ئاسۆ مینبەری
لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاویدا و دوابەدوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران، دەسکەوتەکانی ئەم شۆڕشە لەلایەن دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهەوە بە تاڵان بران و کۆماری ئیسلامی، وەک دەسەڵاتێکی ئیدئۆلۆژیک هاتە سەر کار. کۆماری ئیسلامی بە تێگەیشتن لەم ڕاستییە کە دەسەڵاتەکەی دڵخوازی خەڵک نیە و پێویستە بۆ بەردەوامبوونی خۆی هەوڵی سەپاندنی ئیدئۆلۆژییەکەی خۆی بدات، هەوڵی دا لە ڕێگەی پیرۆزکردنی هەندێ بابەت و یەک لەوان پیرۆزکردنی کەسایەتیی خودی خومەینی وەک ڕێبەری ئەوکاتی ڕێژیم، بچێتە نێواخنی کۆمەڵگەوە و لەم ڕێگەیەوە قەبووڵکردنی ئەم دەسەڵاتە نوێیە وەکوو ئەرکێکی ئایینی و نەتەوەیی بخاتە سەر شانی خەڵکانی ئێرانەوە. لەم ڕاستایەدا زۆر شت بۆ خەڵک پیرۆز کران، لە ڕۆژژمێری کۆماری ئیسلامیدا ڕۆژی تایبەتیان بۆ تەرخان کرا و کران بە پشووی فەرمی و هەتا ئەمڕۆ بە سەدان میلیارد پارەشیان بۆ خەرج کراوە تاکوو کۆماری ئیسلامی لەسەر پێ بهێڵنەوە.
تێگەیشتن لەم جۆرە بۆنە و ڕووداوانە کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پیرۆز کراون بابەتێکی گرینگە، چونکە ئەم بۆنانە پێوەندیی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ ئیدئۆلۆژیی کۆماری ئیسلامیی هەیە و ناودێرکردنی هەرکامەیان لە پلەی یەکەمدا، بۆ پەرەدان بە ئیدئۆلۆژیی دەسەڵاتی زاڵ و دواتریش زۆرکردنەوەی حەشیمەتی بەردەنگی خۆیەتی کە هاوکات دەبێتە هۆی شاردنەوەی داخوازیییە ڕەواکانی کۆمەڵگە.
خاڵی گرینگ ئەوەیە کە لە ٤٦ ساڵ دەسەڵاتدارێتی ڕێژیمدا و بەتایبەت لە ساڵانی ڕابردوودا کە بەکارهێنانی سۆسیاڵ میدیا پەرەی سەندووە، ئەم پرسە زیاتر زەق بووەتەوە و پێویستە زیاتریش لەسەری ڕاوەستە بکرێت. بۆ نموونە هەموو ساڵێک ڕۆژانێک وەک ڕۆژی مامۆستا، باوک، دایک و کچ لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە زەق دەکرێنەوە و بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانیش سواری شەپۆلەکانی سۆشیاڵ میدیا دەبن و پیرۆزبایی ئەم ڕۆژانە دەکەن. لەلایەکی تریشەوە کۆمەڵە کەسێکی دیکە بە ڕەخنەگرتن و ڕوونکردنەوە باس لەوە دەکەن کە ئەم ڕۆژانە پێوەندییان بە ئێمەوە نیە و تەنیا لە خزمەتی ئیدئۆلۆژیی کۆماری ئیسلامیدان.
لە ڕۆژانی رابردوودا جارێکی دیکە ڕۆژی کچ لە ئێران بوو بە بابەتی سۆشیاڵ میدیا و خەڵک بە دانانی وێنەی کچەکانیان پیرۆزبایی ئەم ڕۆژەیان لێ کردن، لە ڕاستیدا نووسینی ئەم وتارە لە ڕاستای ورووژاندنی ئەم بابەتەدایە کە ئەمە تا چەند هەڵەیە و بۆچی نابێ ئەم ڕۆژانە لای ئێمە وەکوو نەتەوەی کورد بەتایبەتی بەرز بنرخێندرێت؟ بۆ ئەم مەبەستە بەراوردکارییەک لە نێوان ڕۆژی جیهانیی کچ و ڕۆژی کچ لە ئێراندا دەکەین؛
لە ڕۆژژمێری جیهانیدا، ڕۆژی ١١ی ئۆکتۆبر وەکوو ڕۆژی جیهانیی کچان دیاری کراوە، ئەم ڕۆژە لە ساڵی ٢٠١٢دا و لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە ناودێر کراوە و هۆکاری ناودێرکردنەکەشی، بۆ پشتیوانی لە دەرفەتی زیاتر بۆ گەشەی کچان و بردنەسەرەوەی ئاگایی کچان لە پێوەندی لەگەڵ نایەکسانی ڕەگەزییە کە کچان لە ئاستی جیهانیدا لەگەڵی بەرەوڕوون.
