بازدان بۆ ناوەڕۆکی سەرەکی

ڕاپۆرتی سیمیناری ڕۆژی بەگژ داچوونەوە دژ بە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان لە ستۆکهۆڵم

٨١
ڕاپۆرتی سیمیناری ڕۆژی بەگژ داچوونەوە دژ بە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان لە ستۆکهۆڵم
سوئێد‹ڕاپۆرتی سیمیناری ڕۆژی بەگژ داچوونەوە دژ بە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان لە ستۆکهۆڵم


ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢١ی نوامبری ٢٠٢٦ زائینی کۆمیتەی بەڕێوەبەری یەکیەتیی ژنانی دێموکرات لە سوئێد بەبۆنەوە ٢٥ی نوامبر ڕۆژی بەگژ داچوونەوە دژ بە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان کۆڕێکی پڕ لە زانیاری بە بەشداری خاتوو “سۆزان ئەمینی ئەرمەندی” بەرپرسی بەشی کۆمەڵایەتی ”Socialtjänsten” پێکهێنا.

بەرنامەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ڕاگەیاندنی خولەکێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی گشت شەهیدانی کوردستان و هەموو ئەو کەسانەی بوونە قوربانی دەستی توندوتیژی لە لایەن بەڕێوەبەری سیمینار خاتوو “ڕیناس خزری” دەستی پێکرد.

لە بەشی دووهەم دا خاتوو ڕێناس هۆنراوەیەکی جەماڵ غەمبار و بە کورتی ژیاننامەی وتاربێژ خاتوو “سۆزان ئەمینی ئەرمەندی پێشکەش کرد و داوای لە بەڕێزیان کرد تا بێت و بابەتی خۆی پێشکەش بکا.

باسی خاتوو سۆزان سەبارەت بە توندوتیژی لە نێو خێزان و بنەماڵە ”Våld i nära relationer” و شێوەکانی توندوتیژی بوو.

بەڕێزیان ئاماژەی بە ئاماری قوربانیانی توندو تیژی لە نێوان ساڵەکانی ٢٠٢٢ و ٢٠٢٥ کرد و گوتی توندوتیژی تایبەت نییە بە ژنان، ئێستا ئامارەکانی نێوان توندوتیژی دژ بە ژنان و دژ بە پیاوان لێک نێزیکن بەڵام هەمیشە ئاماری توندو تیژی بە ژنان لە سەرترە.

لە بەشێکی دیکە دا خاتوو ئەمینی باسی لە زیانەکانی ئاساییی بوونی توندو تیژی و وێکهەڵکردن ”Normalisering” لە نێو بنەماڵە و لە نێوان ژن و پیاو دا کرد و زیان و لێکەوتەکانی شی کردوە.

خاتوو سۆزان لە باسەکەی دا ئاماژەی بە کاریگەری لێدان و هەڕەشە لەسەر منداڵان کرد و زانیاری لەسەر قانوون و یاساکانی سوئید بە بەشداربووان دا و هاوکات سێ کورتە فیلمی وەک دێکۆمێنت نیشان دان و هەروەها ئیشارە بە پڕۆپاگاندای نادرووست کە دژی ناوەندە خزمەتگوزاریەکانی سوئێد لە مێدیا بڵاو بوونەوە کرد و گووتی: ئەو فیلم و بڵاوکراوانە بەدوورن لە ڕاستی و هیچ کات ناوەندی خزمەتگوزاری بە زۆر منداڵان لە بنەماڵەکانیان دوور ناخەنەوە بەڵکوو دوای بەدواداچوونی ورد و لە کاتێک دا بەڵگەکان دەردەخەن کە منداڵەکە لەلاین بنەماڵە یا بکەری تاوان ئازار دراوە، بۆ پێشگیری و پێکهێنانی ژیانێکی بە دوور لە ئازار و ئەزیەت منداڵ/ منداڵەکان دوور دەخرێنەوە.

دواتر نۆبە گەیشتە بەشی پرسیاری بەشداران کە خاتوو سۆزان بە وردی وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە و لە کوتایی باسەکەی گووتی: لە هەر شوێنێک دەستدرێژی و توندوتیژی لە لایەن هەرکەس و لایەنێک بکرێ دەبێ بە پولیس ڕابگەیندرێ!

