گروپی کاری یەکسانیی ڕەگەزی (GWG) سەر بە «هاوپەیمانی پێشکەوتنخواز» (Progressive Alliance)، لە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوانی ئۆنلایندا بە بەشداریی نوێنەرانی پارت و ڕێکخراوەکانی زیاتر لە ٣٤ وڵاتی جیهان، ئاڵنگارییەکانی بەردەم مافەکانی ژنان و ئامادەکارییەکانی بۆ کۆنفرانسی ساڵانەی خۆی لە تایلەند تاوتوێ کرد.
لەو کۆبوونەوەیەدا کە ڕۆژی ٣ی جولای بەڕێوەچوو، «ڕۆژە عەزیزی»، وەک نوێنەری یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە هاوپەیمانی پێشکەوتنخوازدا بەشداریی کرد. کۆبوونەوەکە تەرخانکرابوو بۆ هەڵسەنگاندنی ئەنجامەکانی کۆمیسیۆنی ٧٠ی بارودۆخی ژنان (CSW70) لە نیۆیۆرک و کۆبوونەوەی سەرکردە ژنەکان لە بارسێلۆنا، لەگەڵ ئاڵوگۆڕی ئەزموون و خەباتی مەدەنیی سەرانسەری جیهان.
بەشداربووان لە کۆبوونەوەکەدا گەیشتنە ئەو دەرەنجامەی کە ئەو پاشەکشە و هێرشەی کراوەتە سەر مافەکانی ژنان، تەنها کاردانەوەیەکی سادەی کولتووری نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی ڕێکخراو، هاوئاهەنگکراو و خاوەن داراییەکی بەهێزە؛ پرۆسەیەک کە بە ئامانجی لاوازکردنی ڕەوایەتیی مافەکانی ژنان، کەمکردنەوەی بودجەی پڕۆژە فێمینیستییەکان و بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە و چەواشەکاری بەڕێوە دەچێت.
بەشداربووانی کۆبوونەوەکە جەختیان لەوە کردەوە کە پاشەکشەی مافەکانی ژنان بە توندی بە قەیرانی دێموکراسییەوە بەستراوەتەوە. ئاماژە بەوەش کرا کە بزووتنەوە فێمینیستییەکان لە ئێستادا لە سەرانسەری جیهان بوونەتە قەڵغانی بەرگری لە دامەزراوە دێموکراتییەکان و بوارە مەدەنییەکان، تەنانەت لە ژینگەی سیاسیی دژوار و ئاڵۆزیشدا.
لەم چوارچێوەیەدا، هاوپەیمانی پێشکەوتنخواز ڕایگەیاند کە نیوەی دووەمی ساڵی ٢٠٢٦ تەرخان دەکات بۆ داڕشتنی وەڵامێکی هاوبەشی جیهانی لە ڕێگەی بەهێزکردنی هاوئاهەنگیی هەرێمایەتی، ئاڵوگۆڕی سیاسەتە سەرکەوتووەکان و بەردەوامبوونی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان.
ئەم هەنگاوانە وەک ئامادەکارییەک دەبن بۆ کۆنفرانسی ساڵانەی «هاوپەیمانی پێشکەوتنخواز» کە بڕیارە لە مانگی نوامبری ئەمساڵ لە شاری بانکۆکی پایتەختی تایلەند، بە دروشمی «بەهێزکردنی دەسەڵات و بەرگری لە پێشکەوتن بەیەکەوە»، بەڕێوە بچێت.