کەوایە ناودێرکردنی ئەم ڕۆژە وەکوو ڕۆژێکی جیهانی، نەک بۆ خزمەت بە ئیدئۆلۆژییەکی تایبەت بەڵکوو بە مەبەستی دروستکردنی فەرهەنگێکی گشتی بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ هەڵاواردن دژی کچان لە هەموو بوارەکانی ژیان و هەروەها ڕەخساندنی دەرفەت بۆ گەشەی ئەم بەشە لە کۆمەڵگەیە.
لە ڕۆژمێری کۆماری ئیسلامیدا، ڕۆژی کچ بەبۆنەی ڕۆژی لەدایکبوونی حەزرەتی مەعسوومە ناودێر کراوە. هۆکاری ناودێرکرانەکەشی ئەوەیە کە حەزرەتی مەعسوومە قەتی شوو نەکردوە و ڕێژیم بەم ناودێرکردنە هەوڵ دەدات ئەو وەکوو هێمایەکی دیار بۆ کچان دیاری بکات. دیاریکردنی ئەم ڕۆژەش لای کۆماری ئیسلامی، دوو ئامانجی لە پشتە: لەو ڕووەوە کە کۆماری ئیسلامی بەردەوام هەوڵ بۆ هەناردەکردنی شۆڕشەکەی بۆ وڵاتانی جیهان دەدات، بە دیاریکردنی ئەم ڕۆژە و تەبلیغاتی بەرینی تلویزیۆنی خەریکی جێگیرکردنیەتی تاکوو بتوانێ جێگای بۆنە جیهانییەکان بگرێتەوە. لەلایەکی تریشەوە بە پیرۆزکردنی کەسایەتییە ئایینییەکان هەوڵ دەدات، بەتایبەت لە کوردستان ڕۆڵ و پێگەی کەسایەتییە نەتەوەییەکان بشارێتەوە و دەرفەتی بیرکردنەوە بەتایبەت لە توێژی ژنان و کچان بستێنێتەوە.
سەرنجدانێکی ئەم دوو بۆنەیە و ناودێرکردنی ئەم دوو ڕۆژە، کۆمەڵێک ڕاستیمان بۆ دەردەخات. یەکەم ئەوەی کە پێوەرەکانی ڕێزگرتن لە کچان لای وڵاتانی دیکە و لای کۆماری ئیسلامی چەندە جیاوازییان هەیە، لە وڵاتانی دیکەدا کچان ڕۆژێکیان بۆ دیاری کراوە تاکوو زیاتر گرینگی بە پێگە و کەسایەتی، گەشە و داهاتووی ژیانیان بدرێت و هەوڵەکان بخرێنە گەڕ تاکوو ژیانێکی ئاسوودە بژین. بەڵام لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، ناودێرکردنی ئەم ڕۆژە نەک بە قازانجی کچان بەڵکوو، بۆ سەپاندنی ئیدئۆلۆژیی ڕێژیمە تاکوو بە هێماسازیی زیاتر هەوڵ بۆ چەوساندنەوەی ژنان بدات. سەیر ئەوەیە کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا پرسی باکرەبوونی حەزرەتی مەعسوومە بەرز دەنرخێنێ، کە بەپێی یاساکانی خۆی کچی باکرە پێش لە سێدارەدان دەبێ کچێنییەکەی لێ بستێندرێ و لەوسۆنگەیەوە چەندەها بەندیی سیاسیی ژن بەر لە ئیعدامکرانیان لە زیندانەکانی ڕێژیمدا دەستدرێژییان کرایە سەر. ڕێژیم هەروەها لە شۆڕشی ژینادا بە سەدان کچی دەسبەسەر کرد و ئازار و ئەشکەنجەی دان، سزای سێدارەی بەسەردا سەپاندن، شەهیدی کردن و پەڕیوەی هەندەرانی کردن، تاکوو ئیدئۆلۆژییەکەی خۆی بسەپێنێ.
بەم پێیە ڕێزگرتن لەم ڕۆژە و پیرۆزبایی لەو کچانەی کە خۆیان قوربانیی دەستی ئەو ئیدئۆلۆژییەن قەت ناتوانێ لەگەڵ ڕاستییەکان یەک بگرێت و تەنیا بۆنەیەکە بۆ بەلاڕێدابردنی هەموو ئەو هەڵاواردن و ستەمانەی ڕۆژانە لەلایەن خودی ئەو دەسەڵاتەوە بەرەوڕووی کچان دەبێتەوە و دەرفەتی گەشە و سەرکەوتن و ژیانیان لێ دەستێنێ.
ئەو بابەتە لە ماڵپەڕی کوردستان میدیا وەرگیراوە