئیسلامیی لێ بەرهەم هێنرا، کە ژنان و کچان بە کەم دەگرن و لە ڕێگەی شەرع و فیقهەوە بە ڕێبەری رووحوڵلا خومەینی، وەلی فەقیهی سەرەڕۆی یەکەم و جێ پێگرەوەکەی عەلیی خامنەیی وەلی فەقیهی موتڵەقەی دوویەم، ئەو کارەساتە درێژەی هەیە.
بەڵام لە ٨ی مارسی ١٩٧٩ بەرانبەر بە ١٧ی ڕەشەممەی ١٣٥٧، یەکەمین بەربەرەکانی ژنان و کچان بە دژی دەسەڵاتدارانی تاران و قوم لەسەر کێشەی رووپۆش (حیجاب)ی زۆرەملێ، لە تاران بە ڕێپێوانی ناڕەزایەتی دەستی پێکرد، و بەشێوەی جۆراوجۆر درێژەی هەیە.
ئەو ڕووداوانەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دا، بە هۆی گیان لێئەستاندنی ژینا (مەهسا) ئەمینی لە کوردستان و ١٠٠ شار و ٢١ پارێزگای ئێران هاتنە ئاراوە، ناوی ژینا کوردان و مەهسای ئێرانی بە قەولی مەسیحی عەلینیژادی ئازا و بوێر و تێکۆشەر بوو بە هیما یەکگرتوویی و بەرخۆدان لە هەموو شوێنە ناڕەزایەتییەکان.
بۆیە دەکرێ ژینا (مەهسا)، وەک شەهیدی ڕێی ئازادی و ژیانی ئینسانی پێناسە بکەین. بەداخەوە هەرچەند تا وڵام دانەوە بەو پرسیارانە، ٦ کەس لە خۆپێشاندانە ناڕەزایەتییەکان، گیانیان لێئەستێندراوە و ژمارەیەکی زۆریش بریندار بوون و خەڵکانێکی زۆریش گیراون.
ئەو ناڕەزایەتییە بە دوای مانگرتنی گشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر داوای ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران چێ بوو. درێژە کێشانی ئەم ناڕەزایەتییانە کاردانەوە بە زوڵم و پێشێلکاریی مافی مرۆڤ و لەسەرەوەیان ژنان لە ماوەی دەسەڵاتی نگریسی ئیسلامی سیاسیی شیعەی ئەسنا عەشەرییە.
گەلانی ناڕازیی لەنێوخۆی ئێران کە لە ساڵی ١٣٩٦ لە سەر شەقامەکان دروشمیان دا «اصلاحطلب، اصولگرا، دیگە تمومە ماجرا»، لە ساڵەکانی ١٣٩٧ و ٩٨ هاتنەوە مەیدان و بەداخەوە ژمارەیەکی زۆر گیانیان لێئەستێندرا و هەزران ژن و پیاو و کچ و کۆڕ زیندانی کران.
لە ساڵی ١٤٠٠ هەم لە بە ناو هەڵبژاردنی مەجلیسی شووڕای ئیسلامی و هەم سەرکۆماریی کە ئیبراهیم ڕەئیسی قاتڵی زیندانییە سیاسییەکان، گەلانی بەرایی ئێران کەمترین دەنگیان دا. ئەو ڕۆژانە رئیسی قاتڵ بەداخەوە لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕێگەی پێدراوە ڕاستەوخۆ قسان بکا. ناڕەزایەتییەکان لە ساڵی ١٤٠١دا، زۆر و زۆرتر بوون.
بە پێویستی دەزانم باسی ئەو تویتە گرینگەی عەلی کەریمی، یاریزانی بە ناوبانگ بکە کە پتر لە ٢٥ میلیۆن چاویان لێکردبوو. ئەو گوتبووی: کەسانێک ساڵی ١٣٥٧ لەو ڕێژیمە حاڵی بوون، کەسانێک ٦٧، کەسانێک ٨٨، بەشێک لە ٩٦، کۆمەڵێک لە٩٨ و ١٤٠٠. سەڵا لەو کەسانەی کە ئێستاش حاڵی نەبوون.