لە دوابەشی بەرنامە دا بەرپرسی کۆمیتە خاتوو “شلێر حەسەنپوور” بەکورتی ئاماژەی بە شەهیدانی قەڵا و بەتایبەت دوو سکرتێری یەکیەتیی ژنان شەهید “نەسرین حەداد” و شەهید “سوهەیلا قادری” کرد و گووتی: دوو ژنی ئازا و چالاک کە بۆ مافی نەتەوەیی و مافەکانی ژنان ئەوەی لە توانایان دابوو کردیان!

ئەو گووتی: ئەو دوو کەسە کە وێنەکانیان وەک سمبولی تێکۆشان لێرە داندراوە قوربانی توندوتیژی نێودەوڵەتین کە لە هێرشێکی زۆر ناڕەوای ڕێژیمی ئیسلامی ئێران بۆ سەر قەڵای دێموکرات لە باشووری کوردستان لە نێزیک شاری کۆیە شەهید بوون!

خاتوو شلێر باسی لە بزووتنەوەی ژینا و شەهیدانی ئەو بزووتنەوە کرد و گووتی: ژینا و هەموو شەهیدانی بزووتنەوە ژینا و شەهیدانی گشت بزووتنەوەکانی دیکەی کوردستان قوربانی دەستی توندوتیژی دەوڵەتین!

هەڕورها باسی لە زیندانیانی سیاسی کرد و گووتی: ئەو کەسانە هەوڵیان داوە بۆ دەستەبەرکردنی مافی ئازادی و ژیانێک، کە شیاوی مرۆڤی ئەو سەردەمەیە، بەڵام لە لایەن ڕێژیمی ئێران دەستبەسەر کراون و ئازار و ئەشکەنجە دەدرێن، کە ئەوە توندوتیژی دەوڵەتی و حکومەتیە و نابێ لە ئاست ئەو توندئاژۆییانەی ڕێژێمی ئیسلامی ئێران کە بەرامبەر بە هاوڵاتیان لە ئێران و بەتایبەتی لە کوڕدستان دەکرێ چاوپۆشی بکەین و بیدەنگ بین.

خاتوو شلێر لە بەشێکی دیکە لە قسەکانی دا گووتی: بێگومان لە وڵاتێک کە بەڕێوەبەری (حکومەت) خۆی پەرەپێدەری توند و تیژی بێ، ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر کۆمەڵگە دەبێ، و باسی لە بەسەرهاتی خاتوو “نیلووفەر موجاور” کە بەشێوەیەیکی زۆر ناخ هەژێن بە ئازار و ئەشکەنجە گیانی لەدەست دابوو، کرد و سوپاسی بوێری خاتوو “سوهەیلا مەهدیزادە”ی کرد کە لە ئاست ئەو کردوە بێدەنگ نەبووە و هەوڵی دا تا ئەو دەستدرێژیە نامرۆڤانەیەی کە بەرامبەر بە نیلووفەر کرابوو بە میدیایی بکرێ، وەک ڕێز لەو خاتوونە بۆ بوێری و لەقاودانی ئەو جنایەتە خاتوو شلێر چەپکە گوڵێکی ڕەمزی پێشکەش بە خاتوو سوهەیلا کرد و دووبارەی کردوە و گوتی:

“لە بەرامبەر زۆڵم و توندو تیژی دا هەرگیز بێدەنگ مەبن!”

سوپاس و پێزانینی بێ کۆتایی کۆمیتەی یەکیەتیی ژنانی دێموکرات لە خاتوو “سۆزان ئەمینی ئەرمەندی” بۆ پێشکەش کردنی وتار و بابتی تایبەت بە توند و تیژی.

سوپاسی بەشی ڕاگەیاندن، و هەموو ئەو کەسانەی کە بەشداری ئەو کوڕە بوون.

وێنە و میدیای بابەت

وێنەکان خۆکار دەگۆڕدرێن؛ بە تیرەکانیش دەتوانیت بە دەستی بگۆڕیت.

18
٠١ / ١٨