هەروەها، کەسێک بە ناوی حەبیبوڵڵای مستۆفی لە ماڵپەڕیی هەواڵی لێکدانەوەی سڵاو پاوە سەبارەت بە ژینای نووسیوە: مەهسا لە ڕۆژی هەینی (١٨)ی پووشپەڕی تاران، کە ناڕەزایەتیی خوێندکاران بوو، یەک ساڵە بوو و لە لانکێ دا، لایی لایی دایکی بە گوێ دا، دەچرپێندرا. ئەو هیچکات نەیدەزانی ٢١ ساڵ دواتر لە تاران تاڵە مووی ئەگریجەی دایکی «زگ سوتاو دەکا؟! و نەتەوەیەک تووشی سەرسووڕمان و غەمبار دەکا!؟
لە دواین دێڕەکانی وڵامی پرسیارەکەت دا، پێویستە ئەوە بڵێم کە: ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک، تەورێزی کاتی سەرەڕۆیی بچووک (استبداد صغیر) دوای کوودێتای محەممەد عەلیی شایە ویکچوونی هەیە کە، لە هەموو تەورێز یەک گەڕەک بەرخۆدان و بەرگری دەکرد بە ناوی ئەمیر خیزی» و دوایی لەو گەڕەکەش یەک ماڵ ئاڵی سپی هەڵنەکرد کە پێگەی سەتار خان و باقر خان بوو. ئەو هەواڵە کە بەجۆری خۆی بڵاو بۆوە.
دوای ماوەیەکی کورت لە ڕەشت و لۆڕستان و زۆر شوینی دیکە لە بەرانبەر سەرەڕۆیی دا، ڕاوستان. ناڕازیان تارانیان گرت و …
٢ـ ئێوە وەک کەسێک کە چەندین ساڵە کاری تەشکیلاتی دەکەن و لەگەڵ خەڵکی نێۆخۆ پێوەندی چڕتان هەیە ئومێدێک لەم جوڵانەوانەی ئێستادا دەبینن؟
هەموو جووڵانەوەیەکی ئازادیخوازیی بە ئومێدی سەرکەوتن دەستپێدەکا و برێنی ڕێگەی پێگەیشتنیش بێ تێچوو نابێ. بەتایبەتی ئەگە جووڵانەوەکە لەگەڵ دیکتاتۆڕ و سەرەڕۆ گەلێک بەرەوڕوو بێ کە بەردەوام سەرکوت و تەپەسەریی و گرتن و زیندانی و ئیعدام و کوشتار بکانە هۆی مانەوەی بە هەموو نرخێک.
لە ئێران دا، بەداخەوە پتر لە ١٠٠ ساڵە چە لە دەسەڵاتی پەهلەوییەکان و چ دەسەڵاتی فەقیهەکان دا، ئازادی و دێموکڕاسی، نەتەنیا جێگیر نەبوون، بەڵکوو سەرکوت و تەپەسەریی بەردەوام بوونە کاری بەردەوام. چۆن دەسەڵاتی ٥٧ ساڵە پەهلەوییەکان لەلایەن گەلان بە مێژوو سپێردرا؛ دەسەڵاتی رێژیمی ئاخوندکان و دەست وپێوەندەکانیان، بە خەبات و تێکۆشانی شلێگیر چارەنووسی سەرەڕۆیانی مێژووییان دەبێ.
بۆ وێنە دەتوانیین ئاماژە بە چێکۆسڵۆڤاکی بکەین کە لە ساڵی ١٩٦٨دا، یەکیەتیی سۆڤییەتی پێشووهێرشی نیزامیی پێ کرد و ئیزنی بە ئاڵۆگۆڕخوازی نێو حکوومەت نەدا. ئەوانەی داوای ژیانی مرۆڤی ئازاد و سەربەخۆ بە پێی وەزعییەتی خۆیان و دوور لە گوێڕایەلێ لە سۆڤییەت و حیزبی کۆمۆنیستەکەی دەویست، لە حکوومەت لادران. گیران و زیندانی کران یا دوور خرانەوە و تاراوگە نشین بوون.
بەڵام لە دوای ساڵی ١٩٨٩ کە دیواری برڵین ڕووخا و لەساڵی ١٩٩١ یش یەکیەتیی سۆڤییەت لەنێوخۆیی دا داڕما، چێکۆسڵۆڤاکی لە دێسامبری ١٩٩٢ دا، لە چووارچێوەی گۆڕانخوازییەکان دا، بوو بە دوو وڵاتی کۆماریی چێک و سلۆڤاکیا.
ئەو خەبات و تێکۆشانەی چین و توێژەکانی کرێکاران، ژنان، مامۆستایان، خانەنشینەکان، فێل لێکراو و پووڵ دزراوەکان، نەتەوە نافارس و ئازادیخوازە فارسەکان و … لە نزیک پێنج ساڵی ڕابردوودا کران. ناڕەزایەتییە پەنگ خواردووەکانی گەلان و داخوازییە ڕەواکانیان ئەم جار کە دوای شەهید کرانی ژینا (مەهسا) ئەمینی وەک گڕکانێک لە کوردستان دەستی پێکرد و زۆربەی شارو شارۆچکەکانی گرتۆتەوە، وەک پێشوو ئیزن بە لنگ دانی ئەسپیی سەرەڕۆیی دەسەڵات نادەن. من خۆشبیین و گەشبیینم بەو هاتنە مەیدانە پڕ گرینگە نوێیە.
٣ـ خۆکوشتنی شلێر خەڵکی مەریوان و بەشێک لە شارەکانی کوردستانی شڵەژاند و هێنانێ دەرێ بەڵام کوشتنی ژینا بوو بە هۆکاری خرۆشان لە زۆربەی شارەکانی کوردستان و تەنانەت شارەکانی تری ئێران وەک تارانیشی گرتەوە هۆکاری ئەو خرۆشانە تەنیا کوشتنی کچێک بوو یان دڵپڕیەکی کۆنترە لەو حکوومەتە کە ئەمڕۆ دەرکەوتووە؟
بابەتی ژینا (مەهسا) ئەمینی لەگەڵ شلێر ڕەسووڵی لەوە دایە کە، ڕووداوە دڵتەزێنەکەی خاتوو شلێر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ومەریوان بوو، کە ڕواڵەتەکی خۆ هەڵداشتنی بووە کە خۆ لە لاقەکردنێک ڕزگار بکا و لەبەرانبەر سوننەگراییەکی نابەجێ بە ناوی پاراستنی «نامووس» یش، بەداخەوە جۆرێک وەک خۆکوژییەک دەچێ!؟
بەڵام کەیسی ژینا (مەهسا)ی جیاوازە. ئەو بە سەفەر چووبوە تاران. کوردێکە و چووبوو بۆ گەڕان و سەیران. لاوێک کە لەگەڵ براکەی بە عیشق و ئەڤینێکی مەزن کە لە زانستگە قبووڵ بووە بە پێی هەواڵەکان، لەکاتی پشووی هاوینی لە تاران کە وێنە و شوێنێکی بە ناوی مەیدانی ئازادی لێیە، دەتوانێ لانی کەم چەند ڕۆژ بە ئازادی تێپەر بکا. بەڵام بە تاوانی درووینی ڕەعایەتی نەکردنی ڕووپۆشی زۆرە ملێ، لە لایەن «گەشتی ئیڕشاد» دەگیرێ و بە لێدان و توندوتیژی نواندن شەهید دەکرێ. لە لایەن خەڵکانی شەقام و دروشمەکانیان، «گەشتی ئیرشاد بە گەشتی کوشتار» ناودێر دەکرێ.
ژینا (مەهسا) لاوێکی جوانی بەرگ پۆش جوان، بە تاوانی کورد بوون، شەهید دەکرێ. ژینای کوردان بۆ بە مەهسای ئێران و دڵی میلیۆنها مرۆڤی هەژاند و وشیاریی و بێداری سەرانسەریی بە دڵۆپ دڵۆپ خوێنی خۆی بەرهەم هێنا. ئومێدەوارم ئەو غەدرە مەزنەی لە ژینا (مەهسا) کرا و ئەو پشتیوانە مەزنترەی گەلانی ئێران لەنێوخۆ و دەرەوە لێیان کرد؛ ببنە هەوێنی تێکەوە پێچانی تۆماری ئەو رێژیمە نگریسە کە وەک محەممەد بووعەزیزی تونێسی، ناوی لە مێژووی ئازادیخوازیی و ڕزگاریی گەلان دا، تۆمار کرێ.
٤ـ مەسەلەی حیجاب لە کوردستان مەسەلەیەکە کە لەدوای داواکانی دیکەی خەڵکی کوردە و تەنانەت قەت کورد وڵامی داواکانی ڕێژیمی لەسەر حیجابی زۆرەملی نەداوەتەوە بەڵام ئێستا کە خەڵکی کورد کێشەیان کوشتنی کچێکە فارسەکان بەشێوازێک خەریکن دەیخەنە سەر مەسەلەی حیجاب و دەیانهەوێ بەو لایەی دا بەرن، ئێوە پێتان وانییە ئەوە بەشێوەیەک بەلاڕێدابردنی مەسەلەکە واتە ئەو زوڵمە گەورەی کە بە شێوەی سیستماتیک و سیاسی لە ژنانی کورد دەکرێ بێ؟
مەوزووعی ژینا (مەهسا)، مەسەلەی ڕووپۆشی زۆرەمڵێ نییە. ژن و کورد بوون، جوان و جوان پۆشی بەشێکن لە مەزووعە کە کوردبوون و ژن بوونەکەی بەرجەستەترن. لەو پێناوە دا پتانسێلی بەهێزی کوردان و حیزب و لایەن و کەسایەتییەکانی کە پتر لە ٤٠ ساڵە لە ڕیزی سەرووی تێگەیشتوانی بێ نێوەرۆکی رێژیمی ئیسلامی سیاسی لە ئێران بوون، و ئێستا بوونە پردێک بۆ ناڕازایەتیی سەرانسەری گەلان لە ئێران دا، بە پیلان و بەرتەسک کردنەوەی مەسەلەکە، ئەو یەکیەتییە مەزنە خەریکن تێک بدەن.
بەڵام ڕەوتی رووداوەکان و هاوخەباتی هەموو لایەک کە «دەردی هاوبەش» مان هەیە، بۆ دەرمانەکەشی دەبێ خەبات و تێکۆشانی هاوبەشمان هەبێ، بە چەواشە کاریی وشیاریی و بێدارییەکەی، کە بێشک هەوڵی رێژیم و هاوبەشەکانییەتی، خەریکن کەمڕەنگی دەکەنەوە. پێویستە هەموو لایەک بە وشیاری لەو پیلانە تێبگەن و هەرهەوڵێکی چووکەکردنەوە و بەلاڕێ دابردنی، شەپوولی بەرێنی ناڕەزایەتییەکان پووچەڵ کەنەوە.
کاتێک لە شەقام و کۆڵانەکان، لەسەر دیوار و بانی ماڵەکان، «مەرگ بۆ دیکتاتۆڕ» و «مەرگ بۆ خامنەیی»، دڵی داگیرکارانی دەسەڵاتدار وەخورپە دەخا، تاوانباریی سەرکیی دەردەخا. بۆیە بە باسکردن لەو قسانەی لە پرسیارەکەی بەڕێز دا هاتوون، لە فیدا بوونی ژینا (مەهسا) کەم ناکاتەوە و پتر جنایەتکارانی پێ ریسوا دەبێ.
٥ـ ئێوە ئاکامی ئەو جووڵانەوانە تا کوێ دەبنن؟ پێتانوایە ئومێدێک هەبێ؟
ئەو شەپۆلە بەرینە ناڕەزایەتییە تازە دەستی پێکردەوە و بەخۆشییەوە درێژی هەیە. پێش بیینی بە تەواوی ئاسان نییە. بەلام رێژیم پێش شەهید کردنی ژینا (مەهسا) و دواتری لە لایەن گەلانی ئێران، وەک باسکرا، زۆر جیاوازە. رێژیم پێیوابوو ئەو جینایەتەش وەک جینایەتەکانی فەرنازی خوسرەوەی و شلێر ڕەسووڵی و دەیان کەسی دیکە، بە تێچوویەکی زۆر کەم، بە سەرکوتی بێبەزییان دەتوانێ هەوڵی سەوداسەرانی ئازادی و مافی یەکسانی و مرۆیی هەر لە کوردستان، کپ بکا. بەڵام لە نێو بەشێک لە مێدیا، بەتایبەتی ڕۆژنامەکانی لایەنگریی رێژیمیش دا، باسی بەغەدر کوژرانی ژینا (مەهسا) لە ڕۆژەڤ دایە و مانشێتی زۆری لێخوڵقا. وەزعەکە جۆرێکە ئێستا هەموو ئێران کوردستانە و کوردستان هێلی ئازادیخوازانە.
لە کار و هەوڵ و زەحمەتیش دا، کۆڵبەری کوردستان هیمای زەحمت و سەختکۆشی نەسرەوتووی ژیانن. لە نێو خەباتی ئازادیخوازانە و ماف ویستانەش دا، پێشمەرگە هێمای فیداکاریی و باسکی بەهێزی گەلە. ئەو پتانسێلە بەهێزانەش دەتوانن هێمای دیکەی وزە خوڵقێنی خەبات و تێکۆشان بۆ سەرکەوتن بن.
ئەو بابەتە لە ژومارە ٥٨ی گۆڤاری “ژنان”دا بڵاو بۆتەوە